‌دێرین حامید له‌سه‌ر درامای سه‌مای ته‌رزه‌ "زۆر بەدڵت نییە فەرموو کۆنترۆڵەکەت بگرە بەدەستەوەو کەناڵەکە بگۆڕە"

وێستگە ستایل-

دوای نمایشی درامای "سه‌مای ته‌رزه‌" له‌ كه‌ناڵی nrt2 ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕه‌خنه‌ی‌ جۆر به‌جۆر له‌ دراماكه‌ و ستافی ده‌رهێنانی ده‌كه‌ن و هه‌ڵه‌ی‌ جیاوازی لێ ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ "دێرین حامید" وه‌ك ده‌رهێنه‌رێكی شانۆی له‌سه‌ر ئه‌م درامایه‌ قسه‌ ده‌كات و بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی.

دێرین حامید له‌ پۆستێكدا كه‌ له‌ هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردۆته‌وه‌  ده‌ڵێت" ئەگەر هەموویان نەبێت زۆرینەی ئەوانەی سوکایەتی بەو زنجیرە درامایانە دەکەن، خۆیان ڕۆڵیان پێبدرایە، لە سەدا هەزار بەشدار دەبوون و کێشەکە ئەوە نییە دراماکان تا ئاستی عەیبە خراپە، کێشە لەوەدایە کەسانێک دەبینم نوکتە لەسەر ئەم درامایانە دەکەن خۆیان پێشتر نەوەک لە درامای لەمە خراپتر بەشدار بوون، بەڵکو لە زنجیرەی وا ڕۆڵی دۆبلاژیان وەرگرتووە لە پێناو ۲٠٠ دۆلار ئاستی لەمە خراپتر بووە."

ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ده‌شڵێت" زۆرینەی ئەوانەی پێیان وایە ئەو ئەکتەرانەی لەم درامایانەدان و هونەرمەندی بە ئەزموونن و نەدەبوو لە کاری وادابن، زۆر بە هەڵە تێگەیشتوون، چونکە ئەوانە لە ئێستادا ئەمە تێڕوانین و بیرکردنەوایانە بۆ هونەر بۆیە دەبێت وەک خۆیان پێشوازییان لێبکرێت و هەر بەچاوی ئەم کارانەوە سەیر بکرێن، ئەمڕۆ بەهۆی کرانەوەی دونیاوە و بەهۆی ئەوەی بەئاسانی خەڵکی بینەرەکان ی ئێمە دەتوانن باشترین و بەهێزترین دراماکانی دونیا ببینن، زۆر لەوانەی کە ئەکتەرو دەرهێنەری دراماکانن هۆشیارترن چونکە تۆی ئەکتەر و دەرهێنەر ئەگەر دراماکانی ئەمڕۆی دنیا ببینیت، ئەوا قەت جورئەتی ئەوەتان نابێت بچنە بەردەم کامێراو پشت کامێرا بۆ ئەوەی دراما بەرهەم بهێنن، چونکە ئەوەتا بینەرەکانمان کە ئەو درامایانەیان بینیوە فیشقیاتیان بە کارەکانی ئێوە دێت."

ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ پێی وایه‌  کێشەکە هەر هونەرمەندەکان نین، کە ناتوانن کارێکی شایستە بەرهەم بهێنن، کێشە ئەوەیە بەبێ پارەو بە بێ کۆمپانیای پرۆفیشناڵ ئەمڕۆ ناتوانی کاری باش بەرهەم بهێنی، ئاخر سەیرکەن تەنها ئەلقەی سێیەم لە بەشی هەشتەمی زنجیرە درامای (یاری تەختە پاشاییەکان) نزیکی ۱٥ ملێۆن دۆلاری تێچووە، کەچی تازە ئەمانەی ئێمەش بە خۆبەخش دەیانەوێت درامابکەن و لەوەتەی هەین گاڵتە بە هەموو شتدەکەین و دەیکەین بە نوکتە بەڵام خۆمان کاتێک کارێک دەکەین لە نوکتە زیاتر شایەنی پێکەنینین."

له‌سه‌ر درامای ساڵانی ڕابردوو ده‌ڵێت" سەیرکەن کاتێک حسێن میسری رەحمەتی درامای دەکرد هەموو هونەرمەندانی ئەم وڵاتە گاڵتەیان پێدەکرد، دواتر کە جەلیل زەنگەنە دەستی کرد بەکارکردن توانج و نوکتەو قسەی بێمانا روو بەڕووی ئەم پیاوە کرایەوە، کەچی هەموو ئەوانەی دەستیان لەم کلتورە ناشرینە هەبوو خۆیان کە بۆیان رەخسا لەکاری ئەم دەرهێنەرانە بەشداربن بەشداربوون و بوون بە پاڵەوان، ئەوانەشی خۆیان کاریان کرد نەوەک نەیان توانی باشتربن، بگرە کارەساتیان خوڵقاند."

له‌باره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ سوكایه‌تی به‌ دراماكان ده‌كه‌ن ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات " ئەوانەی کە دەڵێن ئەمانە کێن و بەچی حەقێک کاری هونەری دەکەن، ئادەی بێزاحمەت بەرێزت کێیت و بەچی حەقێک لەسەر هەمووشت هەڵدەدەیت و دەست دەکەیت بە سوکایەتی و قسەی نابەجێ؟"

له‌سه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانی دراماكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات " کۆمەڵێک گەنج بۆ خۆیان کۆبوونەتەوە کارێکیان کردووە، زۆر بەدڵت نییە فەرموو کۆنترۆڵەکەت بگرە بەدەستەوەو کەناڵەکە بگۆڕە. ئیتر بۆچی داوای دادگاییان دەکەیت، لەکاتێکدا ڕۆژانە لە شارەکەت، لەهەرێمەکەت، لە وڵاتەکەت، سوکایتی بە ئینسان دەکرێت و کەرامەتی دەشکێت تۆ کێشەت نییە، خێر بۆ درامایەک ئەم هەموو کێشەیەت هەیە؟! زۆرینەی ئەو ئەکتەرانەی کە بەشداری دراما دەکەن، جار هەیە ۳٠ كاتژمێر تەنانەت مەجالیان نابێت بخەون، هیچ کێشەیان نییە، بەڵام کاتێک پێی دەڵێیت بۆ کارێکی شانۆیی دەڵێت(بەخوا ناتوانم و نەخۆشم رۆژی ٤ كاتژمێر پرۆڤەم بۆ ناکرێت)"

له‌ كۆتایدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هەر ئەکتەرێک کە بەشداری درامایەکی کردووە لێم پرسیوە چۆن بەشداریت کردووە و چی وایلێکردی بەشداربیت، وتویەتی ئەم سینارێۆیە زۆر جوان و جیاوازە و لەوانی تر ناچێت و ستافێکی باش لە ئێرانەوە هاتووە بۆ پشتکامێرا، بەڵام کە دواتر دراماکە دەبینی تێدەگەیت، مەسەلەکە ئەوەنییە، مەسەلە نەخۆشی دەرکەوتن و شاشەیە، ئیتر باجەکەی هەرچیبێت قەینا"


AM:11:12:21/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 24884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل