‌ماھیر حەسەن: چەندین ساڵە ھونەرمەندان ڕەخنە لە کەمتەرخەمی حکومەت و بەرپرسانی ھونەر دەگرن

وێستگە ستایل-

ھونەرمەندێکی بواری نواندنی کۆمیدیا ڕۆڵی ھەریەک لە کۆچکردوان پشتیوان نوری و وەرزشەوان حەمەی عەبۆل بە گرنگ وەسفدەکات، و ئاماژە بەوەش دەکات کە چەندین ساڵە ھونەرمەندان ڕەخنە لە کەمتەرخەمی حکومەت و بەرپرسانی ھونەر و وەرزش دەگرن.

 ماھیر حەسەن ھونەرمەندی بواری نواندن، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی NRT2ی ڕاگەیاند، لەدەستدانی ھەریەک لە ھونەرمەندان پشتیوان نوری و وەرزشەوان حەمەی عەبۆل خەسارەیەکی گەورەبوو بۆ گەلی کورد، شوێنی ئەو جۆرە کەسانە بە خاڵی دەمێنێتەوە و ھەرگیز پڕناکرێتەوە.

وتیشی، لە یەکەمین دەرکەوتنییەوە پشتیوان نوری توانی سەرکەوتن بەدەستبھێنێت و بووە جێگای سەرنجی بینەران، حەمەی عەبۆل بەدەر لەوەی یاریزانێکی لێھاتوو بوو، یەکێک بوو لە کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی و ھەردەم جێگای ڕێز و شانازی بوو، بەڵام مردن سونەتی حەیاتە، پێویستە مرۆڤ لە ژیاندا خۆی بۆ ئەو ساتە ئامادە بکات، مەحاڵە ھیچ کەسێک لە مردن دەربازی ببێت.

ئەوەشی خستەڕوو، جێگای داخە ٢١ ساڵە ھونەرمەندان ڕەخنە لە کەمتەرخەمی حکومەت و بەرپرسانی ھونەر و وەرزش دەگرن لەم وڵاتە، بەڵام کورد وتەنی نرخی زێڕ لای زەڕەنگەرە، بەھۆی نەزانینەوە ئەوان قەدری ھونەرمەند و وەرزشەوانان نازانن.

وتیشی،" بڕواناکەم ھەرگیز ئەم ھەرێمە چاک ببێت و پێش مردن ڕێز لە ماندووبوونی ھونەرمەندان بگیرێت، ھەربۆیە چاوەڕوانی ھیچ شتێک لەوان ناکەین".


PM:10:20:18/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 4054 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌