‌چۆن وا لە کچێک دەکەیت تۆی خۆشبووێت؟

وێستگە ستایل-


کەوتنە داویخۆشەویستییەوە یەکێکە لە حەزە سەرەکەییەکانی مرۆڤ، کەم کەس هەیە نەیەوێت ببێتە خاوەنی پەیوەندییەکی خۆشەویستی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەو کەسەی کە خەونی پێوە دەبینێت.

چەندین تەکنیک و رێگا و رەفتار و زمانی جەستە هەن کە پیاوان دەتوانن پەیڕەویان بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی دڵی ئەو خانمانەی کە مەبەستیانە.

شارەزایانی بواری دەرووناسی مرۆڤ چەند رێسایەکی گشتیان دیاریکردووە کە پێویستە لەو کەسانەدا هەبن کە دەیانەوێت ببنە خۆشەویستی کەسێکی تر.

١- گرنگی دان بەخۆت

ئافرەتان زیاتر ئەو پیاوەنەیان بە دڵە کە گرنگی بەخۆیان دەدەن و بایەخێکی تایبەتیان هەیە بۆ جلوبەرگ و ستایلی قژ و بۆن و کاتژمێری دەست و پێڵاوی گونجاو و پاک.

دەرکەوتنت بە شێوەیەکی پاک و خاوێن و رێک و جوان زۆر جار بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تۆ هەست بە خۆشحاڵی دەکەیت و رێز لە خۆت دەگریت و کەسێکی شیاوی بۆ پەیوەندی خۆشەویستی.

دەتوانیت وەرزش بکەیت لە پێناو هەبوونی جەستەیەکی جوانتر و زیادبوونی ئاستی متمانە بەخۆبوونت.

٢- ژیانی خۆت بژی

پێویستە بیسەلمێنیت کە تۆ کەسێکی لاوازی کەم ووزە نیت کە توانای ئەنجامدانی هیچ جۆرە چالاکیەکی نییە لە ژیانیدا و خاوەنی هیچ بەهرە و ئارەزوویەک نییە، بەڵکو دەبێت ژیانێکی پڕ لە بەرهەم و چالاکیت هەبێت، پێویستە دوای خەون و ئارەزووەکانت بکەویت، چونکە هیچ ئافرەتێک حەز بە نزیکبوونەوە لە پیاوێکی بێ بەرهەمی بێ ووزە ناکات کە لە ژیانیدا تەنها کات بەسەر دەبات.

نابێت و خەون و ئارەزووەکانت لە پێناو هیچ ئافرەتێکدا بگۆریت، چونکە رەنگە ئەو کات ئافرەتەکە هەست بەوە بکات کە تۆ کەسێکیت خاوەنی بڕیار و قورسی خۆت نیت.

٣- سیفەتە جوانەکانی خۆتی نیشان بدە

ئافرەتان حەز بەو پیاوانە دەکەن کە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزن، بۆ هەبوونی کەسایەتییەکی بەهێز و تۆکمە پێویستە راستگۆ بیت و هەرگیز بۆ تەنها جارێکیش درۆی لەگەڵدا نەکەیت، پێویستە رێز لە چواردەورت بگریت، نابێت لە پێناو بەدەستهێنانی هیچ ئافرەتێک بێڕێزی بە کەس بکەیت لە بەردەمیدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت پیشانی بدەیت کە تۆ رێز لە هەمووان دەگریت بێ جیاوازی بەبێ هەبوونی هیچ مەبەستێک.

هەوڵبدە لەگەڵیدا بەهیچ جۆرێک بە خراپە باسی کەس نەکەیت و بە چاوێکی ئەرێنی لە هەڵەکانی خەڵک بڕوانیت.

٤- گاڵتەوگەپی لەگەڵدا بکە

یەکێک لەو رێگایانەی کە هاوکاریت دەکات گفتوگۆیەک دەستپێبکەیت لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشت دەوێت بریتییە لە هەبوونی رووخسارێکی دەمبەخەندە و گێرانەوەی بەسەرهاتێکی خۆش یان نوکتەیەک.

ئاگاداربە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بە خۆی یان بە کەسێکی تر رابوێریت لەبەردەمیدا، چونکە رەنگە وا هەستبکات کە تۆ بێڕێزی پێدەکەیت یان بە کەم سەیری دەکەیت.

٥- هەرگیز خۆت هەڵمەکێشە

پێویستە متمانەت بە خۆت هەبێت و هەست بە ئاسوودەیی بکەیت، بەڵام زۆر کەس بەهەڵە متمانە بەخۆبوون و لووتبەرزی تێکەڵ دەکەن، جیاوازی متمانە بە خۆبوون و لووتبەرزی بریتییە لەوەی کەسی متمانە بە خۆبوو دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت و گەر شتێکی نەزانی دەڵێت نازانم، هەرگیز خۆی هەڵناکێشێت لای کەس.


PM:10:25:13/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 51059 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل