‌هەوکردنی جیوبەکان هۆكار و چاره‌سه‌ر

وێستگە ستایل-

هەموو مرۆڤێک لە ناو ئێسکەکانی کەلەی سەری و ڕوومەتیدا خانەی پڕلەهەوا( جیوبەکان)ی هەیە بەجۆرێک کە دەکەونە خوار چاوەکان، نێوان چاوەکان ،سەر هەردوو چاو و پشتەوەی چاوەکان لەناوەوە. لە حاڵەتی ئاساییدا هەوایان تێدایە و بەڵام لەکاتی گیران و داخرانی کونی جیوبەکاندا تووشی هەوکردن دەبن و پێی دەوترێت هەوکردنی جیوبەکان.

هەوکردنی جیوبەکان نەخۆشیەکی زۆر باوە، تووشی گەورە و منداڵ دەبێت، ئەوەی وا دەکات یەکێك زۆر تووشی هەوکردنی جیوبەکان بێت ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی‌ خواره‌وه‌یه‌:

۱. بوونی هەندێ نەخۆشی بۆماوەیی کە تێیدا جیوبەکان ناتوانن خۆیان پاك بکەنەوە لە شلەی ناویان.
۲. هەندێ ناتەواوی لە پێکهاتەی جیوبەکان وەکو گەورەبوونی گۆشتەکانی دیواری لووت و پڕبوونی بە هەوا، خواری دیوار و کۆڵەکەی لووت.
۳. هۆکاری ژینگەیی وەکو جگەرە کێشان، هەڵمژینی هەندێ گاز و بۆنی زیان بەخش و تەپ و تۆز.
٤. هەندێ نەخۆشی وەکو حەساسیەی لووت
۵. بەکارهێنانی هەندێ دەرمان

نیشانەکان:
۱. سەر ئێشە و ئازاری پێشەوەی سەر
۲. تووندبوونی پێشەوەی سەر
۳. لووت گیران
٤. هاتنە خوارەوەی چڵم لە پێشەوەی لووت یان دواوەی لووت بۆ پشتەوەی دیواری قوڕگ.
۵. کەمبوونەوە یان نەمانی هەستی بۆنکردن
٦. هەوکردن و ئیفرازاتی لەناو کوونی لووت کە هەندێ جار کەسەکە بۆنێکی ناخۆش لە لووتی یان دەمی دێت.
۷. کۆکە بەتایبەت لە شەودا
۸. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.
۱۰. هەستکردن بە ماندوویەتی
۱۱. ئازاری ڕوومەت و ددانەکان
۱۲. توندبوون و ئازاری گوێ.

دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە:
بە پشت بەستن بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە، دەتوانرێت ئەو نەخۆشیە بدۆزرێتەوە و دەستنیشان بکرێت.
وەرگرتنی تیشك بۆ نەخۆش پێویست نیە تەنها لە حالەتێکدا نەبێت گوومان لەسەر دۆزینەوەی نەخۆشیەکە هەبێت.

چارەسەر:
۱. چارەسەر بە دەرمان: باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەری هەوکردنی جیوبەکان، نەخۆش سوودی ئێجگار باشی لێدەبینێت. 
۲. چارەسەر بە نەشتەرگەری: ئەگەر هاتوو چارەسەر بەدەرمان سەرکەوتوو نەبوو، یان هۆکاری هەوکردنی جیوبەکان دیار و ئاشکرا بوو وە بەنەشتەرگەری بتوانرێ ئەو هۆکارە لاببرێت ئەوا نەشتەرگەری بۆ کەسەکە دەکرێت و ئەبێت پزیشکی پسپۆڕ ئەو بڕیارە بۆ بدات.

د.محمد سبحان محمد
پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی
قوڕگ و لووت و گوێ


PM:12:43:18/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 9781 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌