‌باری گرانی هاوسەرگیریەکەت مەدە بەکۆڵی منداڵەکانتدا

وێستگە ستایل-


بەلاتانەوە سەیر نەبێj ئەگەر بڵێم پەروەردەکاری یەکەمی منداڵ دایک و باوک نییە، بەڵکو پەیوەندی نێوان دایک وباوکە وەک هاوسەر. 

منداڵی باش پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەکەت باش ناکات، بەڵام پەیوەندیی باشی تۆ و هاوسەرەکەت منداڵەکەتان زۆر باش دەکات. 

بۆیە لەتاو منداڵ پەیوەندییەکەتان فەرامۆش مەکەن، خۆشەویستی نێوان ئێوە گەورەترین سەرچاوەی هەستکردن بە ئارامی و ئەمانی ئەوانە، کەسایەتی ساغ و دەروون دروستیش بەرهەمی کەشی ئارام و پڕ ئەمانە.

 هەندێکجار هاوسەران دەکەونە هەڵەیەکی گەورەوە:

لەتاو دابڕانی سۆزداری و بێچارەیی خۆیان لە باشترکردنی پەیوەندیەکەیان پەنا دەبەنە بەر مناڵەکانیان تاکو وەک فریادرەس ئەو ئازارەیان لەبیر بەرێتەوە و لە بەرپرسیارێتی و ڕووبەڕوبوونەوەی کێشەکان ڕزگاریان بکات. ئەوجۆرە دایک و باوکانە نائاگایەنە مناڵەکانیان وەک ئامراز بەکاردەهێنن، شەڵڵا هەر ئەوەندە بوایە! چونکە هەندێجار پێویستە "کێشەیەك" بۆ منداڵەکەت بخوڵقێنیت تاکو بتوانی خۆتی پێوە بخافڵێنیت و بۆخۆتی بسەلمێنیت کە تۆ هێشتا بەعمەل یەیت.

مناڵەکەت مەکە بە قۆچی قوربانی:
تۆ خەریکی خراپکردنی شتێکیت نەک چاککردنی، ئەوەی پێویستی بە چاککردنە، شوێنێکی تر و شتێکی ترە، و ئەوەی وا دەکات دەرککردن بەم حاڵەتە قورس بێ ئەوەیە زۆرجار لەژێر پەردەی دایکی خەمخۆر باوکی دڵسۆزدا خۆی حەشار دەدات.

 چارە چییە؟
لێرەدا ٥ پێشنیار هه‌یه‌:

1- ئەو لایەنەمان قبوڵ بێ کە دەشێ باوکێک یان دایکێک منداڵەکەی بۆ مەرامی کەسی خۆی بەکاربێنێت، ئەمە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە تۆ دایکێک یان باوکێکی دڵسۆز و تاقانەیت بۆ مناڵەکانت.

2-بوێربە و مەترسە لە ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکان، خۆتمەخۆرەوە، دۆخەکە ڕامەکێشە، فێربە چۆن بە شێوازی ئەرێنی توڕەیی و دڵشکاویەکانت دەردەبڕی.

3-بەردەوام سەرمایەگوزاری بکە لە پەیوەندییەکەتدا، کات و وزە بەخەرج بدە، بخوێنەوە، بەشداری خول و سیمینار بکە.

4-پێداچوونەوە بکە بە خولگەی ئەو کەسانەی کە زۆرترین بەرکەوتنت هەیە لەگەڵیان، کات لەگەڵ ئەو کەسانە بەسەربەرە کە هەستی ڕەزامەندیان هەیە لە ژیانی هاوسەری و هەر خەریکی گلەیی نین.

5-ئەگەر کێشەیەکت لەگەڵ هاوسەرەکەت هەیە، هەتا دەتوانی لەگەڵ خۆی باسی بکە، ئەگەرنا داوای هاوکاری لە کەسی شارەزا بکە.

ئەحمەد خالیدی
ماستەر لە ڕاوێژکاری خێزانی


AM:11:54:13/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل