‌پێویستە نیشانەکانی ئەم جۆرە شێرپەنجە ترسناکە بزانیت

وێستگە ستایل-


شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکی( Anaplastic thyroid cancer) کەمترین جۆری باوی شێرپەنجەیە لە ناو چوار جۆرەکەی دیکەی شێرپەنجەی غوددەی دەرەقیدا، بەڵام کوشندەترینیانە.

 ئەم جۆرە شێرپەنجەیە کە (ATC) یشی پێدەڵێن زۆر ترسناک و کوشندەیە و کەمتر لە %2 ی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی غوددەی دەرەقییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانە، بەڵام هۆکاری مردن بەم نەخۆشییە لە % 40 ە.

بەپێی بڵاوکراوەکانی ماڵپەری " familyshare" ئەم ژمارە ئاگادارکەرەوە ترسناکە تەنها بەشێکی کەمی بەهۆی دەرکەوتنی شیرپەنجەکەوەیە، چونکە شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکی خولێکی خێرای هەیە، زۆر بە زوویی بلاودەبێتەوە، بە شیوەیەک کاتێک کە بە بەشەکانی دیکەی لەشدا وەکو مێشک و ئێسقانەکان و سییەکاندا بڵاوبۆتەوە، ئینجا نەخۆشییەکە دەدۆزرێتەوە و بە داخەوە لەو بارەشدا، نەشتەرگەری سوودێکی ئەوتۆ بە تەندرویستی نەخۆشەکە ناگەیەنێت.

تەنانەت ئەگەر بڕێکی زۆری کێشەکانی غوودە باش و بێ زیان بن یان زۆر هێواش بڵاوببنەوە، خێرایی گەشەکردنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، یەکێکە لەو چەندەها هۆکارەی کە وایکردووە کە ناڕێکی و گەشەکردنی غوددە پێویستی بە تێبینیکردن وگرنگیپێدانی خێرا هەبێت، ئەگەری دۆزینەوە و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی غوددەی ئاناپلاستیکی لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بەشێوەیەکی بەرچاو هەلی ڕزگاربوون بۆ نەخۆش لە نەخۆشییەکە دەڕەخسێنێت.

هۆکارە مەترسیدارەکان:

لە کاتێکدا کە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکی بە تەواوی نەزانراوە، ئەم هۆکارانەی خوارەوە ترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاتر دەکەن:

1-ڕەگەز:
ئەگەری تووشبوونی خانمان بەم جۆرە شێرپەنجەیە سێ هێندەی پیاوانە.

2-تەمەن:
ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لەو کەسانەدا دۆزراوەتەوە کە تەمەنیان لە ٦٠ ساڵی یان زیاتردایە.

3-بەرکەوتنی تیشک:
ئەو کەسانەی کە مێژوویەکیان لە بەرکەوتنی تیشک بە مل و سنگیان هەیە، ترسیان لە تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە زیاترە.  


4-گەورەبوونی غوددەی دەرەقی:
ئەو کەسانەی لە مێژە مل و قورگیان بەرزبۆتەوە، بەهۆی گەورەبوونی غوددەی دەرەقیانەوە دیسانەوە لە مەترسییەکی زیاتردان بە تووشبوون بەم نەخۆشییە.  

نیشانەکان:
دەکرێت شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکی بەو نیشانانەی خوارەوە دەربکەوێت:

بەخێرایی گەورەبوون یان هەڵئاوسانی گرێ لە بەشی خوارەوەی مل.
دروستبوونی ئاستەنگی بەهۆی گرێکەوە لە کاتی قووتدان و هەناسەداندا.
کۆکە، کە هەندێک جار خوێنی لەگەڵدایە.
دەنگنووسان یان گۆڕانی دەنگ.

لە %90 ی ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەم جار شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکییان تێدا بەدیکراوە، ئەوەیان تێدا تێبینیکراوە کە شێرپەنجەکە بە لیمفە گرێکانی ملیاندا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش زۆر بڵاوە کەلەم بارەدا شێرپەنجەکە بە سییەکان و ئێسقانەکاندا بڵاوبۆتەوە.

چارەسەر:
لە جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجەی غوددەی دەرەقیدا، لابردنی غوددەی دەرەقی وەکو چارەسەرێکی سەرەتایی و گرنگ جێبەجێدەکرێت، هەرچەندە هەروەکو پێشتر باسکرابوو، ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە ئەندامێکەوە بۆ ئەندامێکیتری لەش بڵاودەبێتەوە، هەربۆیە کەمجار نەشتەرگەری بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت و بەتایبەتیش ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی بڵاوبوونەوەیدابوو.

چارەسەر لە قۆناغی کۆتایی ئەم جۆرە شێرپەنجەیەدا زۆرجار هەربۆکەمکردنەوەی ئازارە، ئەگەر وەرەمەکە وایکرد هەناسەدان و خواردن بۆ نەخۆشەکە گرانبکات، ئەوا پزیشک دەتوانێت کونێک بکاتە قورگ یان گەدەی نەخۆشەکە، هەندێک نەخۆشی تووشبوو بەم جۆرە شێرپەنجەیە ڕەنگە ئەوە بە گونجاو ببینن کە ناوی خۆیان  بۆ تاقیکردنەوە کلینیکییە نوێیەکان بۆ چارەسەری شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی تۆماربکەن.

ئەوەت بیرنەچێت کە کاری خێرا و دەستبەجێ دەتوانێت هەلی باشترت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە بۆ بڕەخسێنێت، بەتایبەتیش ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە شێرپەنجەی غوددەی دەرەقی ئاناپلاستیکییەوە هەبێت، هەرگیز دوودڵ مەبە لەوەی کە دەربارەی هەر گرێ و گەورەبوونێکی نائاسایی لە ملتدا، بەزووترین کات  قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت.  


PM:04:09:24/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 13180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌