‌هەڵوێست (700 دینار)ی بڵاوكردەوە

وێستگە ستایل-


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

هونەرمەند هەڵوێست نوێترین ئەلبومی بەناوی (700 دینار) بڵاوكردەوە و بەشداری فیلمێكی سینەماییش دەكات.

ئێوارەی 12ی ئابی 2018، هونەرمەند هەڵوێست لە مەراسیمێكی فراواندا لە كافێی (moka-more) بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەند و هەوادارانی دەنگی ئەو هونەرمەندە، نوێترین ئەلبومی خۆی بڵاوكردەوە.

هەڵوێست لە لێدوانێكدا بۆ وێستگە نیوز رایگەیاند، هۆكاری ناونانی ئەلبومەكەی بۆ (700 دینار) ئەوەیە ساڵی 2011، خوشكەكەی 700 دیناری پێداوە و ئەویش چووە كارێكی هونەری پێكردووە، ئاماژەی بەوەشكرد بەرهەمەكەی 9 گۆرانی نوێ و سێ گۆرانیشی پێشتر وتراوە.

هەر لە مەراسیمەكەدا پەردە لەسەر پەیكەرێكی هەڵوێست لادرا كە لەلایەن هونەرمەند چێنەر نزار دروستكرابوو، لەو بارەیەوە هەڵوێست روونیكردەوە، لە منداڵییەوە هاوڕێی چێنەرە بۆیە بیرۆكەكە لەلایەن چێنەر بووە و ئەویش پێی باشبووە.

ئەم هونەرمەندە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەزموونێكی نوێ لە ژیانی هونەریی تاقی دەكاتەوە ئەویش بەشداریكردنە لە فیلمێكی سینەمایی لە نووسینی رۆژنامەنووس عەبدولغەفار عەبدوڵا و دەرهێنانی هونەرمەند شوان عەتوف.



لەو بارەیەوە هەڵوێست وتی "ئەمەش ئەزمونێكی نوێیە و هیوادارین بتوانین تێیدا سەركەوتوو بین و هەوڵ دەدەین تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی بكەین".



هەڵوێست لە رۆژانی رابردوودا نوێترین كلیپی بەنێوی (شێت) بڵاوكردەوە و بۆ جەژنی قوربانیش كلیپی (عەشق) بڵاودەكاتەوە.


AM:08:37:13/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3225 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌