‌بە حەوت رێگا تەمەنی خۆت درێژ بکە

وێستگە ستایل-


ئەمانەی خوارەوە چەند هەنگاوێکی زۆر سادە و ساکارن کە بەئەنجامدانیان بە شێوەیەکی بەردەوامی رۆژانە، دەبنە هۆی گۆڕانکاری گەورە و چاوەڕوانکراو لە ژیانتدا وەک تەندرووستیەکی باش، نەبوونی نەخۆشی، خەوی خۆش، کێشی کەم، و چالاکی و وزەی زۆر.

١- ئاوی زۆر بخۆرەوە
خواردنەوەی ئاوی زۆر کۆمەڵێک سوودی زۆری لەخۆگرتووە، ئاوی زۆر دەبێتە هۆی خێراکردنی مێتابۆلیزم و سیستەمی هەرس و رێگریکردن لە قەبزی، دەبێتە هۆی پاک و سافکردنی پێست و رێگری کردن لە زیپکە و چرچی دەموچاو، چارەسەرە بۆ چەندەها نەخۆشی جیاواز.
٢- بەیانیان زوو هەڵسە
هەوڵبدە بەیانیان پێشهەڵهاتنی خۆر لە خەو هەلبسیت، بەمشێوەیە خۆت دەپارێزیت لە زیادەڕۆیی کردن لە خەوتن، هەروەها سوودمەند دەبیت لە ئۆکسجینی پاکی بەیانیان، ژمارەیەکی زۆر لە کاتژمێرت بۆ دەگەڕێتەوە کە دەتوانی بەکاریبهێنیت بۆ وەرزشکردن یاخود ئەنجامدانی یۆگا.
٣- پێش خەو پەرداخێک شیر بخۆرەوە
خواردنەوەی شیری گەرم پێش خەو دەبێتە هۆی خاوکردنەوە و ئارامکردنەوەی جەستە و خەولێکەوتن، شیر پێش خەو لە فشار و بیربڵاوی بەدوورت دەگرێت.
٤- کێشت بە جێگری بهێڵەرەوە
زانست سەلماندوویەتی کە هەم قەڵەوی و هەم کەمی کێش بۆ تەندرووستی جەستە خراپن، پێویستە مرۆڤ بۆ تەندرووستبوون کێشی خۆی بە جێگری بهێڵێتەوە، ئەوانەی قەڵەون پێویستە وەرزش بکەن بۆ دابەزاندنی کێشیان و ئەوانەشی لاوازن پێویستە کێشی خۆیان بەرزبکەنەوە لەڕێگەی بەرنامەی خۆراکی تایبەتەوە، ئەو کەسانەی کە کێشیان گونجاوە، پێویستە کێشیان بە جێگری بهێڵنەوە و رێگری بکەن لە بەرز و نزم بوونی کێشیان.
 
٥- سەوزە و میوەی زۆر بخۆ
خواردنی سەوزە و میوە ژمارەیەکی زۆر سوودی جیاوازی لەخۆی گرتووە، پێویستە مرۆڤ سەوزە و میوە بکات بەخواردنی سەرەکی خۆی، دەبێت گشت میوە و سەوزە جیاوازەکان بە باڵانسکراوی لە هەفتەیەکدا بخورێن، چونکە هەریەکەیان سوودێکی تایبەت بەخۆی هەیە، پێویستە لە کاتی لێنانیاندا، سەوزە و رووەکەکان زۆر نەکوڵێنرێن تا ماددە خۆراکییەکانیان لەدەستنەدەن.
٦- وەرزش و یۆگا بکە
گومانی تێدا نییە کە ئەنجامدانی وەرزش بە تەنها بۆ جێگیرکردنی کێشی لەش بەسوود نییە، بەڵکو بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە چەندەها نەخۆشی، چالاکردن و بەهێزکردنی جەستە، بۆ باشترکردن و جێگیرکردنی باری دەروونی و بەهێزکردنی تەرکیز، یەکێکی تر لەو شتانەی کە پێویستە بکرێن بە خوویەکی رۆژانە لەپێناو هەبوونی ژیانێکی باشتر بریتییە لە ئەنجامدانی یۆگا و تێڕامان (Meditation).

توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە یۆگا و تێڕامان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی کێشی لەش، بەهێزکردنی میمۆری مێشک، باشترکردنی تەرکیز، نەهێشتنی خەمۆکی و خەفەت، چالاکتر کردنی ماسوولکەکان.
٧- مەساج
ئەنجامدانی مەساج بە زەیتی تایبەت لەلایەن کەسی پسپۆڕەوە بەر لەخۆشتن دەبێتە هۆی نەهێشتنی شەکەتی ماسوولکەکان، بووژانەوەی پێست، نەهێشتنی پێستی وشک و مردوو، هەروەها بەخشینی ئارامی دەروونی و چەندەها سوودی تر.

سەرچاوە: Everyday Health Tips



AM:11:45:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل