‌ته‌ڕكردنی له‌شی منداڵ به‌ ئاوی سارد له‌كاتی تا لێهاتن زیان به‌خشه‌؟

وێستگە ستایل-

هه‌ندێكجار ده‌وترێت ئه‌و كاته‌ی‌ منداڵ تای لێهات شیاو نییه‌ له‌شی ته‌ڕ بكه‌یت به‌تایبه‌ت به‌ ئاوی سارد چونكه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ فێی لێ بێت، دكتۆر ئاكۆ كه‌ریم پزیشكی پسپۆڕی منداڵان باشترین ڕێگا بۆ دابه‌زاندنی پله‌ی‌ گه‌رمای له‌شی منداڵ باس ده‌كات له‌ كاتی تا لێهاتندا.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت"بە پێی زانست باشترین ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە فێنک کردنەوەی لەش دەبێت بە پەرۆی تەر و ئاوێکی فێنک ( نابێت زۆر سارد یان سەهۆڵاو بێت)"

جگه‌ له‌وه‌ش به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش یه‌كێكه‌ له‌نیشانه‌كانی بوونی نه‌خۆشی و ناڕێكی له‌له‌شدا، به‌ واتایه‌كی تر (تا) خۆی به‌ نه‌خۆشی دانانرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ته‌نها نیشانه‌یه‌ك و ئاگاداركه‌ره‌وه‌یه‌كه‌ بۆ بوونی نه‌خۆشیی.

 هه‌ندێكجار ده‌گونجێت به‌هۆی هه‌وكردنی له‌وزه‌تێن یاخود هه‌وكردنی سییه‌كانه‌وه‌ بێت، زۆرجاریش هه‌یه‌ ته‌نها به‌ بوونی هه‌وكردنێكی كه‌م یان قورگ ئێشه‌یه‌كه‌وه‌ پله‌ی گه‌رمی له‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه‌، و ئه‌و كاته‌ی كه‌سێك (تا)ی لێیه‌ت مه‌رج نییه‌، ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كی قورسی هه‌بێت.

به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیی له‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باشی له‌شه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و میكرۆب و یارمه‌تی سیستمی به‌رگریی له‌ش ده‌دات، له‌كاتی پشكنینیشدا به‌رزی پله‌ی گه‌رمی له‌ش و بوونی (تا) له‌گه‌ڵ نیشانه‌كانی تری نه‌خۆشه‌كه‌دا هاوكاریی پزیشكن بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كه‌و دانانی چاره‌سه‌ری پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌.

 له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆكاری (تا)و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی جیاوازه‌، كه‌واته‌ به‌گشتی هه‌موو هه‌وكردنێك ده‌شێ ببێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش به‌ڕاده‌ی جیا جیا،  ئه‌وه‌ی پێویسته‌ دایكان و باوكان بیزانن ده‌رباره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌شی مناڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاودێرییه‌كی ته‌واوی منداڵه‌كه‌ بكه‌ن و به‌رده‌وام تاكه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌ڕێی فێنككردنه‌وه‌ به‌ ئاوی شله‌تێن و  له‌نزیكترین كاتیشدا بیگه‌یه‌ننه‌ بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی تا له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌ ببینرێـت. 


AM:08:45:12/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌