‌ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانی نه‌خۆشی شه‌كره‌یه‌

وێستگە ستایل-

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و یه‌كێتی نێو ده‌وڵه‌تی‌ بۆ نه‌خۆشی شه‌كره‌ ڕۆژی 14 ی نۆڤه‌مبه‌ریان بۆ یاد كردنه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ داناوه‌ و مه‌به‌ست لێی وشیار كردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ و له‌ ڕۆژی له‌دایكبوونی چارلز بیست ه‌ كه‌ داهێنه‌ری مادده‌ی‌ ئه‌نسۆلینه‌ له‌ ساڵی 1922 كه‌ وه‌ك ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ دیاریكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ژیاندا بمێننه‌وه‌.

له‌ هه‌موو جیهاندا له‌م ڕۆژه‌دا ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ سلێمانی ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی كۆنفرانسێكی تایبه‌ت ڕێكخراوه‌ و تا ئێستا 30765 نه‌خۆش له‌ سه‌روو ته‌مه‌نی 15 ساڵ توشی شه‌كره‌ بوون له‌ شاری سلێمانی كه‌ دانیشتووی شاره‌كه‌ن و ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ له‌م شاره‌دا ده‌ژین و نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ ژماره‌كه‌یان ده‌گاته‌ 1333و 720 منداڵ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵان چاودێری دۆخی ته‌ندروستیان ده‌كرێت و كۆی گشتی توشبوون به‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی 32824 كه‌سن.

نه‌خۆشی شه‌كره‌ دوو جۆره‌ یه‌كێكیان بۆماوه‌ییه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان مرۆڤ له‌ڕێی خواردنی بڕێكی زۆر له‌ شه‌كر و كێشی زیاد و دڵه‌ڕاوكێ توش ده‌بن و په‌نكریاس وه‌ك پێویست ناتوانێت ئه‌نسۆلین بڕژێنێته‌ خوێنه‌وه‌ به‌مه‌ش ئاستی شه‌كری ناو خوێن له‌ ئاستی سروشتی زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر نه‌خۆش ئاگاداری ته‌ندروستی خۆی نه‌بێت و چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرێت ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری مردنی زیاد ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر دوای خواردنی شیرینی و ژه‌مێك خۆراك ئاستی شه‌كری خوێن 140 میلیگرام /دیسیلیتر بێت ئه‌وه‌ مانای وایه‌ كه‌سه‌كه‌ نه‌خۆش نییه‌ و و ته‌ندروسته‌ و به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاستی شه‌كر له‌نێوان 140-199 میلیگرام/دیسیلیتر بێت ئه‌وه‌ مانای وایه‌ كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ سوتاندنی شه‌كری خوێن و ئه‌گه‌ر و مه‌ترسی توشبوون به‌ شه‌كره‌ زۆره‌.

ئه‌مانه‌ش چەند ڕێنماییەکی گرنگن بۆ ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی شەکرە بوون کە هاوکار ده‌بێت لە کۆنتڕۆڵ کردنی ڕێژەی شەکری خوێن و پاراستنی لەش لە کاریگەرییە خراپەکانی شەکرە لەسەر دەمار و دڵ و چاو ، له‌وانه‌ش.

1-  کەمکردنەوەی کێشی لەش بە گۆرینی خواردنی قورس و شیرین بۆ خۆراکی بەسود و تەندروست ، وە وەرزش کردن بە بەردەوامی بۆ کۆنترۆڵ کردنی گلوکوزی خوێن.

2- پشکنینی ڕێژەی گلوکوز بکە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژی دوو جار ، وە هەمووی تۆمار بکە ڕۆژانە تا بزانی ئایا ڕێژەکەی گونجاوە ، وە چ خواردنێک زیاتر بەرزی دەکاتەوە، وە ئایا بەو جوڵانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت تا چەنێک دادەبەزێت.

3- پشكنینی HbA1c شەکرەی 3 مانگی بکە تا بزانی لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوودا ڕێژەی گلوکۆز لە خوێندا چەندبووە ، زۆربەی ئەوانەی شەکرەی جۆری دوویان هەیە دەبێت هەوڵبەن HbA1c لە 7 زیاتر نەبێت.

4-  ئاگاداری خواردنی ئەو خۆراکانەبە کە ڕێژەیەکی زۆر کاربۆهیدرات و شەکریان تێدایە وەک نان ، برنج ، هەندێک میوە ، خورما وە کەمکردنەوەی گۆشتی سور و خواردنە چەورەکان، ئەو خۆراکانە بخۆ کە ڕێژەیەکی زۆر فایبەریان تێدایە وەکو سەوزە و هەندێک میوە.

5-  کۆنتڕۆڵی زەخت و چەوری و کۆلیسترۆڵ، چونکە شەکرە ئەگەری توشبوون بە کێشەکانی دڵ زیاد دەکات.

6- هەمیشە بجوڵێ و وەرزش بکە و کێشت بە تەندروستی بهێڵەرەوە ، هەروەها وەرزشکردن سترێس ناهێڵێت و یارمەتیدەرە لە کۆنتڕۆڵ کردنی بەرزی زەخت و چەوری.

وەرزش کردن وەکو ڕێکردن یان مەلەکردن یان پاسکیل لێخوڕین بۆ ماوەی 30 خوله‌ك یا زیاتر وە بۆ 5 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا لە شوێنێکی گشتی ، وە ئەگەر تازە دەستتکرد بە وەرزش بە شتێک دەستپێبکە کە ماندووت نەکات تا ڕایەیت.

7- بە باشی بنوو، بە ڕێکی و لەکاتی گونجاودا ، ئەو کەسانەی بە باشی دەنوون خواردنی ڕۆژانەیان ڕێکترە و ڕێژەی گلوکۆزیان باشتر ڕێک دەخرێت.

8- دڵه‌ڕاوكێ و سترێس ڕێژەی شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە، دەتوانیت لەو حاڵەتانەدا خۆت هێمن بکەیتەوە بە دانیشتن بۆ ماوەی چارەکێک ، وە بە ئەنجامدانی یۆگا.

9- سەردانی پزیشکی پسپۆر بکە و  پشكنینی گشتی بکە بەلایەنی کەمەوە ساڵی جارێک وەکو پشكنینی چاو، زەخت ، پێ، گورچیلە ، دەمار ، دڵ.


AM:11:14:14/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 3780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل