‌ڕەفتارەكانی یەكەم ژووان

وێستگە ستایل-

ئەم بابەتە بۆ ئەوانە دەشێت کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەبێت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، واتە ئەوانەی کە دەیانەوێت یەکتر بناسن بەڵام بۆ یەکەم جارە یەکتر دەبینن یاخود یەکتریان ناسیووە بەڵام بۆ ژوانکردن و یەکترناسین یەکەم جارە لەگەڵ یەکتر دادەنیشن.

لەوانەیە هەست بکەیت کە پێویست ناکات لەم جۆرە بینینانە ئەتەکێت هەبێت چونکە لەهەموو حاڵەتەکان واباشترە کە هەردوو ڕەگەز سرووشتی مامەڵەبکەن، بێگومان ئەمە ڕاستە بەڵام زۆر جار کچان و کوڕان دەیانەوێت سەرنجی یەکتر ڕابکێشن بۆیە زیادەڕەوی دەکەن و ئەمەش ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت، بۆیە شارەزایانی ئەتەکێت پێیان وایە کە لەیەکەم بینین دەبێت ئەم چەند خاڵە پەیڕەوبکرێت :

١- ئەگەر تۆ کەسێکی زۆر بایەخ بە شیک پۆشی نادەیت واتە کەسێکی سادەیت ئەوا هەوڵمەدە لەو ڕۆژە زۆر شیک بیت واتە زیادەڕەوی مەکە وەک ئەوەی بچیتە ئاهەنگ، خانمان لێنسز و جلی یەک پارچە سوور و مەیکەپی تۆخ بەکارمەهێنن و بۆ کوڕانیش عەتری قورس  و قات لەبەرمەکەن، بەڵکو هەردوولا زیاتر بایەخ بە پاک و خاوێنی ددان و قژ وجل و بەرگتان بدەن.

٢- دەبێت ئەو کەسەی دەست پێشخەری دەکات خاوەنی داوەتنامەکە بێت، جا لێرە رەگەز گرنگ نییە بەڵام دەبێت هەر هەمان کەس خۆی کافێ یاخود رێستورانتەکە دەست نیشان بکات، دەشکرێت پێشنیاری چەند شوێنک بکات بەڵام نابێت شوێنەکە زۆر گران بێت و زیادەڕەوی نەكرێت وناشبێت زۆر هەرزان بێت بۆ نمونە ناکرێت لەیەکەمجار بینین بچنە کافێ یان ڕێستورانتێکی میللی، واباشترە ئەم جۆرە شوێنانە بۆ دواتر هەڵگرن.

٣- وەکو هەموو شتەکانی تر لەکاتی قسەکردنیش دەبێت هەردوولا هاوسەنگی ڕابگرن، بۆ نمونە بەشیاو دانانرێت لە یەکەم بینین زۆر پرسیار بکەیت، واباشترە تەنها چەند پرسیارێک بکەیت ولێبگەرێیت کەسی بەرامبەر خۆی قسەبکات، پێکەنین بەدەنگی زۆر بەرز و یاخود بێدەنگی لەڕادەبەدەر و شەرمنی بەشیاو دانانرێت، لەهەمان کاتیش ئەتەکێت وادەخوازێت ئەگەر لەیەکەم بینین هەستت کرد کە کەسی بەرامبەرت بەدڵ نییە پێویست ناکات زۆر ئەمە نیشان بدەیت وقسە وهەڵسوکەوتت بێ بایەخی پێوە دیاربێت بەڵکو بەڕێزەوە بایەخ بە کاتەکە بدە تا تەواو دەبێت.

٤- واباشترە زوو نەچیتە ناو بابەتی هەستیارەوە، وەکو گرفتت لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەت لە کار یان لەگەڵ خانەوادەکەت یان هاوڕێیەکانت، بە هەموو شێوەیەک لە قسە و بیرکردنەوەی نێگەتیڤ دووربکەوە، ئەگەر پێشتر پەیوەندیت هەبووە یان دەزگیرانداربوویت یان هاوسەرگییریت کردووە وجیابویتەتەوە هەوڵبدە بە کورتی باسی بابەتەکە بكەیت و نەچیتە ناو وردەکارییەوە بەتایبەتی بابەتی خیانەت و درۆکردن و …….هتد.

٥- پێویستە بەهەموو جۆرێ لە پێچ و پەنا و قسەی ناڕاستەخۆ دووربکەویتەوە و واباشترە دوای ئەم هەنگاوە دیدارێکی تر دیاری بکەن ، ئەگەر هاوڕێکانت ئامۆژگاریان کردی کە "خۆت گران بگریت” دەبێت بزانیت کە ئەم هەڵسوکەوتانە زۆر کۆنە و باوی نەماوە و هەرچەندە ڕاشکاوبیت باشترە، ئەگەر کەسی بەرامبەریش داواکەتی ڕەتکردەوە پێویستە ئاسایی وەری بگریت و دووبارە داوای لێنەکەیتەوە و بەپەیوەندیکردن و هەواڵپرسینی زۆر بێزاری نەکەیت.


PM:02:02:19/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 3459 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌