‌"دەڵێی فاتەی سورەبانە" له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌؟

وێستگە ستایل-


ئیدیۆمە کوردییەکان، یان زۆر لەپەندە کوردییەکان،لە ڕووداو و کردەوەی باش و خراپی کەسێک یان شوێنک یان ڕووداوێکەوە ژێدەریان گرتووە و هاتوون ودواتر بوون بە پەند و گوزارەیەکی ڕۆژانە و ناوچیرۆک و بەسەرهاتەکان.

واتا هیچ گوزارەیەک لەخۆڕا دروست نەبووە و نابێت و فاتەی سورەبان ئیدیۆمێکی باوی ڕۆژانەی ناو خەڵکی شاری 
سلێمانی و دەورووبەری سلێمانییە و دواتر پەلی کێشاوەتە ناوچەکانی تر .

هەندێك دەڵێن (فاتەی سورەوان) و هەندێکیش دەڵێن (فاتەی سورەبان)ٚ،ناوچەی هەڵەبجە و هەورامانی رۆژهەڵاتیش بەو شێوەیەی فاتەی سورەوان گۆیی دەکەن، کە فۆنۆتیکی دەربڕینیان وابووە،زۆرجار بە هەڵەبجە دەڵێن: هەڵەوجە.دەڵێن بوم وەساقە و ناڵێن ببم بەساقە و واتا پیتی (ب)ئەکەن بەپیتی(و)..لە گۆکردندا.

ئێمە کێشەمان لەسەر چۆنێتی دەربڕینی فۆنۆتیکی وشەکان نیە،ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەم ئیدیۆمە لەچیەوە هاتووە و چۆن بووە بە گوزارە، هەندێك دەڵێن ئەم گوزارە و ئیدیۆمە تایبەتە بە کوردستانی ڕۆژهەڵات.چونکە گوندێک هەیە بەناوی سورەوان،بەڵام لەڕاستیدا هیچ پەیوەندی بە ڕۆژهەڵاتەوە نیە،بەڵام ئەم بەسەرهات و چیرۆکە تایبەتە بە باشووری کوردستان بەتایبەت شاری سلێمانیی.

سورەبان:
گوندێکی دڵگیر و دڵفڕێن و سەرەنجڕاکێشی ناوچەی شارباژێرە لە بناری کێوی‌ سورکێوی‌ ناحیەی‌ سیوەیلە،۳٥کم لە چوارتاوە دوورە وسەربەپارێزگای سلێمانییە.

فاتەش،ژنێکی ئاسایی و دانشتووی گوند بووە خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە،دەڵێن ئافرەتێکی باش و پڕ سەخاوەت ودەست و دڵباش بووە و حوکمی ئەو ناوچەیەی کردوە.وەکو ئافرەتە شۆڕشگێڕ و ناودارەکانی مێژوو حەپسەخان و عادیلە خانم و فاتە قەرە و قەدەم خێر .

بەڵام ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لەڕاستیەوە،فاتەی سورەبان ئافرەتێکی گوندیی و ئاسایی بوو،هیچ سەواد و خوێندەوارییەکی نەبووە.بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئەو ڕا و بۆچوونە نادروستە و هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نیە.

فاتەی سورەبان،ژنێکی دەمەوەرو بەدەموگفت بووە،زۆریش سەر بەگۆبەند و ئاژاوەچی وشەڕانگێزبووە، توخنی هەرکەسێ کەوتبێ شەڕێکی بۆ درووست کردوە، هەر کاتێک دوو ژنی بەیەکەوە ببینیایە،کە زۆر تەبا و کۆک و خۆشدڵن، دەچووە ژێر بنجوبناوانیانەوە و شەڕو ئاژاوەی دەخستە نێوانیانەوە ئاگری شەڕی دادەگیرساند و،دواتریش لێیان دوور کەوتۆتەوە و قاقا پێکەنیوە،دوا کارەسات کە فاتە دروستی کرد شەڕێکی قورس بوو لەنێوان گوندەکەی خۆیان و گوندەکەی دراوسێیان،بەڵام تەنها کەسێک کە لەو شەڕەدا دەکوژرێت فاتەی سورەبانە،کە لەسەربانیژەی ماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و سەیری شەڕەکە دەکات لەدوورەوە،دواجار فیشەکێکی بەردەکەوێت و فاتە دەمرێت.

بۆیە نوسەر وزانای کورد شێخ مەحەمەدی خاڵ لە یاداشتەکانیدا بەوشێوەیە دەیگێڕێتەوە:

(ژنێک هەبووە ناوی فاتە سورەبان بووە،ئەم ژنە شەڕی ناوەتەوە و خۆشی سەیری کردووە، کەلێشیان پرسیوە: ئەوەچیە،وتویەتی ئەڵێن شەڕ و هەرایە،قەباحەتی فاتەشی تیایە).

فاتە ڕاستە کەسێکی ئاسایی و نەخوێندەوار بوو.بەڵام هەمیشە دەیتوانی ئامانجەکەی خۆی بەباشی بپێکێت و شەڕو هەرا بنێتەوە و ئاشتەوایی تێک بدات.

بۆیە ئەمڕۆ بۆتە نمونەی کەسێکی خراپی کۆمەڵگا و هەرکەسێکی خاوەن کردەوەی خراپ وقێزەن بێ،
هاوشێوەی فاتە و شەڕو هەرا بنێتەوە، پێ دەوترێت فلانە ژن دەڵێی (فاتەی سورەبانە)،یان دەوترێت فڵانە کەس بووە بە (فاتەی سورەبان).

داناز عەبدولڕەحمان 


AM:10:13:08/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌