د.ئاری عەبدولعەزیم پسپۆڕی نەخۆشیەكانی سنگ و هەناسە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی " تەندروستی " تیشكی خستەسەر هۆكار و نیشانە و چارەسەرەكانی نەخۆشی سیل و رایگەیاند: سیل نەخۆشییەكی كۆنە و مێژوویەكی دێرینی لەگەڵ مرۆڤایەتی هەیە و پەیوەندی بەمیكرۆبی سیلەوە هەیە كەپێی دەوترێت (جیلكەكانی كوخ ).
وتیشی: لەجیهاندا ساڵانە نزیكەی 10 ملیون كەس تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن و ساڵانە میلۆنێك و 500 هەزار كەس بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیان لەدەست دەدەن.
نەخۆشی دەردەبارێكە یاخود ( سیل ) نەخۆشییەكی گواستراوەیەو لەڕێگای میكرۆبەوە ( بەكتریا ) دەگوازرێتەوە بەهۆی هەڵمژینی بەكتریاكەوە لەناو هەوادا .
بەشێوەیەكی گشتی دوچاری سی یەكان دەبێت و هەندێكجار ئەندامەكانی تری لەشیش دەگرێتەوە وەك ( ئێسكەكان و بڕبڕەی پشت ، مێشك ، گورچیلە ، ڕیخۆڵە ، هەروەها پێست ) .
شێوازی بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشییە ، لە كەسێكی توشبووی چالاكەوە بۆ كەسێكی ساغ لە ڕێگەی میكرۆبی نەخۆشییەكەوە دەبێت ، بەشێوەی دەنكۆڵەو پرژە لە هەوادا دەگوازرێتەوە بۆ كەسانی دەوروبەر بەتایبەت لە كاتی قسەكردنی كەسی توشبوو یان كۆكینی یاخود پژمینیدا بەسەر كەسانی دەوروبەریدا .
لە گرنگترین نیشانەكانی توشبوون بە نەخۆشی سیل ، ( هەبوونی سینگ ئێشە ، نەمانی حەزی خواردن و دابەزینی كێش ، ئارەقكردنەوە لە شەواندا ، گەورە بوونی لیمفەگرێكان ، هەبوونی لەرزو تا ، بەڵغەمی خوێناوی ، كۆكە بۆ زیاتر لە سێ هەفتە ، ناڕەحەتی لەكاتی هەناسەداندا ) .
دەستنیشانكردنی نەخۆشی سیل و ناسینەوەی :
1. لەكاتی سەرهەڵدانی كۆكەی درێژخایەن ( 2-3 ) هەفتە و وەڵام نەدانەوەی بۆ چارەسەرە ئاساییەكان ، ئەوا گومانی توشبوون هەیەو پێویستە سەردانی نزیكترین مەڵبەندی تەندروستی بكرێت .
2. پشكنینی بەڵغەم .
3. گرتنی وێنەی تیشكی سەر سینگ ، هەرچەندە ئەم پشكنینە ناتوانێت توشبوونی چالاك لە ناچالاك جیا بكاتەوە .
4. پشكنینی هەستیاری پێست .
5. چاندنی بەڵغەم ، ئەم پشكنینە یارمەتیدەرە لە چەسپاندنی توشبوونی چالاك .
6. پشكنینەكانی تر ، هەندێكجار پێویستی بەچەند جۆرێك پشكنینی تری شانەیی و دەردراوەكانی تری لەشی كەسی توشبوو دەكات بە نەخۆشییەكە وەك ( وێنەی تەنوری ، هەناوبینی سی و بۆری هەوا ، وەرگرتنی نمونە لە سی یەكان ) .
چۆنێتی خۆپاراستن لەم نەخۆشییە :
1. زوو ناسینەوەی نەخۆشییەكەو سەردانكردنی پزیشك لەكاتی دەركەوتنی نیشانەكانیدا .
2. ئەنجامدانی پشكنین بۆ كەسە نزیكەكانی كەسی توشبوو .
3. گرنگیدان بە سیستەمی بەرگری لەش ، ( لەڕێی ئەنجامدانی وەرزشی پێویست ، وەرگرتنی پشوی تەواو ، نوستنی پێویست ، خۆراكی هاوسەنگ لەڕووی جۆرێتی و چەندێتیەوە ، دوركەوتنەوە لە كێشانی جگەرەو نێرگەلە هەروەها بەكارنەهێنانی ماددەی هۆشبەرو مادە كهولییەكان ) .
4 . هەروەها بوونی هەوای پاك لە ناو ماڵەكانداو لە شوێنەكانی كاركردندا ، لەڕێی بوونی هەوا گۆڕكێ لە شوێنی نیشتەجێبووندا .
5 . ڕەچاوكردنی پاك و خاوێنی و بەكارهێنانی كلینیكس لە كاتی كۆكەو پژمەدا پاشان فڕێدانی لە شوێنی تایبەت بە پاشەڕۆكان .
6 . ئەنجامدانی كوتان دژی نەخۆشی سیل لە منداڵاندا لەڕێی هەڵمەتەكانی نیشتمانی كوتانەوە .
چارەسەرەكانی نەخۆشی سیل :
ئەوەی جێی خۆشحاڵییە لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆربەی زۆری حاڵەتەكان بەتەواوی چارەسەر دەكرێن لەڕێی چارەسەركردنی كورت خایەن لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆدا بە بەرنامەیەكی تایبەت كە بە سیستەمی ( DOTS ) ناسراوە ، كە بریتییە لە سیستەمی چاودێری كردنی ڕاستەوخۆی چارەسەری نەخۆشی سیل ڕۆژانە بۆ ماوەی شەش مانگ .
AM:08:52:25/03/2019