‌هۆكار و نیشانه‌كانی گەورەبوونی پڕۆستات و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-


گەورەبوونی پڕۆستات دوو جۆرە گەورەبوونی ئاسایی گەورەبوون بەهۆی شێرپەنجەوە، دكتۆر كاوه‌ فه‌قێ پزیشكی پسپۆڕی كۆئه‌ندامی میز و میزه‌ڕۆ له‌م بابه‌ته‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ ته‌واو له‌سه‌ر هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

۱ـ گەورەبوونی ئاسایی:

پڕۆستات ئاسایی لەگەڵ تەمەنی پیاواندا گەورە دەبێت، لەسەروو تەمەنی ۳٥ ساڵیەوە ووردە ووردە پڕۆستات گەورەدەبێت. لە تەمەنی سەروو ٥٠ ساڵیەوە زۆربەی پیاوان بەهۆی قەبارەی پڕۆساتەوە تووشی گرفت و کێشەی میز کردن دەبنەوە( ٥٠ـ٦٠٪).

نیشانەکانی گەورەبوونی پڕۆستات:

نەخۆش بەشەوان زیاتر هەڵدەستێ بۆ میزکردن، میزەکەی باریک دەبێتەوە، واتە بەهێواشی دێت و خوڕ نیە. نەخۆش لەوانەیە زوو زوو بچێت بۆ میزکردن و پەلە پەلی پێ بکەوێت. واهەست بکات کە میزەڵدانی بەتەواوی بەتاڵ نەبوەتەوەو میزی پێ ماوە دوای میز کردن/ جگه‌ له‌وه‌ش  زوو توشی هه‌وكردنی میزەڵدان ده‌بێت، یان میزه‌ڵدانی به‌رد دروست ده‌كات  و تووشی خوێن بەربوون ده‌بێت و میزه‌كه‌ی‌ سوور ده‌بێت هەندێكجار نەخۆش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ میزی بگیرێت و نەتوانێن میزبکات.

چۆنیه‌تی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە:

نەخۆش دەبێت ببینرێت وپرسیاری تەواوی لێبکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ، پاشان پشكنینی بۆ بکرێت و پشكنینی پڕۆستات لەکۆمەوە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی پڕۆستات گەورەبووە و گرێی تیایە یان نا!

پاشان پشکنینی وەکمیزو خوێن و سۆنەرو پێوانی خێرایی میز و نازوری میزەڵدانی بۆ بکرێت بەگوێرەی پێویست.

چارەسەر:

ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشەکە بێزارکەرنەبێت و زۆر خراپ نەبێت ئەوە ئامۆژگاری نەخۆش دەکرێت کە خواردنەوەی شلەمەنی و چاو و قاوەو میوە لە شەودا پێش خەوتن کەم بکەنەوە وەلە کاتی خۆیدا میزبکەن. بەم شێوەیە شەوان کەمتر هەڵدەستن لە خەو بۆ میزکردن. 
بەڵام ئەگەر نیشانەکانیان زۆرو بێزارکەر بێت ئەوە دەبێت چارەسەر وەربگرن بەشێوەی حەب و گولاج بەشێوەیەکی درێژخایەن، خۆئەگەر بە حەب و گولاج چارەسەرنەکرا ئەوە نەخۆشەکە پاش هەڵسەنگاندنی تەواو نەشتەرگەری پڕۆستاتی بۆ بكرێت.

۲ـ شێرپەنجەی پڕۆستات:

شێرپەنجەی پڕۆستات یەکێکە لە شێرپەنجە باوەکانی پیاوان لە ئەوروپاو ئەمریکا. لە هەر ۱٦ پیاو پیاوێک توشی شێرپەنجەی پڕۆستات دەبێت و ۳٪ پیاوان بەهۆیەوە دەمرن، بەڵام خۆشبەختانە ئەم ڕێژەیە لە کوردستان زۆر لەوە کەمترە.

هۆکاره‌كانی شێرپەنجەی پڕۆستات:

وەک هەموو شێرپەنجەیەکی تر هۆکاری تەواوەتی نەزانراوە بەڵام هەندێك هۆکار لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر دروست بوونی وەک"جۆری خواردن و شێوازی ژیانی مڕۆڤ و ئاوو هەواو بوونی هەتاوو بۆماوەیی.

نیشانەکانی نەخۆشیەکە:

شێرپەنجەی پڕۆستات لەسەرەتاوە هەمان نیشانەی گەورەبوونی ئاسایی پڕۆستاتی هەیەو بە نیشانەکانیدا ناتوانرێت بزانرێت شێرپەنجەیە یان گەورەبوونی ئاساییە، هەرلەبەرئەوەیە کە هەرپیاوێک کێشەی پڕۆستات و میزکردنی هەبێت دەبێت زۆر بەباشی پشکنینی بۆبکرێت بۆئەوەی دڵنیا بین کە شێرپەنجەی نیە.

لە قۆناغه‌كانی کۆتایی نەخۆشیەکە ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێت نەخۆشەکە لەوانەیە تووشی میزگیران یان گیرانی بۆری گورچیلەو سیست بوونی گورچیلەکان ببێت. یان ئازاری پشت و ئێسقانی هەبێت ئەگەر شێرپەنجەکە چووبێت بۆ ئێسقانەکانی.

دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە:

نەخۆش دەبێت ببینرێت وپرسیاری تەواوی لێبکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ، پاشان پشكنینی بۆ بکرێت و ده‌بێت پشكنینی پڕۆستات لەکۆمەوە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت قەبارەی پڕۆستات گەورەبووە و گرێی تیایە یان نا، پاشان پشکنینه‌كانی وەک میزو خوێن و سۆنەرو پێوانی خێرایی میز و نازوری میزەڵدانی بۆ بکرێت بەگوێرەی پێویست.

دەبێت ئەشیعەی ڕەنینی موگناتیسی بۆ بگیرێت و پاشان زەرعە لە پڕۆستات وەربگیرێت و پشكنینی شێرپه‌نجه‌ی‌ بۆ بكرێت. هەندێكجار پێویست دەکات کە پشکنینی تیشکی ناووکی ئێسقان بۆنەخۆشەکە بکرێت بۆئەوەی بزانرێت چووە بۆ ئێسقان یان نا.

چارەسەر:

وەک هەمووشێرپەنجەیەک چارەسەر بەگوێرەی قۆناغی نەخۆشیەکەیە. ئەگەر لەسەرەتاوە دەستنیشان بکرێت ئەوا دەتوانرێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت و لاببرێت و نەخۆش بەتەواوی چاک بێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ئاستە کۆتاییەکاندا بێت ئەوە نەشتەرگەری سوودی نابێت و نەخۆشیەکە لە ڕێگەی هۆڕمۆن و چارەسەری کیمیاوی و تیشکەوە دەبێت.

ئامۆژگاریمان بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە کە هەستیان کرد کێشەی میزکردن یان پڕۆستاتیان هەیە خۆیان پشتگوێ سەردانی پزیشک بکەن، چونکە ئەگەر شێرپەنجە بێت زوو پێی دەزانرێت و دەتوانرێت بنەبڕ بکرێت.


AM:09:30:19/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 36360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌