‌جۆرە باوەكانی نەخۆشی گورچیلە لە هەرێمی كوردستاندا چییە؟

وێستگە ستایل-


نه‌خۆشیه‌كانی گورچیله‌ یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌ بڵاوه‌كانی نه‌خۆشی له‌ جیهاندا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دكتۆره‌ مه‌له‌ك حسێن باس له‌ جۆره‌ باوه‌كانی نه‌خۆشیه‌كانی گورچیله‌ ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

د.مەلەك حسین لەكوردستان بەگشتی و لەشاری سلێمانیش بەتایبەتی زۆرترین جۆریان سستی گورچیلەكانە كە هۆكارەكەشی بۆ بوونی نەخۆشی شەكرەو پەستانی خوێن دەگەڕێتەوە، هەروەها هەوكردنی خانەكانی گورچیلەو بەردی گورچیلەش جۆرێكی ترن لەنەخۆشییەكانی گورچیلەو لەگەڵ چەند جۆرێكی تر

كێن ئەو كەسانەی تووشی سستبوونی گورچیلەكان دەبن؟ هۆكارەكانی چییە؟
د.مەلەك حسین: زۆربەی ئەوانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن ئەوانەن كە تەمەنیان زۆرەو هۆكارەكەشی بۆ بوونی نەخۆشییەكانی شەكرەو زەخت دەگەڕێتەوە، واتە ئەگەر بێت و نەخۆش دە ساڵ زیاتر شەكرەو زەختی لەگەڵدا بێت بەدرێژایی كات تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت، هەروەها چەندە نەخۆشییەكانی شەكرەو زەخت زۆرتر بێت ئەوەندەش حاڵەتی وەستانی گورچیلەكان زیاتر دەبێت .

چارەسەركردنی سیستی گورچیلەكان چییە؟

د.مەلەك حسین: دوو چارەسەر هەیە بۆ سستی گورچیلەكان، یەكێكیان ئەوكاتەیە كە دەگاتە قۆناغی كۆتایی ئەویش بە گۆڕینی گورچیلەو چاندنەوەیەتی، یان بەردەوام بوون لەسەر كاری شتنی گورچیلەكان ئەویش لەڕێی گورچیلەی دەستكردەوە دەبێت واتە لەبری گورچیلەی نەخۆش خوێنەكە دەپاڵێوێت و ئەو ئاوەی كە گورچیلەی نەخۆشەكە ناتوانێت دەری بكات لەڕێگەی ئەو كورچیلە دەستكردەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی لەش.

چاندنی گورچیلە چییەو چۆن دەكرێت؟
د. مەلەك حسین: پێویستە ئەو نەخۆشانەی كە گورچیلەیان سست بووە كەسێك هەبێت لە كەسوكاری نزیكی بێت یان هەر كەسێكی دیكە گورچیلەیەكی پێ ببەخشێت، پێویستە گورچیلەی بەخشراو بگونجێت لەگەڵ جەستەی نەخۆشەكەدا ئەویش لەڕێی چەندین پشكنینەوە دەردەكەوێت ، چونكە ئەگەر نەگونجاوبێت و لەماوەی كەمتر لە دوومانگدا توشی هەمان حاڵەت دەبێتەوە .

 ئاو خواردنەوە چ كاریگەرییەك لەسەر تەندروستی گورچیلەكان دروست دەكات؟
د. مەلەك حسین: تاوەكو گورچیلەكان باشن و تەندروستن پێویستە ئاوی زۆر بخورێتەوە چونكە ئاو خواردنەوە ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی بەردی گورچیلەدا كە گرفت بۆ گورچیلەكان دروست دەكات.

نیشانەكانی سست بوون یاخود گورچیلە وەستان چییە؟

د.مەلەك حسین: لەبەرئەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی هاوڵاتیان نزمە درك بەوە ناكەن كە نەخۆشییەكانی وەك شەكرەو زەخت چەند كاریگەری هەیە لەسەر گورچیلەكانیان، لەبنەڕەتدا كە گورچیلە دەوەستێت لەسەرەتادا هیچ نیشانەیەكی نیەو نەخۆش هەستی پێ ناكات بەڵام كە دەگاتە كۆتا قۆناغ هەست بە لەكاركەوتنی گورچیلەكانی دەكات نیشانەكانی بەدەر دەكەون وەك ئاوسانی قاچەكان و هەناسەی توندی و خورانی لەش هەروەها میزەكەی خوێنی لەگەڵدا دەبێت .

بۆیە وەك ئامۆژگارییەك هەر كەسێك پێویستە لانی كەم ساڵانە پشكنینی گشتی ئەنجام بدات بەتایبەتیش ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەو زەختیان لەگەڵدایە، پێویستە زوو زوو پكشنین بۆ گورچیلەكانیان ئەنجام بدەن لەبەرئەوەی زیاتر ڕووبەڕووی وەستان و لەكاركەوتنی گورچیلەكان دەبنەوە.


ئا:راگەیاندنی_تەندروستی_سلێمانی


AM:10:58:23/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 17060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل