‌چۆنێتى خۆپاراستن لە سیسرک

وێستگە ستایل-


ماوەیەکە عیراق بە گشتى و ناوچەى گەرمیان بەتایبەتى دووچارى هێرشى بە کۆمەڵى سیسرک بوونەتەوە، بووەتە مایەى بێزارى و ترس و دڵەڕاوکێ، کار گەیشتووەتە بەجێهێشتنى ماڵ لە ترسى هێرشى سیسرک.

ئەم جۆرە سیسرکە بە ئینگلیزى Field Crickets پێدەوترێت و ناوى زانستى Genus Gryllus نیشتمانى سەرەکى ئەمریکاى باکوورە دواتر بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، زیاتر لە 900 جۆرى جیاوازى هەیە.

لە هاویندا لەناو کێڵگە و گژوگیادا دەژین و خۆراکى سەرەکى ڕووەک و پاشماوە و خۆڵ خاشاکە و هەندێکجاریش مێروو دەخوات، نێرینەکانى دەنگێکى تایبەتى بێزارکەر دەردەکات بەمەبەستى جووتبوون، بەهێزیی ئەو دەنگە دەگاتە 92 دیسیبیل، کە مرۆڤ دەتوانێت لە دوورى 600 مەتر گوێی لێبێت، بەژماردنى ئەو دەنگانەى کە سیسرک لەماوەى 13 چرکەدا دەریدەکات و کۆکردنەوەى لەگەڵ ژمارە 40 دەکاتە پلەى گەرمى ئەو ڕۆژە بە نزیکى!

سیسرک لە پایزدا هێلکەکانى لەناو خاکدا دادەنێت لەهاتنى وەرزى بەهاردا هێلکەکان دەتروکێن و تا ساڵێک دەژین، هەرچەندە لە چەند ناوچەیەکى جیهان هاتنى ئەم جۆرە سیسرکە بەنیشانەى بەختێکى باش دادەنرێت، بەڵام زۆربوونى سیسرک دەبێتەهۆى زەرەر و زیانێکى زۆر بۆ بەروبوومە کشتوکاڵیەکان و لەناوچوونیان، بۆ خۆپاراستن لێى و لەناوبردنى پێویستى بە گرتنەبەرى ئەم ڕێگاچارانە هەیە.

1-ئەم ڕێگەیە ئاسانە و سیسرکەکان لە کون و قوشبنى ماڵ رادەکێشێت، ئەوەش بە بەکارهێنانى 1 کەوچک دۆشاوى خورما تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاودا لەناو قاپێکى قوڵدا و لەو شوێنە دادەنرێت کە سیسرکى زۆرە، سیسرکەکان یەکسەر باز دەدەنە ناو قاپەکە کە بۆنیان کرد، پێوستە ماوەى جارێک ئەو گیراوەیە بگۆڕدرێت و دووبارە گیراوەکە دابنرێتەوە.

2- بەکارهێنانى قڕکەرى مێرووى کیمیاویى، پێوستە جۆرێک بێت کە تایبەت بێت بە سیسرکەوە، پێویستە بپرژێت بەسەر بنمیچ و دەرگا و پەنجەرەکاندا، دەبێت بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت، چونکە مادەى کیمیاویی و ژەهرواى تێدایە.

3-بەکارهێنانى لەزگە لەو شوێنەى کە سیسرکى لێیە، ئەم شێوازە بۆ ئەو شوێنانە گونجاوە کە مندالى ساوا و ئاژەڵى ماڵی تێدایە ومەترسى هەیە لە بەکارهێنانى قڕکەرى کیمیایى.

4- لە ناوبردنى هێلکەى سیسرکەکان بە بەکارهێنانى گسکى کارەبایى بۆ پاککردنەوەى سەر فەرش و ناوماڵ، چونکە سیسرکەکە هێلکە دەکات لەو شوێنەى لێى دەمێنێتەوە، ئەگەر زوو لەکاتی خۆیدا لەناوی نەبەیت دواتر کۆنترۆڵکردنى ئاسان نابێت.

5-داخستنى دەرگا و پەنجەرە، داخستنى ئەو درزانەى کە هەیە بۆ ڕێگرییکردن لە هاتنە ژوورەوەی سیسرک بۆ ناوماڵ.

٦-بڕین و کورتکردنەوەى هەرێز و لەناوبردنى گژوگیاى باخچەى ناوماڵ بەمەبەستى لە ناوبردنى حەشارگەى سیسرکەکە.

٧-دوورخستنەوەى و سەرداپۆشینى شوێنى خۆڵ و خاشاک کە دەبێتەهۆى کۆبووونەوەى سیسرک.


PM:03:55:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 16168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل