‌كۆرۆنا له‌ كوردستان تۆمار كراوه‌؟

وێستگە ستایل-

هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا(نەخۆشی کۆڤید-١٩) لە هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتەش هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لەڕاستییەوە، ئەگەر هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار بکرێت نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی هیچ وڵاتێکیتر ناتوانێ بیشارێتەوە. چونکە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بەئامێرێک دەکرێت کە پێی دەگرترێ (PCR) و کیتی تایبەت بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ی پێویستە، دكتۆر محمد سیدعلی بەرزنجی  بەکالۆریۆس لە نەشتەگەریی گشتی و هەناوی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

ئەو ئامێرە و کیتە تایبەتەکەش لەتێکڕای ووڵاتانی جیهان تەنیا لەلایەن رێکخراوی تەندرووستی جیهانی(WHO) و سەنتەری جیهانیی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکان(CDC) دابیندەکرێ و لەسەنتەری تایبەت کە ڕاستەوخۆ سەر بە رێکخراوی تەندرووستی جیهانییە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆیە حکومەتی ووڵاتانی جیاواز ناتوانن هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بشارنەوە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە هەرێمی کوردستان بەدوورە لەمەترسی، لەڕاستیدا هەموو جیهان و هەرێمی کوردستانیش لەمەترسی بەدوور نین بەتایبەت ئێستا کە لە وڵاتی ئێران حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمارکراوە. بۆیە پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی بن و تاکە سەرچاوەی زانیارییان تەنیا وەزارەتی تەندروستی بێت.

وە بەهیچ جۆرێک بڕوا بەدرۆ و چەواشەکاری نەکەن و هێمن و ئارام بن، چونکە سەرباری ئەوەی هیچ حاڵەتێک لەکوردستان بوونی نییە تا ئێستا، نەخۆشییەکەش خۆی هێندە نەخۆشییەکی کووشندە نییە و تەنیا بە ڕەچاوکردنی رێنماییەکان دەکرێت خۆی لێ بپارێزین، هەروەها خەڵکانێکی زۆریش لەوڵاتی چین کە تووشبووی نەخۆشییەکە بوون ئێستا بەتەواوی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.


PM:01:01:23/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 22472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌