‌ئەم خۆراكانە كاریگەریە لاوەكیەكانی بەكارهێنانی چارەسەری شێرپەنجەی مەمك كەمدەكەنەوە

وێستگە ستایل-

زانا ئەمەریكیەكان لیستی ئەو خۆراكانەیان بڵاوكردەوە كە توانای كەمكردنەوەی كاریگەریە لاوەكيەكانی دەرمانی شێرپەنجەی مەمكیان هەیە و لە لیستی سەرەكی ئەم خۆراكانە " شیری سۆیا و كەلەرمە"

ئەم توێژینەوەیە لە سەنتەری جۆرج تاون لۆمباردی بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی شێرپەنجە ئەنجامدراوە لە زانكۆی "جۆرج تاون" ی ئەمەریكی و ئەنجامەكەی لە ژمارە نوێكانی گۆڤاری زانستی" توێژینەوە و چارەسەری شێرپەنجەی مەمك" بڵاوكراوەتەوە.

ئەم توێژینەوەیە لەسەر 365 ئافرەت ئەنجامراوە كە چارەسەری شێرپەنجەی مەمكیان بەكارهێناوە و چاك بونەتەوە و زۆرینەی ئەم خانمە زیانە لاوەكیەكانی بەكارهێنانی دەرمانی كیمیاوی بۆ چارەسەری شێرپەنجەیان لەسەر دەركەوتوە و دەكرێت ئەم كاریگەریە لاوەكیانە بۆ ماوەی چەند مانگێك یان چەند ساڵێك درێژە بكێشێت.

بەشێك لەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمك بەكاردەهێنرێت دروستكردنی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە لەشدا دەوەستێنێت چونكە ئەم هۆرمۆنە دەكرێت ببێتە هۆی زیادبوونی گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی مەمك .



زاناكان لەڕێی ئەم توێژینەوەیەوە ئەوەیان ئاشكرا كردوە خواردنی چەند جۆرێك لە خۆراك وەك " شیری سۆیا و ئەو پەنیرە ڕوەكیانەی لە زەیتی سۆیا دروستكراوە لەگەڵ سەوزە هەمە چەشنەكانی وەك كەلەرم و قەرنابیت و برۆكلی " توانای كەمكردنەوەی كاریگەریە لاوەكیەكانی دەرمانی شێرپەنجەی مەمكیان هەیە .

یەكێك لە نیشانە دیارەكانی كاریگەری لاوەكی دەرمانی شێرپەنجەی مەمك لەسەر ئافرەتان گڕەی گەرمیە كە لە جەستەیاندا زیاد دەكات و لەگەڵیدا ئارەق كردنەوەی شەوانیان زیاد دەبێت .

شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە نەخۆشیە بڵاوەكان لە جیهاندا كە توشی خانمان دەبێت بە تایبەت لە وڵاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ساڵانە 1.4 ملیۆن حاڵەتی نوێی توشبوون بەم نەخۆشییە تۆمار دەكرێت و ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی 450 هەزار ئافرەت لە جیهاندا.


AM:09:05:14/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 2872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌