‌نیشانەكانی كەمی یۆد لە لەشدا و چۆنیەتی چارەسەر

وێستگە ستایل-


 یۆد یەکێکە لە کانزا پێویستیەکانی لەش کە بە گشتی لە خواردنە دەریایەکان ( زیندەوەر و ڕووەک ) ھەیە ،ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە دروست بوونی ھۆرمۆنی غودە لەلایەن ڕژێنی پەریزادەوە، دكتۆر هەرێم پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی شەكرە و هەناوی لەم بابەتەدا باسی ئەم خاڵەتە و چۆنیەتی چارەسەر دەكات و كێن ئەو كەسانەی زیاتر مەترسیان لەسەرە.

لە ٣٣٪‏ دانیشتوانی زەوی مەترسی کەمی یۆدیان لەسەرە بەڵام ئەو مەترسیە بۆ ئەم کەسانە زیاترە :

- ژنانی دووگیان
- دانیشتوانی باشور و باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و نیوزلەندا و ئەوروپا بە گشتی .
- ئەو کەسانەی خوێی یۆدی بەکارناھێنن
- کەسانی ڕووەک خۆر

نیشانە و دەرکەوتەکانی کەمی یۆد وەکو یاخود ھەمان نیشانە و دەرکەوتەی غودەی تەمەڵی ھەیە:

-ھەڵاوسانی مل یان غودەی دەرەقی goiter 
-زیادبوونی کێش و قەڵەوبوون
- بێهێزی و شەکەتی
-وەرینی قژەسەر
-ووشک بوونەوەی پێست
-ھەست کردن بە سەرما
-گۆڕانی لێدانەکانی دڵ وەک خاوبوونەوەی دڵ و سەرگێژخواردن و بەرچاوڕەش بوونەوە.
-دابەزینی ئاستی بیر و یادگەو ھەندێ جار بیرکۆڵی.
-کێشەی دووگیانی و منداڵ خستنەوە.
-ناڕێکی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.

پێویستی ڕۆژانەی کەسێکی پێگەشتوو بە یۆد ١٥٠ مایکرۆ گرامە بەڵام ئەو بڕە بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر زیاترە ٢٢٠ بە ٢٩٠ بۆ ھەریەکەیان.

سەرچاوەکانی یۆد :

- خواردنی دەریایی و زەریایی Seafood and Seaweed
- ڕۆبیان و ماسی وەک تونا
- خوێی دەوڵەمەند کراو بە یۆد
- ھەندێك میوەی ووشک کراو وەک ھەڵوژە
- بڕێکی کەمیش لە گۆشتی گوێرەکە و مریشک و ھێلکە و پاقلەمەنیەکان و بەرھەمە شیرەمەنیەکاندا ھەیە.

ئەگەر ھەستت بە نیشانەکانی کەمی یۆد کرد، باشترە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەنجامدانی شیکاری میز بۆ ئەو مەبەستە.


PM:07:14:17/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 12864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌