‌ناوی داره‌سوتاوه‌كه‌ له‌چیه‌وه‌ هاتووه‌؟

وێستگە ستایل-

دارەسوتاوەکە بەو گۆڕەپان و مەیدانە گەورە کۆنە دەوترێت کە دەکەوێتە دامێنی گەڕەکی کانێسکان،مێژووی ئەم دەشتە زۆر کۆنە بەیەکێک لە کۆنترین دەشتە پان و ڕێک و تەختەکانی مێژووی شار ئەژماردەکرێت.

دارەسوتاوەکە لە سەروو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا دەستپێکی شەقامی قەنات،لەکۆندا دەشتێکی چۆڵ بوو و جگە لە چەند دار ودەوەنێک وکانیەک هیچی تر لێنەبوو، لەبەر جۆری گڵ و نەرمی خاک و ڕێک و پێکی و تەختی زەوییەکەی لە دەورانی عوسمانی و ئینگلیزدا،مەیدانی ئەسپسواری و جریدبازی و مەشقی سەربازی بوو.

ساڵانی پەنجاکان چەند باخێک لەو شوێنە دروستکرا،بەڵام کانی دەرووبەری وشکی کرد،زۆر هەوڵیاندا لە کانیەکەی کانێسکانەوە ئاوی ڕاکێشن بۆ باخەکانی ئەو دەوروبەرە،بەڵام کارێکی قورس بوو،چونکە کەمێک لێژ بوو کاری زۆر دەویست، بۆبە ئاویان لە کارێزەکەی مەجیدبەگەوە بۆ ڕاکێشا کە ئەوە کارێکی ئاسان تر و خێراتر بوو و
لەبەر ئەوە لێژای و سەرە بەرەوخوار بوو ئاو زوو دەگەیشتە دامێنی باخەکان.

ئیتر تا کۆتایی شەستەکان باخەکان نەما و دوای ماوەیەک بوو چەند دار فرۆشێک لە مەیدان و گۆڕەپانەکە کڕین و فرۆشتنیان بە دار دەکرد و کردیانە شوێنی بازرگانی کردن.

لەساڵانی نەوەدەکانیشدا،دارە سوتاوەکە ببوو بەمەزادخانەیەکی گەورەی کۆنەفرۆشی و هەرزانفرۆشی هەتا ئێستاش،دەوروبەریشی ببوو بەپیشەوەری دەستی و شوێنی پەنچەرچی و کاری فیتەری، او مەیدانەکەشی ببوو بە شوێنی ڕاوەستانی پاسی چەند ھێڵی گەڕەکەکاتی شار.

هەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەک (دار) لەو مەیدانەدا کڕین و فرۆشتنی پێناکرێت،بەڵام هەر بەناوە کۆنەوە بانگ دەکرێت و تەنانەت لە پێشی پاسەکانیشدا نوسراوە (دارە سووتاوەکە).

ناوی پێشتری "دارەسوتاوەکە"چی بوو؟


دارەسوتاوەکه پێشتر پێیان دەوت "مەیانی دار فرشەکان"یان مەیانی دارەکە یان مەیانی"دارە سپییەکان".
جۆری دارەکانیش زیاتر داری سپیدار و چنار بوون، واتا کڕین و فرۆشتن بەدار دەکرا،زۆربەی دارەکان بەسەر پشتی ئەسپ و گوێدرێژەکان لە شارباژێڕەوە دەهێنرانە مەیدانەکە.نرخی هەر دارێک "۱۰ "فلس بوو.

زۆربەی فرۆشیاران کوخێکی بچووکیان دروستکرد بوو لە شێوەی دوکانێکی بچووک،سێبەر دارەکان زۆر فێنک بوون بەتایبەت لە وەرزی هاویندا،منداڵانی ئەو گەڕەکە زۆربەی یاریی و ساتەزێڕینەکانیان لەوێ بەسەر دەبرد،لەبەر چڕ و پڕی دارەکان،یاری چاوشارکێیان لێدەکرد و خۆیان تیایدا دەشاردەوە.دانانی دارەکان لەتەنیشت یەکەوە هەڵەدەچنران زۆر سەخت و ترسناک بوون،لەشێوەی کۆڵانی تەنگەبەر و باریک باریک بەتەنیشت یەکەوە بوون.

بۆ پێی دەوترێت دارە سوتاوەکە؟

شانە نهێنی و هێزە نهێنیەکانی شۆڕش ئەوکات هەموو شەوێک چالاکییەکی گەورە گەورەیان لە شاردا دەکرد و گورزی باشیان دەدا لە دامودەزگا و کەسە خوێنڕێژەکانی بەعس.
هەر کارێکی وچالاکییەک دەکرا زۆرجار بە نەهێنی خۆیان لەناو ئەو دارانە دەشاردەوە و بەئاسانی خۆیان قوتار دەکرد و زۆرجار چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان لەوێدا دەشاردەوە،چونکە زۆر زۆر چڕ و پڕ بوو بە ئاسانی مرۆڤ لەوێدا ون دەبوو.

ساڵی ۱۹۷۷ز لە شەوی هەینیدا و لە وەرزی هاویندا "قەوات خاصە" واتا هێزێکی تایبەت ئامادەکرا و بۆ لەناوبردن و سوتاندنی ئەو دارانە،بە هێزێکی زۆرەوە شەوێکی هاوین هەڵیان کوتایە سەر مەیانی دارەکان وگەڕەکی کانێسکان،چەند دەبەیەکی بەنزین و نەوتیان خستە ناو دارەکان و ئاگریان بەردایە سەرجەم دارەکان و هەموویان سوتان، چەند دەنگێک لەناو دارەکان دەبیستران کە دیار بوو چەک وتەقەمەنی شۆڕش بوو لەوێ شاردرابوونەوە.

زەرەر و زیانێکی زۆر بە کاسبکارانی ئەو مەیدانە کەوت،هەروەها زەرەرێکی گەورەش بە خانوەکانی دەوربەری کەوت و هەموویان لە ترسان و ماڵیان بەجێهێشت و شتومەک و کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیان پێچیایەوە و بەشەوە دەربەدەر بوون.

زۆر لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە و ئەو شارەبەو شەوە هەوڵێکی زۆریاندا هەتا ئاگرەکە خامۆش بکەن و بیکوژێننەوە،بەڵام بەهیچ شێوەیە نەتوانرا تەنانەت شتێکی بچووکیش بکرێت،ئەو دیمەنە بۆ خۆی مەنجەنیق و دۆزەخێک بوو بڵێسەی ئاگرەکە لە دوورترین شوێنی شارەکە دەبینرا.ئیتر خاکی مەیانی دارەکان بوون بە پارچەیە ڕەژوو و ڕەشایی .

بۆچی بەعس ئەو مەیدانی دارەکانی سوتان؟

دەوڵەتی عێراق حیزبی بەعس بەبیانووی ئەوە ئاگری بەردایە ئەو مەیدان و گۆڕەپانە،کە گوایە جێگای مەترسی و دڵەڕاوکێیە،پێشمەرگە ئەوێیان کردووە بە لانەی خۆ حەشاردان و خۆشاردنەوەی خۆیان و لەوێوە دەتوانن باشتر گورز لە حیزبی بەعس بدەن و ئیتر هەتا کۆتایی هەشتاکان بە مەیدانی دارەکانیان ئەوت "دەشتەکە" لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ناوی گۆڕا بە "دارەسووتاوەکە". و هەتا ئێستاش هەر دارە سووتاوەکەیە.

ئا: داناز عەبدولڕەحمان


AM:09:40:09/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 11852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل