‌دكتۆر زانا: کۆرۆنا درۆ نییه‌.. کۆرۆنا فشە نییە

وێستگە ستایل-


ڤایرەسی کۆڕۆنا ھەیە و ھەبووە و ھۆکاری سێ دەردە پەتای کوشندە بووە لە سەدەی بیست و یەک، دەردەپەتای یەکەم کە بە نەخۆشیی (ساڕس) ناونرا و ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ بڵاوبوویەوە، دەردەپەتای (مێرس) لە ٢٠١٢ و ئەوەی ئێستاشیان دەردەپەتای (کۆڤید_١٩)، ھۆکاری ھەرسێ دەردەپەتا، ڤایرەسی کۆڕۆنایە، دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ڕونكردنه‌وه‌ و ئاگاداری ده‌دات.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"ئەم ڤایرەسە ھی ئەمڕۆ نییە و نوێ نییە، ڤایرەسەکە سەدان ساڵە ھەیە و لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ یەکەم سەلمێندرا کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کەواتە کۆڕۆنا درۆ نییە، فشە نییە، پەیوەندی بە سیاسەت و حکومەت و دەوڵەمەندیی و ھەژاریی، بێدینیی و دینداریی، ڕەش و سپی نییه‌.

ڤایرەسەکە زۆر و زوو دەگوازرێتەوە، بەشێکی نەخۆشەکان بە قورسیی دەیگرن و دەشێ ببێتە ھۆی مردن و لێکەوتەی تری نەخوازراو، ئەوە من نیم وا دەڵێم، ئەوە داتا و زانیاریی نزیکەی حەوت ملیۆن تووشبوو و نزیکەی چوارسەد ھەزار مردووە، ئەوە داتاکانی ووڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا و ئەمریکان، بۆیە کۆڕۆنا فشە نییە، درۆ نییە.

کەس و کار و ھاونیشتمانیانم.. ئێمەش وەک پزیشکانی گەنج لە ئێوە زیاتر نەبێت، کەمتر نییە موعاناتمان، بە سەدان پزیشکی گەنج ئێستا سەرباری نەبوونی مووچە، بێ ئیمتیاز، بە گوزەرانێکی خراپەوە بۆ پاراستنی ژیان و گیانی ئێوە، لە سەنتەرەکانی کۆڕۆنا گیانی خۆیان خستۆتە مەترسیی، تەنھا داواکاریی ئەوان لە ئێوە ئەوەیە: تکایە پابەند بن، ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن، کۆڕۆنا مەکەنە گەمە و گاڵتە.


PM:05:32:03/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 2096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل