‌تەڵەبی عیشق چيیە؟

وێستگە ستایل-


خەڵکی هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکەن ئێمە بەعیشقەوە هاوسەرگیریمان کرد ! شەوان نامەمان بۆ یەکتری دەنارد ؟ بەڵێنمان بەیەکتری دابوو، منداڵمان ببێت، بڕۆین هەتا ئەوپەڕی دنیا، شادی بکەین، شت بکڕین، ئاڵتون ، ئوتومبێل ، خانوو ، ئێمە بە سەعات بەڵێنمان بە یەکتری دەدا ، کەچی ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە هیچ بەڵێنێک و هیچ پابەند بوونێک لە گۆڕێ نیە تەنها دێێن و دەڕۆین وەک ئەوەی هیچ وادە و پەیمانێک هەر بوونی نەبوبێت.!

ئەوان لەخەیاڵی خۆیاندا ئەمەیان ناو ناوە (عیشق) بەڵام عیشق مامەڵە نیە، عیشق مەرج لەگەڵ کەس ناکات، لەنێوان عیشقدا کڕین و فرۆشن، وەرگرتن و بەخشینێک لە گۆڕێدا نیە، چونکە عیشق هەمیشە دەبەخشێت، عیشق مامەڵە لە گەڵ روکاری دەرەوە و ماتەر و بایۆلۆجیا ناکات.

عیشق چاوەڕوانی پاداشت نیە، ترسی لە لۆمەی لۆمەکارانیش نیە، عیشق واتا (نزمکردنەوە و تەرک کردنی هەموو دنیا بۆ ئاستی کەسێک و بەرزکردنەوە و کردنی کەسێک بۆ ئاستی هەموو دنیا)

لە عیشقدا بەرژەوەندی نیە ، ڕوکار و باڵا و زوڵف و ئەگریجە بونی نیە، عیشق مامەڵە لەگەڵ دیاردا ناکات ئەو هەمیشە لەگەڵ نادیاردا هۆگری دەکات ، عیشق سەروکاری لەگەڵ ڕێزدا هەیە نەک لەگەڵ ترس.

شیبلی ده‌لًێت" ئەگەر لەو دنیا ئیختیار بدرێتە دەست خۆم لە نێوان بەهەشت و دۆزەخدا من دۆزەخ هەڵدەبژێرم ، چونکە بەهەشت مرادی منە و دۆزەخیش مرادی دۆستەکانمە ، هەرکەسێکیش ئیختیاری خۆی بە ئیختیاری دۆستەکانی نەگۆڕێتەوە عاشق نیە"

جونەیدی بەغدادی لەوەڵامدا ووتی" من هەرگیز لە ژیانما نە داوای چونە بەهەشتم کردووە و نە داوای پاراستنم لە ئاگری دۆزەخ کردووە ،چونکە عاشق داواکاری لە مەعشوق نیە ، عاشق حەوجێێ بە ئیختیار و هەڵبژاردن و داواکاری نیە، مەعشوق بۆ هەر کوێم بنێرێت دەچم، ئیختیاری من ئەوەیە کە مەعشوقەکەم دەیەوێت، نەک ئەوەی کە من دەمەوێت."

عیشق ویست و تەڵەب و داواکاری و مەرج و مەرج کاری و مامەڵە و کڕین و فرۆشتن نیە ، عیشق تەسلیم بوونە، عیشق (ئاتاب) و (سایەی تیمسال)ە ، کە تیشکی یەکێکیان دەرکەوت سێبەری ئەوی تریان نابێت بمێنێت، لە عیشقدا من و تۆ خۆ بونی نیە، عیشق دەرباز کردنی ئەوی ترە پێش خۆت.

(مەحەوی) ووتەنی :-
وتم با لەم دەر و لەم کۆیەدا ئانێ سکونەت کەم
وتی عاشق دەبێ ھەردەربەدەر بێ، کۆ بەکۆ بڕوا

نوسین: هێمن عه‌بدولقادر


AM:11:41:15/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 9648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل