‌نیشانه‌كانی داون و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌یه‌

وێستگە ستایل-


داون ناڕێکییەکی کرۆمۆسۆمییە کە هەموو خانەکانی لەشی کەسەکە تێیدا کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢١ یان لە جیاتی جوتێک، سێ کرۆمۆسۆمی هەیە و بە ترایسۆمی ناودەبرێت، واتا کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢١ کرۆمۆسۆمێکی زیادەی هەیە ( بروانه وینه كه ی‌ ده سته راستت) ، بەواتایەکی تر کۆی کرۆمۆسۆمەکانی هەر خانەیەکی لەشی ٤٧ کرۆمۆسۆمی تێدادەبێت نەک ٤٦ و ٪٩٤ حاڵەتەکانی داون دەگرێتەوە.

لە گەڵ چونە تەمەنی خانماندا ( بۆ وێنە تەمەنی ٣٥ ساڵی و بەرەو سەر) ڕسکی (شانسی ڕودانی) ئەم ناڕێکییە زیاد ئەکات، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە لە تەمەنەکانی خوار ٣٥ ساڵی ڕونادات، هەربۆیە زۆرێک لە دایکانی داون لە خوار تەمەنی ٣٥ ساڵی یەوەن.

یاخود لەوانەیە ناڕێکییەکە ئەوە بێت کە قۆڵی یەکێک لە جوت کرۆمۆسۆمەکانی (١٣،١٤،١٥،٢١،٢٢) درێژتر بێت و بە ترانسلۆکەیشن ناودەبرێت ٪٤ ی هەموو حاڵەتەکان ئەگرێتەوە. هەندێ جاریش ئەم ناڕێکییە تەنها لە نیوەی خانەکاندا ڕووئەدات، واتا نیوەی هەموو خانەکانی لەشی ئاسایی دەبن وکاریگەریی ناڕێکییەکە قورس نابێت، ئەتوانن بخۆێنن و وەچەش بخەنەوە، ئەم جۆرەیان بە مۆزایک ناودەبرێن و ٪٢ هەموو حاڵەتەکانی داون ئەگرێتەوە.
بۆ یەکەمجار ئەم ناڕێکییە لە ساڵی ١٨٦٦ لە لایەن پزیشکی بەریتانی (جۆن لانگدۆن داون) باسکراوە بەڵام هۆکارەکەی لە ساڵی ١٩٥٩ دۆزرایەوە کە ناڕێکییەکی کرۆمۆسۆمی یە.

ڕێژەی ڕودان:
داون سیندرۆم بە ڕێژەی ١/٦٠٠-١/١٠٠٠ لە ناو مناڵانی تازەبوودا دەرئەکەوێت،

گرفت ونیشانەکانیان:
١) گۆشەی نێوان پێڵوەکانی چاویان بۆ سەرەوە لاربۆتەوە، پشتە سەریان تەختە، دەست وپەنجەیان کورت و تەنها یەک خەتی ناوەڕاستی لەپی دەستیان هەیە. 
٢) لەبەر بچوکی بۆشایی دەمیان زۆربەی کات زمانیان لەدەرەوەیە.
٣) زۆربەیان نەخۆشی زگماکی دڵیان هەیە.
٤) ماسولکەیان خاوە و شلە پەتێن ،بۆیە ئه شئ ماسولکەکانی پشتیان نه توانن پارێزگاری لە بڕبڕە و دڕکە پەتکیان بکەن و له وانه یه بە زەبرێک کە بۆ خەڵكی ئاسایی کوشندە نیە بەڵام بۆ ئەوان بێتە هۆی مردنیان.
٥) توانایان بەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دەم و زمانیاندا نیە.توانای دەربڕینیان کەمە بەڵام توانای هەستکردنیان باشترە.
٦) باڵایان کورتە و پێیان تەختە.
٧) ئەشێ گلاندی دەرەقییان کەم ئیشبکات، بۆیە پێویستە ساڵانە پشکنینی فەرمانی ئەم گلاندەیان بۆبکرێت.
٨) ئەشێ کێشەی بیستنیان هەبێت.
٩) کێشیان زیادە.
١٠) لەوانەیە گەشکەیان لە گەڵدا بێت.
١١) کێشەی ددانیان هەیە.
بە بەراورد بە مناڵانی ئاسایی ئەم جۆرە مناڵانە لە پێشکەوتنی فەرمانەکانی جەستەیان دوادەکەون ، بۆ نمونە دانیشتن ٦-٣٠مانگ، وەستان لەسەرپێ ١-٣ ساڵ، ڕێکردن ١-٤ ساڵی، وتنی وشە ١-٤ ساڵی، وتنی ڕستە ٢-٧سالی، کەوچکگرتن ١٣-٣٩ مانگی، توالێتکردن ٢-٧ساڵی.

چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە مناڵانەدا:
هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە پاڵپشتی دەرونی دایک و باوکی ئەم جۆرە مناڵانە بکرێت لە پێناو کەمکردنەوەی ئەو گرژیی و پەستانە
دەرونی وکۆمەڵایەتییەی کە بۆیان دروست بووە بە هاوکاری پسپۆڕ و ڕاوێژکاری تایبەت. هەروەها جێکردنەوەیان لە ناو سەنتەرە تایبەتەکانی پەروەردەدا.

زانیارییە نادروستەکان دەربارەی داون سیندرۆم
ئەم خاڵانەی خوارەوە زانیاریی هەڵەن دەربارەی داون سیندرۆم:
١) حاڵەتێکی شازە.
٢) نەخۆشییەکی بێزارکەرە
٣) داون سیندرۆمەکان بیرکۆڵی توندییان لە گەڵدایە و فێری خوێندن و نوسین نابن.
٤) ناتوانن لە هیچ جێگایەکدا کاربکەن.
٥) ناتوانن پەیوەندی خۆشەویشتی دروست بکەن و هاوسەرگیریی بکەن.
٦) هەمیشە دڵخۆش و بە کەیفن.


د. جه‌مال مه‌عروف
پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی منداڵان  


PM:04:58:09/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 3360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل