‌چۆن بە دەروندروستی ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە؟

وێستگە ستایل-

ئەم ڤایرۆسە نوێیە کە هەوکردن (ئیلتیهاب)ێکی تایبەت دروستدەکات و وەکو مەترسییەک دەبینرێت بۆسەر مرۆڤایەتی، کاریگەریی نەرێنی زۆر دەخاتە سەر دەروونی تاک، ئەو کاریگەرییەش بەهۆی دڵەراوکێ (قەلەقی)ی توشبوون بە نەخۆشییەکەوە دەبێت، لە کاتێکدا کە هیچ حاڵەتێکی دیاریکراو لە کوردستان تۆمارنەکراوه‌، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر  جەعفەر پزیشکی پسپۆڕی دەروونیی ڕێنمووی هه‌مولایه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ده‌رونێكی دروسته‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ترس له‌م ڤایرۆسه‌ ببنه‌وه‌.

کاریگەرییەکانی فرە لایەنن:

1- دڵەراوکێ و فشاری دەروونی هۆکارێکی سەرەکی دابەزینی بەرگری لەشی مرۆڤ و کەمبونەوەی بەرگەگرتنمان بۆ نەخۆشییەکان و بەتایبەت هەوکردنە. لەبەرئەوە کەسانێک کە ترس و قەلەقییان زۆرە ئەگەر هەیە زیاتر توشی نەخۆشییەکە ببن.

2- هەروەها ئەم قەلەقیی و ترسە هۆکارێکیشە بۆ شڵەژانی هۆرمۆنەکانی لاشە، بەشێوەیەک زۆربەی هۆرمۆنەکان رێژەی دەردانیان دەگۆرێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر تەندروستی لاشەی مرۆڤ وەکو خاوبونەوەی هەرسکردنی خۆراک و بەرزبونەوەی فشاری خوێن. ئەمیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر رادەی توشبونمان بە نەخۆشییەکان.

3- هەروەها ئەگەر قەلەقی درێژە بکێشێت لەوانەیە توشی شڵەژانە دەرونییەکان ببین،بەتایبەت خەمۆکی و نەخۆشی قەلەقی و فۆبیا و تۆقین. لە کۆتاییشدا ئەم نەخۆشییانە پێویستیان بە چارەسەر دەبێت.

4- ئەم کاریگەرییانە لەوانەیە درێژخایەن بن و کاردەکاتە سەر داهاتوی دەروندروستی تاک و توشبوون بە نەخۆشییە دەرونجەستەییەکانی وەکو بوونی ئازار بەبێ هۆکار و بوورانەوەی دەروونی.

لەبەر ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە پێویستە لەڕووی دەروونییەوە بەهێزبین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی قەلەقیی توشبوون بەم نەخۆشییە. لە ڕووی خۆپارێزییەوە بەهێزی بەرگری دەرونی هیندەی رێگاکانی خۆپارێزی کاریگەری هەیە لەسەر دووربوونمان لە نەخۆشییەکان.

ئەمەش چەند رێنماییەک هەتا بە دەروندروستی بمێنینەوە:

1-گەورەنەکردنی قەبارەی ڕووداوەکە و بینینی وەکو ئەوەی هەیە، واتە کارەساتەکە وەکو خۆی ببینین و گەورەتر لە قەبارەی خۆی نەیبینین. بەتایبەت ئێستا کە تەنها باسی لایەنە نەرێنییەکان دەکرێت و ترس بڵاودەکرێتەوە. لەکاتێکدا چەندین هەواڵی دڵخۆشکەر لەوبارەوە هەن.

2- بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکان و باسەکان لەوبارەوە بکەین، لە سەرچاوەی دروستەوە زانیاری وەربگرین. بەتایبەت کە ڕۆژانە هەواڵی ناڕاست و نازانستی زۆر بڵاودەکرێتەوە.

3- بە ئومێدبوون و بیرکردنەوەی ئەرێنی، واتە بینینی ڕووە ڕۆشنەکانی ئەم ڕووداوە، بۆنموونە ئێستا ئەم نەخۆشییە هێندە تەشەنەی نەکردووە و زیاتر لە وڵاتی چین دایە، چەندین نەخۆش لە نەخۆشییەکە چاکبونەتەوە و گەراونەتەوە ماڵەوە، هۆکارەکانی خۆپارێزی دەزانین، روبەروبونەوەکان بۆ ئەم ڤایرۆسە جیهانییە و هەموان لە هەوڵدان.

4- گرتنەبەری ڕێگەی دروستی خۆپارێزی، بەوشێوەی کە دروست و زانستییە و زیادەڕەوی نەکردن لەو بارەوە.

5- لە جیاتی خۆسەرقاڵکردن بە هەواڵەکان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەوڵبدە خۆت بە شتی سودبەخشی وەکو وەزشکردن، پیاسەکردن، گفتوگۆی سودبەخش، خوێندنەوە، بەسەربەرە. کاتێکی کەم بدە بە هەواڵەکان لەسەر کۆرۆنا.

6- هەرکات هەستتکرد ترسەکەت زۆرە، دوودڵمەبە و بۆ کەسێکی نزیکت باسی بکە و خۆت لە هەستی ترس و بێزاری رزگاربکە.


AM:08:46:27/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل