‌ئەم رەفتارە سەرەکیترین کێشەی هاوسەرگیرییە

وێستگە ستایل-


دەروونناسان ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرەکیترین نهێنی بۆ هەبوونی باشترین و گەرموگوڕترین پەیوەندی هاوسەرگیری بریتییە لەو پەوەندییانەی کە هەردوولا تیایدا وا هەست دەکەن ئەندامی یەک تیمن، هیچ شتێک لە یەکتری ناشارنەوە و هاوکاری یەکتر دەکەن بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی یەکتر.

دەروونناسان دەڵێن کە سەرکەوتووترین هاوسەرگیرییەکان ئەوانەن تیایدا هەردوولا بە ئاسانی و بە راستەوخۆیی دەتوانن نهێنییەکانیان لەلای یەکتری باسبکەن و هیچ شتێک لە دڵیاندا ناشارنەوە، ئەگەر یەکێکیان کێشەیەکی تووش ببێت، ئەوا هەست بە ترس ناکات گەر لەلای هاوسەرەکەی باسی بکات.

شاردنەوەی نهێنی لە یەکتر لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی تووڕەیی و تووندووتیژی و نائارامی، چونکە ئەو لایەنەی نهێنییەکە دەشارێتەوە تووشی فشار و پەستانی دەروونی دەبێت، بەهۆی هەوڵدان بۆ شاردنەوەی نهێنییەک لە دڵیدا، ئەمەش وا دەکات رەفتاری بەرامبەر هاوسەرەکەی گۆرانی بەسەردا بێت بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێبکات، سەرئەنجام لایەنی بەرامبەر دەکەوێتە گومانەوە و هەست بەوە دەکات کە تۆ متمانەت پێی نییە تا کیشەکانتی لا باسبکەیت.

بە پێی توێژینەوەیەک کە لە ماڵپەڕی (Business Insider) بڵاوکراوتەوە و لەسەر ١٣٥ هاوسەر ئەنجامدرابوو لەلایەن زانکۆی فلۆریداوە، دەرکەوت ئەو هاوسەرانەی کە راستەوخۆ و بەبێ دوودڵی نهێنییەکانی خۆیان لەلای یەکتری باسدەکەن، بە شێوەیەکی گشتی زۆر دڵخۆشترن و پەیوەندییەکانیان سەرکەوتووترە لە چاو ئەو هاوسەرانەی بەشێک یان گشت نهێنییەکانیان لە یەکتری دەشارنەوە.  



AM:11:41:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌