‌ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ سه‌رئێشه‌ی‌ نیوه‌ نه‌تزانیوه‌

وێستگە ستایل-

لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئازاری سه‌ر بریتین لە (سه‌رئێشه‌ی‌ هیلاكی)، سەرئێشه‌ی‌ نیوەیی(شەقیقە) ‌سه‌رئێشه‌ی‌ هیێشوویی، هەوكردنی گیرفانە هەواییەكان، ئازاری دەماری ژمارە 5 ، ئازاری دەم و چاو، سەرئێشە بەهۆی خویێنبەربون و جەڵتە و گرێی مێشك، هەوكردنی پەردەی میێشك(سحایا)، ئازاری گوازراوە لە چاو و مل و ددانەكان،هەندێك كەس تووشی سەرئێشه‌ دەبن بەهۆی زۆر بەكارهێنانی دەرمان كه‌ پێی ده‌وترێت (سه‌رئێشه‌ی‌ دەرمانی).

شه‌قیقه‌ جۆرێكی باوی سه‌رئێشه‌یه‌ك كه‌ یه‌ك لای سه‌ر ده‌گرێته‌وه‌، ئازاره‌كه‌ وه‌كو لێدانی خوێنبه‌ره‌كان وایه‌ و ئێشێكی زۆر سه‌خته‌، له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێكدا ڕووده‌دات به‌ڵام زیاتر له‌ نێوان 15-55 ساڵی ته‌مه‌ن په‌یدا ده‌بێت و لە ژنان زیاتر ڕوودەدات، زۆر لە نەخۆشەكان لە خانەوادەكەیان ئەم نەخۆشیە هەیە.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ زۆر له‌ حاڵه‌ته‌كانی شه‌قیقه‌ به‌ سه‌رئێشه‌ی  گرژی یان  سه‌رئێشه‌ی گیرفانه‌ هه‌واییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێت و چاره‌سه‌ری ته‌واوی نه‌خۆشه‌كه‌ ناكرێت.

زۆربه‌ی خه‌ڵكی كه‌ به‌ده‌ست  سه‌رئێشه‌ی شه‌قیقه‌ ده‌ناڵێنن تێبینی  ئەوه‌یان كردوه‌ كه‌ هه‌ندێ خواردنی وه‌كو په‌نیری لەقوتونراو، مۆز،نه‌سته‌له‌، شه‌ربه‌تی گیراوە، مەی خورادنەوە هانی دروست كردنی حاڵه‌ته‌كه‌ ده‌ده‌ن.

-هه‌ندێك له‌و فاكته‌رانه‌ی تر كه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆ سه‌ریه‌شه‌كه‌ برتین له‌ هیلاكی، برسیەتی‌،تیێكچوونی خەو، دڵه‌راوكێ،رووناكی تیژ،ده‌نگه‌ ده‌نگی به‌رز و خواردنی حه‌بی مه‌نع، هه‌ندێ ئافره‌ت له‌ نزیكی سوڕی مانگانه‌ تووشی ئه‌م سه‌ریه‌شه‌ ده‌بن (بەلام لە ماوەی‌ سكپری‌ سەختی‌ سه‌رئێشه‌ كەمتر دەبیێتەوە).

- كاتێك سه‌رئێشه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ ماوه‌ی 4 سه‌عات- 4 رۆژ ده‌خایه‌نێت ،ماوه‌ ماوه‌  سه‌رئێشه‌ی بۆ دێت، له‌ كاتی حاڵه‌ته‌كه‌ یه‌ك لای سه‌ری دێشێت،  سه‌رئێشه‌ی له‌ شێوه‌ی لێدان دایه‌ و به‌ جووڵه‌ و چالاكی زیاد ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ هێڵنج و ڕشانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدابێت.

- نەخۆشەكە هه‌ندێ ناڕه‌حه‌تی پێش وه‌خت aura هەست پێدەكات پێش ئه‌وه‌ی‌  سه‌رئێشه‌ی بۆ بیێت وه‌كو لێڵ بوونی بینین، بینینی تیشك و فلاش، بۆنكردنی بۆنێكی تایبه‌ت، ته‌زین و مێرووله‌ كردنی په‌نجه‌كان.

- له‌كاتی شه‌قیقه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ زۆر بێزار ده‌بێ بۆ ڕووناكی و ده‌نگه‌ ده‌نگ و قه‌ڕه‌باڵغی، بۆیه‌ حه‌ز ده‌كات له‌ شوێنێكی تاریك و بێده‌نگ بمێنێته‌وه‌.

- هه‌ندێكجار نه‌خۆشه‌كه‌ بەشیێوەیەكی‌ كاتی‌ تووشی بێهێزی په‌له‌كانی ده‌بێت ، یان تووشی له‌ كاركه‌وتنی قسه‌كردن ده‌بێ، ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشیە ئه‌م حاڵه‌ته‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ڕووده‌دات و دوای نەمانی‌  سه‌رئێشه‌ی ئەمیش نامێنێ.

زۆر ڕێگا به‌كاردێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی  سه‌رئێشه‌ی شه‌قیقه‌ وه‌كو گۆرانكاریكردن له‌ شێوازی ژیان بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ ڕوودانی  سه‌رئێشه‌ی ، بۆ نمونه‌ پێویستە نەخۆشەكە تێر خه‌وبێت و وەرزش بكات و خۆی‌ بەدوور بگرێت له‌و خواردنانه‌ی‌ كه‌  سه‌رئێشه‌ی  بۆ دێنێت.

-ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ به‌ خواردنی حه‌بی مه‌نع سه‌رئێشه‌ی  بۆ دێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ریه‌شه‌كه‌یان سه‌خته‌ وا باشه‌ واز له‌ حه‌بی مه‌نع بێنن.

بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ خراپتر بوونی حاڵه‌ته‌كه‌ وا باشه‌ له‌ كاتی حاڵه‌ته‌كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ بچێته‌ ژوورێكی تاریك و بێ ده‌نگ.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوه‌تی حاڵه‌ته‌كه‌ وا باشه‌ به‌ زوویی سه‌ردانی پزیشكی پسپۆر بكرێ، ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ بخاته‌ ژیر چاره‌سه‌ری ده‌رمانی بۆ بنه‌بڕكردنی سه‌ریه‌شه‌كه‌.

-ئه‌گه‌ر سه‌رئێشه‌كه‌ زوو دووباره‌ بۆوه‌ یان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ مایه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ پزیشكی پسپۆر چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ داده‌نێ بۆ ڕیێگەگرتن لە دروست بوونی حاڵەتەكە ( دەرمانی‌ خۆپارێزی)،واته‌ پێویسته‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ بخوات بۆ ئەوەی‌ سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ بۆ نەیەت.

ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسكردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ ده‌رمانی ئازار شكێن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ یان به‌ بڕێكی زۆر بخورێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌ریه‌شه‌كه‌ خراپتر بكات یان ته‌نانه‌ت خۆی ببێته‌ هۆی  سه‌رئێشه‌ ( سه‌رئێشه‌ بەهۆی‌ دەرمان)، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌و بڕه‌ی كه‌ پزیشك بۆی دیاریكردووە  سه‌رئێشه‌كه‌  هه‌ر باش نه‌بوو پێویسته‌ نەخۆشەكە له‌ ژێر چاودێری دكتۆر چاره‌سه‌ری تر وەرگرێت.

د.داهات حوێزی‌
پزیشكی‌ پسپۆری‌ هەناوی‌ و نەخۆشیەكانی‌ دڵ 


PM:12:14:08/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 787 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌