‌نیشانه‌كانی توشبوون به‌ ئۆتیزم

وێستگە ستایل-


ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتا بریتیە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت.

تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیەو ناتوانن گوێ لەوانی تر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ریتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە .

پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناغێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.

 دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لەرێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی رەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە.
جگه‌ له‌وه‌ش دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا كەئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لەلایەن پزیشكی منداڵان-پسپۆڕی مێشك-پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆبگیرێت ودڵنیاببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە. 

 نیشانەكانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی ئۆتیزم:

بەر لەوەی باس لە نیشانەکان بکەین دەبێت بزانین بوونی نیشانەیەک یان دوان یان سێ مانای ئەوە نیە کە منداڵەکەمان ئۆتیزمی هەیە واتا ده‌بێت کەسانی پسپۆر و پزیشکان دەریخەن کە مناڵەکە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا.

نیشانەکانی توشبوون به‌ ئۆتیزم:

1-بەگران تێكەڵاو بەكەسانی تر دەبێت واتا پەیوەندی کۆمەڵایەتیان زۆر لاوازە.
2-وەك منداڵێكی لاڵ هەڵسوكەوت دەكات.
3-حەزی بەفێربوون نییەو دژی دەوەستێتەوە. هەندێ کاتیش زوو فێر ده‌بێت.
4-جمودۆڵی زۆرە .
5-پێكەنین و قاقا بەبێ هۆ، یاخود گریانی نا ئاسایی .
6-زیاد لە پێویست هەستیارن بۆ دەنگ یاخود بە پێچەوانەوە .
7- حەزی بەدەستلەملان نییە.
8-سەرنج دانیان نیە.
9-زۆر دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکان.
10-هۆگربوونی بەشتەكان و یاریكردن لەگەڵ ئەو شتانەدا.
11-گۆشەگیرەو حەزدەكات بەتەنیا بمێنێتەوە.


هۆکارەکانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی ئۆتیزم:

تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەلاَم هەندێك کات هۆکارەکان ژینگەیین وە هەندێك کات بۆماوەیی .
کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

هۆکاری ژینگەیی وەک تووشبوونی دایک بە نەخۆشی ڤایرۆسی و ژەهراوی بوون لەکاتی دووگیانی ئەگەری تووش بوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.

چۆنیه‌تی چارەسەری ئۆتیزم :

توێژینەوەكان سەلماندویانە باشترین چارەسەر دەستێوەردانی پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە دەبێت کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان، هه‌تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە. 

هەندێکجار منداڵان راهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاکبکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کە پێویستە لەلایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بکرێن و چارەسەرەکان لای ئەوان بکرێت .

س: ڕێكخراوی ڕێنمایی دەروونی و خێزانی


AM:11:43:13/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 7328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌