‌پێش ئه‌وه‌ی‌ بۆتۆكس بكه‌یت ئه‌م ده‌رمانه‌ به‌كارمه‌هێنه‌

وێستگە ستایل-


بۆتۆکس بریتییە لەو مادەیەی کە پاش پوختەکردن لە ژەهری بۆتولینیەم (جۆری A) دروست دەکرێت و ژەهری بۆتولینیەم ژەهرێکە کە بەکتریای کڵۆستریدیەم بۆتولینیەم (Bacterium Closridium Botulinium) دروستی‌ دەکات و لە بواری جوانکاریدا بەکاردەهێنرێت بۆ لابردنی چرچ و لۆچی پێستی دەمووچاو .

 ئەم دەرمانە ماسولکەکانی دەمووچاو خاو دەکاتەوە و ڕێگە لە گرژبوونی دەگرێت لەڕێگەی نەهێشتنی ئیشی مادەیەکەوە کە پێی دەڵێن ئــەسیتایل کۆڵین (Acetylcholine) .

بۆتۆکس لەڕێگەی دەرزیەکەوە دەدرێت لەو بەشەی دەموو چاو کە چرچی تێدا دەرکەووتووە بەبێ بەکارهێنانی دەرمانی سڕکەر، نزیکی ســێ بۆ حەوت ڕۆژی دەوێت تا کاریگەریەکانی دەربکەوێت لەسەر دەمووچاو.

باشترە دوو هەفتە پێش بەکارهێنانی بۆتۆکس هەندێک دەرمانی وەک ئەسپرین بەکارنەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی شین بوونەوەی دەموو چاو و کاریگەری بۆتۆکس لەسەر دەموو چاو سێ بۆ چوار مانگ بەردەوام دەبیت پاشان ووردە ووردە ماسولکەکان دەست بە گرژبوون دەکەن و چرچیەکانی پێست دەردەکەونەوە .

- زیانە لاوەکیەکانی:
۱-شینبوونەوەی پێست بۆماوەیەکی کاتی.
۲-سەرئێشە لە دوو ڕۆژی یەکەمدا.
۳-نیشتنی پێڵووی چاو (بۆ ڕێگەگرتن لەم زیانە باشترە تا ۱۲ کاتژمێر دەست لەو شوێنە نەدرێت کە بۆتۆکسی لێدراوە ، وە سەردانەواندن لە کاتژمێری یەکەمی دوای چارەسەر).
٤-گڕبونی دەنگ و بوونی کێشە لە قوتدانی خواردن و دەربڕینی ووشە و بوونی کێشە لە کۆنتڕۆڵی میزکردن (ئەم زیانانە کاتێک ڕوو ئەدا کە بۆتۆکسەکە بڵاوببێتەوە بۆ بەشەکانی تری لەش).

 هەندێک کەس ڕه‌نگه‌ هه‌ستیاری بە بۆتۆکس هەبێت بۆیە ئەگەر دوای بەکارهێنانی توشی هەناسە توندی و خوران و گێژبوون کرد باشترە دکتۆری پسپۆڕ ئاگادار بکەیتەوە و ئافرەتی دووگیان و دایکی شیردەر  نابێ بۆتۆکس بەکار بهێن.


PM:12:42:12/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 9011 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل