‌حەسەن زیرەك یان ئۆرڤێۆسی شەیدا

وێستگە ستایل-

دێرین حامید

هونەر لەنێو کوردا قەدری نەما، هونەر بۆ من بەهرەیەکی نەدا، هونەر بۆ من کارێکی نەکرد کە بەشوێنیا بچم.. چوون کوردم، وە بەزمانی کوردی قسە دەکەم ..!

ئەوە خەریکم دوو سێ گۆرانی بەم زەمانی پیرییەم دەڵێم بۆ عالەم، بۆ ئاخیری مەرگم کە نزیکەو زەمانێکە خوا حافیزی یەکجاری بکەم، بچمە ژێر گڵەوەو ئیتر بەشەری کورد نەبینم.)
(حەسەن زیرەک)

ـ حەسەن زیرەک خەدر لەو کاتەوەی دەرهەق پێی دەست پێدەکات، کە لەسەردەم و کاتێکدا دێتە دنیا کە هونەرو هونەرمەند و خودی ژیان بێقیمەت بووە.

تراژیدیای ژیانی زیرەک لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە ئەو دوو جار بەژیانی باجی کورد بوون دەدات.
جارێک ئەوەی ئەو مەحکومە بەوەی بۆ کورد گەلێ گۆرانی بڵێن قەدەرو ڕێزی هونەریان نییە وجاری دووەم ئەوەی کاتێ بەس لەبەر ئەوەی کوردەو بەکوردی گۆرانی دەڵێت، دەبێ لە سنورێکی دیاری کراودا قەتیس ببێ و نەتوانێ ببێتە هونەرمەندێکی جیهانی.

 زیرەک تەنها ئەوە نییە دەنگ بەرز کاتەوەو هاوارکات و وشەکان ریز کات، بەڵکو کاتێ بەتەواوی گوێ لە هاوارو گۆرانییەکانی دەگریت تێدەگەیت ئەم پیاوە عاشقە، عاشقێکی یاخی و سەرمەست و گەڕیدە.

سنورەکان و هاتوو چۆی قورسی شارەکان لە سنە، بۆ تاران، بۆ بەغداو لەوێوە بۆ کەرکوک و سلێمانی و هەولێر، وادەکات ئەم پیاوە وەک چۆن هەمیشە هەستی دیلی لەدەنگیدا هەبووەو دەیبینین، ئاواش وەک جەستە هەمان دۆخی هەبووبێت و بەدوای ئازادیدا بووبێ.

نەخۆشی، تەنیایی، هەژاری، بریندری و عەشق ناسنامەی دەنگ و هەستی زیرەکە، ئەمە وادەکات کە ئەو وشەکان وەک ئەوە بڵێ کە لە قوڵایی بوونییەوە دێتە دەرەوەو جیایی کاتەوە لە زۆربەی هەرە زۆری گۆرانی بێژانی دی.

زیرەک گۆرانی دەڵێ وەک ئەوەی تەنها هۆکاری مانەوە و بەستنەوەی بەژیانەوەبێت، نەوەک وەک ئەوەی کە خەڵکی دەیانەوێت و حەزیان لێیە.

 گەڕیدەی و هەژاری، دەبنە ئەو هۆکارەی کە زیرەک چەندین وێنەی نەشیاو چیرۆکی پڕ گاڵتەو ناشرین لە ژیانیدا دروست ببێ و ئەو خوان و دانیشتنانەی کە زیرەک پێی؛ شوێنێکی خەوتن و ژەمێ نانی دەست دەکەوت و  لە هەمان کاتیشدا بۆ خەڵکی گۆرانی دەوت و بۆ خۆی هاواری قەتیس ماوی ناخی دەر دەبڕێ.

زیرەک بۆ ئەوەی بتوانێ بژی و دەنگ هەڵبڕێ و گۆرانی بڵێ دەبوو ئەوەی قبوڵبێ کە کۆمەڵگا سەرەڕای سەرسامی پێی چۆن ئازاری دەدەن و سوکایەتی پێدەکەن ئەو هەر بەردەوام بێت.

ئامینە ئەو ناوە ئەفسانەییەیە کە پانتاییەکی گەورە لەدەنگی ئەم پیاوە داگیر دەکات، ئامینەی تاقانەی دایە دەبێتە پاڵەوانی دەنگی زیرەک، زیرەک دەباتە ئاستی ئۆر ڤێۆس، چۆن ئۆرڤێۆس دێوانە ئاسا بەدەنگی تۆڵەی مەعشوقی لەدەست چوی دەکاتەوە، بەهەمان شێوەی زیرەکیش وەک ئەو دەڕوات، گۆرانی دەڵێت، ئاوڕناداتەوە، بێ باکەو خۆی دەخاتە ناو بیری قوڵی تیرو توانجی کۆمەڵگاو ئامینە دەکاتە ئەفسانەی خۆی و ژنان بەدەنگی ڕاپێچی ناو حەزەکانی دەکات.


AM:10:17:27/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 2590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل