‌نه‌خۆشی پەشێوی خوڵق (مەزاج) ی دووجەمسەری چییه‌؟

وێستگە ستایل-


یەکێکە لە نەخۆشیە دەرونیەکانی پەیوەست بە خوڵقی مرۆڤەوە، کە تاکی توشبوو دوچاری نۆرەی خەمۆکی و شادی دەبێت دەگونجێت سەرەتا نەخۆشیەکە بە دەرکەوتنی خەمۆکی یان شادی دەستپێبکات.


 نۆرەی شادی بریتیە لە بارێکی خوڵقی توند کە کەسی توشبوو هەست بە دڵخۆشیەکی لە ڕادەبەدەر یان توڕەبونێکی توند دەکات، لەگەڵ چەند نیشانەیەکی تری وەک:

• بەدگومانی لەخۆبایی بوون یان زیاد لە پێویست بڕوابەخۆبوون، لەم حاڵەتەدا نەخۆش بڕوای وایە کە ئەم کەسێکی جیایە لە خەڵکی و توانایەکی لەڕادەبەدەری هەیە، بۆ نمونە هەندێ جار خۆیان وێنا دەکەن وەک پێغەمبەر یان کەسێک کە زیاد لە چەند زمانێک بزانێت، لەکاتێکدا کە نایزانن، نەخۆش هەیە دەڵێت من زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئەڵمانی دەزانم، بەڵام کاتێک لێ ی دەپرسیت قسەیان پێبکات ناتوانێت، یاخود لە هەر زمانێک وشەیەک یان دوو وشە دەزانێت.

• بابەتی قسەکان تێکەڵ دەکات، واتە ئەگەر بەزمانێکی سادە بڵێین وەک چێشتی مجێور لە بابەتێکەوە دەچێت بۆ بابەتێکی تر و لە کاتێکدا هیچ پەیوەندیەکیان نیە یان پەیوەندیەکی زۆر ڕوکەشیان پێکەوە هەیە.

• زۆرقسەکردن، بەجۆرێک هەندێجار لە کاتی گفتوگۆ ڕێگا بەلایەنی بەرامبەر نادات قسەکانی دەربڕێت
• لاوازی سەرنج
• لەڕووی وزە و حەزی سێکسی بەهێز دەبن
• ئارەزووی نوستن و پێویستیان بە خەو کەم دەبێتەوە
• قسە و ڕەفتاری سەرکێشی و لادەر لە شوێنی گونجاو، تەمەن، و داب و نەریت و ئاینیان دەبێت.

نەخۆشیەکە بەگشتی پەککەوتەیی دروستدەکات، بەتایبەت لە کاتی نۆبەی نەخۆشیەکەدا، و لە نزیکەی یەک لە سەدی دانیشتوان دەبینرێت، بە یەکسانی لە نێر و مێ دا.

بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە پێویست بە دەرمان دەکات، و هەندێجار پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە دەکات بە تایبەت لە کاتێکدا نەخۆشەکە مەترسی بۆ خۆی و یان دەوروبەری دروست بکات. لە هەندێ حاڵەتی کەمیشدا پێویست بە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا دەکات.

د.هێمن فاتح حمەکریم
پزیشکی پسپۆڕی دەرونی


PM:03:01:17/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 4615 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل