‌تەمەنی ١٢٠ ساڵە و کێشەی تەندروستی نییە

وێستگە ستایل-

عوش باقی تەمەن ١٢٠ ساڵ، یەکێکە لە بەتەمەنترین کەسەکانی جیهان، لە یەکێک گوندەکانی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەژی، ئەو پێی وایە، ژیانی دەشت و لادێ تەمەنی درێژ بە مرۆڤ دەبەخشێت.

عوش باقی ساڵی ١٨٩٨ لە دایکبووە، حەوت منداڵی هەیە، بچوکەکەیان تەمەنی ٦٥ ساڵە و گەورەکەی تەمەنی ٨٠ ساڵە، هاوسەرەکەی ٣٤ ساڵ پێش ئێستا کۆچی دواییکردووە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو ژنە بەتەمەنەدا کردووە و بە ڕۆژنامەنووسی ئاژانسەکەی وتوە، تائێستا وێنەم نەگرتوە، کاتێکیش رۆژنامەنووسەکە وێنەی گرتووە و وێنەکەی نیشانداوە، وتویەتی "زۆر بە تەمەندا چووم".

هەروەها دەڵێت، تائێستا نەچووەتە نەخۆشخانەکان و دوای ئەو هەموو تەمەنەش کێشەی تەندروستی نییە، ئەگەریش پێویستی بەچارەسەر بێت، چارەسەری سروشتی بەکاردەهێنێت، بۆیە ئامۆژگاری هەموان دەکات شارەکان جێبهێڵن و ڕووبکەنە دەشت و لادێکان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە دوای مردنی بەتەمەنترین کەسی جیهان بە ناوی جین کالمینت ١٢٢ ساڵ و شارە کناوس ١١٩ ساڵ، ئێستا عوش باقی بەتەمەنترین مرۆڤی جیهانە.


PM:10:46:13/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 2359 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل