‌چۆنیه‌تی خۆپاراستن له‌ دروست بوونی به‌رد له‌ گورچیله‌كاندا

وێستگە ستایل-


گورچیلە ئەندامێکی گرنگی لەشە کە وەک فلتەرێکی خوێن كار دەکات کە هەموو مادە زیان بەخش و ژەهراویەکان دەپاڵێوێت و خوێن پاک دەکاتەوە لێیان و لە ڕێگەی میزەوە دەیکاتە دەرەوەی لەش، هەروەها ئیلیکترۆلایت و مادە کانزاییەکان و ئاوی لەش بە هاوسەنگی دەهێڵێتەوە.

لە هەندێک کەسدا مادە تواوەکان یەک دەگرن و ڕەمل و بەرد دروست دەکەن و گورچیلە توشی هه‌وكردن و کێشە دەکەن، لەو نیشانانەی کە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە دەستنیشانکردنی بەردی گورچیلە:-
- ئازاری بەهێزی کەلەکە و دەوروبەری و زۆر جار ئازارەکە کتوپڕە.
-زۆر میزکردن و گۆڕانی ڕەنگی بۆ پەمەییەکی سورباو.
-هێڵنج و ڕشانەوە.
-هەستکردن بە ئازار و سوتانەوە لەکاتی میزکردندا.
- تا و لەرزین ئەگەر کەسەکە توشی ئیلتیهاب بوبێ کە لە ڕێگەی فەحسی میز دەتوانرێت دیاری بکرێت.

بۆ ڕێگری کردن لە دروستبونی بەردی گوچیلە دەبێت دوورکەوینەوە لەو شتانەی کە هۆکارن بۆ دروست بوونی ، چەند ڕێنماییەک هەن کە بەسودن بۆ خۆپاراستن لە کێشە و نەخۆشیەکانی گورچیلە ،لەوانە :-

1- خواردنەوەی 8 بۆ 10 پەرداخ ئاو ڕۆژانە کە یارمەتی توانەوەی ئەو مادانە دەدات کە دەبنە هۆی دروستبونی بەردی گورچیلە .
2- کەم کردنەوەی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ئەگەری دروست کردنی بەردی گورچیلە زیاد دەکەن وەک: تۆوی تەماتە، چپسی پەتاتە، فنگر، چوکۆلاتە، سپێناخ، ڕێواس، چای ڕەش ، تور، دانەوێڵە ، چەرەسات کە زۆرێک لە مادەی oxalate تیایە وە کۆلا کە زۆر مادەی phostphate تیایە و کە دەکرێ هەردووکیان ببنە هۆی دروست بوونی بەردی ڴورچیلە.
3- کەم خواردنی ئەو خۆراکانەی زۆر پڕۆتینیان تیایە وەکو گۆشتی سور ، هێلکە ، خواردنە دەریایەکان کە ڕێژەی uric acid بەرز دەکەنەوە و ئەگەری دروستبونی بەردی گورچیلە زیاد دەکات.
4- کەم کردنەوەی خوێ لە چێشت و خۆراکەکاندا ، چونکە ڕێژەی Calcium لە میزدا بەرز دەکاتەوە و بەمەش ئەگەری دروستبوونی بەرد زیاد دەکات.
5- پێویستە پارێزگاری بکرێت و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکرێت چونکە ئەگەری دروست بونی بەردی گورچیلە لە تەمەنی 30 بۆ 50 و لە کەسێکدا پێشوتر هەیبوبێ زیاترە.

س: کۆمەڵگای پزیشکی ئاسا 


AM:10:17:09/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 4712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌