‌هەوای ناو ماڵەكەت یاخود دەرەوەی پاكژترە ؟

وێستگە ستایل-


رێکخراوی تەندروستی ئەمریکی هۆشداری دەدات لەوەی هەوای ناو ماڵەکان رەنگە پێنج هێندەی هەوای دەرەوە پیس بێت. 

لە ئەمریکادا کۆمەڵەیەکی تایبەت بە ( سییەکان) هەیە، ئەو کۆمەڵەیە لەبارەی پیسیی هەوای نێو ماڵەکانەوە دەڵێت: ئامێرەکانی فێنککردنەوە و گەرمکردن بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پیسبوونی هەوای ناو ماڵەکان دادەنرێت کە رەنگە ببێتە هۆی خراپتربوونی بارودۆخی تەندروستی توشبووانی رەبۆ.
 
لەلای خۆشیەوە ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکیش ئامۆژگاری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات کە لەناو ماڵەکاندا جگەرە نەکێشرێت بەتایبەت لەو ماڵانەدا کە کەسێک یان چەند کەسێکیان گرفتی تەنگە نەفەسیان لەگەڵدایە، هەروەک داواش دەکات رۆژانە بەهۆی پارچە قوماشی تەڕەوە ناوماڵ خاوێنبکرێتەوە لە تەپوتۆز بەو پێیەی کە ئەم رێگایە باشترین و ئاسانترین رێگای خۆپاراستنە، جگەرەکێشان لەناو ماڵەکاندا جیاوازیەکە زیاتر دەکات واتە زیاتر لە پێنج هێندە کەشوهەوای ماڵ بەهۆی جگەرەکێشانەوە پیس و ناتەندروست ئەبێت.

ئەوەی کە تێبینی دەکرێت لەناو کۆمەڵگەی کوردەواریشدا دیاردەی جگەرەکێشان لە نێوماڵەکاندا بەرێژەی بەرچاو هەیە، هەندێکجار لە هەمان ژوور و ئەو جێگایانەی کە منداڵی تیادایە جگەرە دەکێشرێت، بە وتەی شارەزایانی بواری تەندروستی گشتی سەرەڕای زیانی جەستەیی کە لە منداڵ دەکەوێت بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵی جگەرە و ماددە زیانبەخشەکانی ناوی، لە رووی کۆمەڵایەتی و دەروونیشەوە کاریگەری نەرێنی جێ دەهێڵێت و هەندێکجار دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی منداڵانیش لاسایی گەورەکان بکەنەوە.

ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی 


AM:11:55:20/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌