ڤیتامینه‌كان سوودیان بۆ ته‌ندروستی هه‌یه؟
وێستگە ستایل-
به‌گوێرەی ژماره‌یه‌ك تاقیکردنەوەی زانستی خواردنی ڤیتامین و كانزاكان سودیان نیه بۆ رێگه‌گرتن له توشبوون یاخود گه‌شه‌كردنی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و ره‌نگه زیانیشیان بۆ ته‌ندروستی هه‌بێت.
له یه‌كێك له‌و تاقیکردنەوانەدا کە ٤٠٠ هه‌زار كه‌س به‌شداریان تیاداكردووه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی روون دەرنەکەوتووە له‌سه‌ر بایه‌خی ته‌ندروستی ڤیتامین و كانزاكان له‌سه‌ر ته‌مه‌ن درێژی و ته‌ندروستی دڵ یاخود شێرپه‌نجه.
له توێژینەوەیەکی دیکەدا، گرۆدستین و هاوه‌ڵه‌كانی هەڵسەنگاندنێکیان ئەنجامداوە لەسەر كاریگه‌ری خواردنی ڤیتامینی رۆژانه لە رێگه‌گرتن له لاوازبوونی توانای ده‌ماغ له‌نێو ٥٩٤٧ پیاوی ته‌مه‌ن ٦٥ ساڵ و به‌ره‌و ژووردا. پاش ١٢ ساڵ له به‌دواداچوون، هیچ جیاوازیه‌ك بوونی نه‌بووه له توانای مێشك و یاده‌وه‌ری زارەکی له‌نێوان ئه‌وانه‌ی ڤیتامینه‌كانیان وه‌رگرتووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه حه‌بی پلاسیبۆ (حه‌بی شەکر)یان وه‌رگرتووه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شداره‌كان به‌باشی په‌یڕه‌وی خواردنی ڤیتامینه‌كانیان كردووه له كاتی خۆی و به بڕی دیاریكراو و هه‌روه‌ها له‌به‌ر گه‌وره‌یی ژماره‌ی نمونه‌ی توێژینه‌وه‌كه، به وردی دەرکەوتووە كه به‌كارهێنانی ڤیتامینه‌كان له لایەین به‌ته‌مه‌نەکانەوە كاتێك خۆراكی باشیان خواردبێت كاریگه‌ری نیه له‌سه‌ر داكشانی توانای مێشكیان.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ی گرۆدستین و هاوه‌ڵه‌كانی هه‌مان ئه‌و ئه‌نجامه‌یان پشتڕاستكردۆته‌وه كه پێداچوونه‌وه‌ی ١٢ تاقیكردنه‌وه‌ی مامناوه‌ند بۆ باش، پێی گه‌یشتوون. له پێداچونه‌وه‌كاندا كاریگه‌ری خواردنی ڤیتامینه‌كانی وه‌ك فره‌ڤیتامین، ڤیتامین بی B، ڤیتامین ئی E، ڤیتامین سی C و ترشه چه‌وری ئۆمێگا سێ OMEGA 3 له‌و كه‌سانه‌ی توشی لاوازبوونێكی سه‌ره‌تایی مێشك یان خه‌ڵه‌فانی سه‌ره‌تایی یان مامناوه‌ند بوون، هیچ یه‌كێك له ڤیتامینەکان سودیان بۆ باشكردنی توانای مێشك نه‌بووه.
له توێژینه‌وه‌یه‌كی تردا، لاماس و هاوه‌ڵه‌كانی سوده‌كانی خواردنی فره‌ڤیتامینێكی ٢٨ به‌شییان له‌سه‌ر ١٧٠٨ ژن و پیاو تاقیكردۆته‌وه كه پێشتر توشی جه‌ڵته‌ی دڵ بوون. دوای به‌دواداچوونێكی ٤.٦ ساڵی (ناوەندگرتن)، هیچ جیاوازیه‌كی به‌رچاو له‌ئارادانه‌بووه له‌سه‌ر دووبارەبوونەوەی جەڵدەی دڵ لە ئەو كه‌سانه‌ی حه‌به‌كانیان وه‌رگرتووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ته‌نها پلاسیبۆیان خواردووه. بەڵام لەبەر رێژه‌ی به‌رزی پابەندنەبوونی به‌شداربووان و وازهێنانیان له توێژینه‌وه‌كه و ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌کە سنورداربوو.
هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه و رێنمایی دیكه‌ش كه رۆڵی ڤیتامین و كانزاكانیان هه‌ڵسه‌نگاندووه له خۆپاراستنی سه‌ره‌تایی و دووه‌میی له نه‌خۆشی درێژخایه‌ن، هه‌میشه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ڤیتامین و كانزاكان هیچ سودێكیان نیه یاخود زیانیان هه‌یه.
به‌ڵگه‌ی دیکە له‌به‌رده‌ستدایه له‌سه‌ر ده‌یان هه‌زار كه‌س كه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی دابه‌شكراون به‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكیدا کە دەریانخستووە کە خواردنی مادده‌كانی بێتا كارۆتین و ڤیتامین E و له‌وانه‌شه بڕی زۆر له ڤیتامین A هۆكاره‌كانی مردن زیاد بكەن و هه‌روه‌ها دژه‌ئۆكسانه‌كانی (Antioxidant) دیكه و ترشه‌ڵۆكی فۆلیك (Folic Acid) و ڤیتامین B هیچ سودێكی روونیان نیه.
سه‌ره‌ڕای هەبوونی به‌ڵگه‌ی سەرسامکەر له‌بارەی نه‌بوونی هیچ سودێك یاخود ئەگەری هەبوونی زیان، بەڵام هێشتاش به‌كارهێنانی فره ڤیتامینه‌كان له لایه‌ن کەسانی پێگه‌ویشتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زیادیكردووه له %٣٠ له‌نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٤ بۆ %٣٩ له‌نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌كارهێنانی یاریده‌ده‌ری خۆراكی (food supplement) به‌گشتیش زیادیكردووه له%٤٢ بۆ %٥٣. ئاڕاسته‌ی درێژخایه‌ن ئه‌وه پیشان ده‌دات زیادكردنێكی به‌رده‌وام هه‌یه له به‌كارهێنانی فره ڤیتامینه‌كاندا له‌كاتێكدا كه‌مبوونه‌وه هه‌یه له به‌كارهێنانی تاكه مادده‌كانی وه‌ک بێتا كارۆتین و ڤیتامین ئی E. هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی بێتا كارۆتین و ڤیتامین ئی E ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری له‌سه‌ر كاریگه‌ری بێتاكارۆتین له‌سەر توشبوون به شێرپه‌نجه و كاریگه‌ری ڤیتامین ئی E له‌سەر به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆكاره گشتیه‌كانی مردن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، نه‌بوونی سود له‌لایه‌ن توێژینه‌وه‌كانه‌وه كاریگه‌رییان نه‌بووه له‌سه‌ر فرۆشتنی فره‌ڤیتامین و مادده یاریده‌ده‌ره خۆراكیه‌كانی دیكه. كه‌رتی یاریده‌ده‌ره خۆراكیه‌كان له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له گه‌شه‌كردندایه و له ساڵی ٢٠١٠دا بڕی فرۆشی ساڵانه گه‌یشتۆته ٢٨ ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی. هه‌مان مه‌یلی باو له به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپی به‌دیده‌كرێت.
هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی زۆری له‌مجۆره كاریگه‌ری گرنگی هه‌یه له‌سه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی و پزیشكی. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدایه، ده‌بێت ئامۆژگاری خه‌ڵك بكرێت دژی به‌كارهێنانی یاریده‌ده‌ره خۆراكییه‌كان و ده‌بێت ئه‌م ده‌ره‌نجامه نه‌رێنیانه بكرێنه كردار. په‌یامه‌كه‌ش ساده‌یه: زۆربه‌ی یاریده‌ده‌ره خۆراكییه‌كان رێناگرن له توشبوون به نه‌خۆشی درێژخایه‌ن یان مردن، بۆیه به‌كارهێنانیان هیچ سودێكی نیه و پێویسته خۆمانیان لێ به‌دوور بگرین.
هه‌روه‌ها ئه‌م به‌ڵگانه كاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌ش. دژه‌ئۆكسانه‌كان، ترشی فۆلیك و ڤیتامین بی زیانبه‌خشن یان كاریگه‌ریان نیه له‌سه‌ر خۆپاراستن له نه‌خۆشی درێژخایه‌ن. بۆیه ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی دیكه له‌سه‌ر خۆپاراستن سودی نابێت. هه‌رچه‌نده تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر ڤیتامین دی D هێشتا بوارێكی كراوه‌یه به‌تایبه‌ت له‌و كه‌سانه‌ی كه كه‌می ڤیتامینه‌كه‌یان هه‌یه. تاقیكردنه‌وه پزیشكیه‌كان تاوه‌كو ئێستا ناڕوونن و هه‌ندێكجار دژبه‌یه‌ك بوون. بۆ نمونه، به‌كارهێنانی ڤیتامین دی D له‌وانه‌یه ببێته هۆی رێگه‌گرتن له كه‌وتن له كه‌سانی به ته‌مه‌ندا، له هه‌ندێك تاقیكردنه‌وه‌دا مه‌ترسی كه‌وتنیان كه‌م كردۆته‌وه، به‌ڵام له هه‌ندێكی دیكه‌دا هیچ كاریگه‌ریان نه‌بووه و له یه‌كێک له تاقیكردنه‌وه‌كاندا بۆته هۆی زیادكردنی مه‌ترسی كه‌وتن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی نوێ پێویستن بۆ تێگه‌یشتن له به‌كارهێنانی ڤیتامین دی، بەشێوەیەکی دروست، بەڵام بەکارهێنانی به‌ربڵاوەی بەم شێوە باوەی ئێستا لەسەر بنەمای ئەوە نیە کە سوده‌كانی زیاترن له زیانه‌كانی.
چه‌ندین توێژینه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكی ئه‌وه‌یان پیشانداوه کە خواردنی فره‌ڤیتامینه‌كان وه‌ك یاریده‌ده‌ری خۆراك هیج سودێكی ته‌ندروستییان نیه. ئه‌م به‌ڵگه‌یه له‌گه‌ڵ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی دیوه بایۆلۆجیه‌كه‌ی پێشنیازی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی كه هه‌یه، جا سود بێت یان زیان، له‌وانه‌یه بچوك بێت. لەچەندین تاقیکردنەوەی قەبارە گەورەی کۆکردنەوەی داتاوە لەبارەی ڤیتامی ئی E دەرکەوتووە کە تاقیکردنەوە نۆرینگەییەکان شیاونین بۆ دەرخستنی کارییگەریی یەکجار کەم، هەروەها تاقیکردنەوە لە داهاتوودا لەبارەی کاریگەری فرەڤیتامینەکان لەبەرگرتن لە نەخۆشی درێژخایەن لەو کەسانەدا کە خۆراکی باش دەخۆن پێدەچێت بێسودبێت.
له‌ئەنجامدا، به‌ركاهێنانی بێتا كارۆتین، ڤیتامین ئی و بڕێكی زۆر له ڤیتامین ئه‌ی وه‌ك یاریده‌ده‌ری خۆراك زیانبه‌خش دژه ئۆكسانه‌كانی دیكه و ترشی فۆلیك و ڤیتامین بی و فره ڤیتامین و كانزاكانیش هیچ كاریگه‌ریه‌كیان نیه لەسەر تەمەندرێژی و مردن به‌هۆی نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان ئه‌گه‌ری ئه‌وه وه‌لانانێن كه ره‌نگه سود یان زیانی بچوك یاخود سود یان زیانی گه‌وره‌یان هه‌بێت له كۆمه‌ڵه‌ی دیاریكراوی دانیشتواندا. بۆیه ئه‌وه روونه كه به‌كارهێنانی زۆربه‌ی ڤیتامین و كانزاكان وەک یاریده‌ده‌ری خۆراك له كه‌سانێكدا كه خۆراکی باش ده‌خۆن هیچ سودێكی ته‌ندروستی نیه و ره‌نگه زیانیشی هه‌بێت. بۆیه نابێت ئه‌م ڤیتامینانه چیتر به‌كاربهێندرێن بۆ رێگه‌گرتن له نه‌خۆشی درێژخایه‌ن.
سه‌رچاوه: بڵاوكراوه‌ی شیكردنه‌وه‌ی پزیشكی گشتی
PM:12:36:19/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 1337
جار خوێنراوه‌ته‌وه