‌خەرەند یەکەمین فیلمی ئەنیمەیشنە لە ھەولێر بەرھەم دێت

وێستگە ستایل-

ھونەرمەندی دەرھێنەر (سامی کاکە) دوای ئەزموونێکی گەورە لە بواری دەرھێنان و کورتە فیلمدا، ئێستا کۆتایی بە بەرھەمێکی نوێ ھێناوە، کە تەواو جیاوازە لە کارەکانی پێشووتریدا.

ئەو بەرھەمە نوێیەی ھونەرمەند، بریتیە لە فیلمێکی ئەنیمەیشن بە ناونیشانی (خەرەند) و، بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرە، لە سیناریۆی (پشتیوان عەبدوڵا)ـیە و، دەبێتە یەکەم فیلمی ئەنیمەیشن، کە لە ھەولێر لە دایک بێت و بەرھەمی ساڵی 2019ـی ئەو دەرھێنەرەیە.

(سامی کاکە)ـی دەرھێنەری فیلمەکە لە بارەی ناوەڕۆکی بەرھەمەکەیەوە دەڵێت: فیلمی (خەرەند)، یەکەم ئەزموونی منە لە دنیای ئەنیمەیشن دا، چیرۆکەکەی باس لە کۆچی ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە دەکات، کە چ ئازارێک لە ڕێگای مەرگدا دەبینن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و دەرەوەی وڵات، بەڵام دوای گەیشتنیان، جەستەیان دوور دەبێت و دڵیان ھەر بۆ نیشتمان لێدەدات.

گوتیشی: دوای کۆتایی ھاتنی کارە ھونەرییەکانی ئەم بەرھەمە بڕیارمداوە بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دا بکەم.

 ھونەرمەند سامی کاکە، لە ساڵی 1976 لە ھەولێر لە دایک بووە، نزیکەی چارەگە سەدەیەکە لە بواری دەرھێنان کاردەکات و، لە ماوەی ڕابردووشدا خاوەنی چەند بەرھەمێکی جوانە بە ناونیشانی (ئەودیوی تاوان، دارک دەی، تارمایی،Erbil my love، تیرۆر، بۆ یادی ئێوە، ژیان لە گەڕەکێک، سپی سپی). 


PM:12:31:26/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 678 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل