‌ترس لە بومەلەرزە (seismo phobia) چیە؟

وێستگە ستایل-

کاتێک بومە لەرزە ڕوو دەدات جگە لە زەرەر و زیانی مادی و کەوتنەوەی قوربانی، دۆخێکی دەروونی وەها دێتە پێشەوە بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە رەنگە چەندین مانگ و چەندین ساڵ بخایەنێت تا كاریگەریەکانی لە دەروونی ئەو خەڵکە کەم دەبێتەوە.

بە مانایەکی تر ئەوە تەنها دیوارەکان نیە کە شەق دەبەن ،ئەوە تەنها چیمەنتۆ و بلۆکەکان نیە کە دەروخێن ، بەڵکو دۆخی دەروونی مرۆڤ لە دۆخی بومەلەرزەدا بەجۆرێک دەشێوێت رەنگە (بینا و قوتابخانە و شەقام و بەنداو و خانووەکان) بە چەند ساڵێک بە باشترین و جوانترین شێوە دروست بکرێتەوە ،بەڵام  دەروونی تاکەکانی بۆ دەیان ساڵ نەتوانرێ دروست بکرێتەوە.

لە دۆخێكی لەو شێوەیەدا جگە لەوەی مرۆڤ بەردەوام لە رارای و قەلەقیدا دەژی، ترسێک سەرتاپای بیرکردنەوەی دەگرێت کە چارەسەر کردنی زۆر ئەستەمە بەتایبەت ئەگەر ڕزگاربوو بە چاوی خۆی کەس و کار و دراوسێ و منداڵ و هاوسەر و خوشک و برای خۆی دیبێت ، چۆن دیوار و بلۆک بەسەریدا دەروخێن ، ئەوە جگە لەوەی بەردەوام (ترس لە مردن) لە ئاگاهیدا چرکە بە چرکە حزوری هەیە ، چونکە یەکێک لە باشیەکانی مردن ئەوەیە کە مرۆڤ نازانێت کەی ؟ و چۆن؟ دەمرێت لەبەر ئەوە زۆر بیری لێناکاتەوە ، بەڵام ئەوانەی لەو ناوچانە دەژین بەردەوام تارمایی مردن لە سەر سفرەی نان خواردن و لە کاتی یاریکردن لەگەڵ منداڵەکانی ئامادەیە ، خراپترین دۆخی دەرونیش کە ئینسان لە هەموو چالاکی و پەلو پۆیەک دەخات ، ئامادە بوونی مەرگە.

بۆیە تاک لەم دۆخەدا تەنانەت نیشانەی جەستەیی و دەروونیەکانی وەک ( ووشک بوونەوەی دەم و تەسک بوونەوەی مەعیدە و کەم بوونەوەی خواردن و گۆشەگیری و عەرەق کردنەوە و ترسی لە دەست دانی ماڵ و مێرد و منداڵ و خێرابوونی لێدانی دڵ ، کەم خەوی و ....هتد) تووش دەبێت

لێرەدا نەخۆشیەکی تر لە دەروونی ئەو ڕزگاربوانە ژینگە بۆ خۆی چێ دەکات کە پێی دەوترێ (Post Traumatic Stress Disorder) واتا (لێکەوتەکانی دوای شۆک بوون) بۆ نمونە  ئەو کەسانەی کە لە روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە رزگاریان دەبێت ، یان ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر ، یان ئەوانەی کە بە شداری شۆڕش و جەنگەکانیان کردووە ، یان ئەوانەی کە دەست بەسەر ئەکرێن و ئەڕفێنرێن ، یان ئەوانەی کە شاهیدی کۆمەڵکوژیەکی گەورەن وەک (هۆڵۆکۆست و ئەنفاڵ و کچانی یەزیدی) لە بەر ئەوە ئەوانەی کە لە بوومە لەرزەش رزگاریان دەبێت بارودۆخی دەروونیان هیچی کەمتر نیە لەوانەی کە باسمان کرد.

ڕێگا چارەکان بۆ ئەم حاڵەتە دەرونیە:

*لەسەر ئاستی تاک 

١ پێویستە تاک خۆی لەگەڵ ئەو بارودۆخە رابهێنێت و ئیرادەی بەهێز بێت (ئەمە بە ووتن ئاسانە بەڵام لە پراتیکدا کارێکی زۆر سەختە ) 
٢-دەبێت چوار دەوەرەکەی هەمیشە هاوکار بێت 
٣- ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەدا نیشانەکانی بەدیار کەوتن دەبێت دەست بەجێ سەردانی کەسانی پسپۆڕ و تایبەت مەند بکات بە تایبەتی پزیشکی دەروونی 
٤-پزیشکی دەروونی بە گوێرەی جۆری ترسەکەی هەندێک دەرمانی ئارام کەرەوەی پێ دەبەخسێت کە یارمەتی دەدات بۆ ئارام بوونەوە 
٥-بەشداری کردن لە کاری خۆبەخشی و یارمەتیدانی خەڵک وەهەروەها وەرزش کردن و دورکەوتنەوە لە شاشەی تەلەفزیۆن و فەیس بووک و ئەو هەواڵانەی کە ترس و تۆقاندن بڵاو دەکەنەوە 
٦- ئەگەر توانرا شوێنی نیشتە جێ بوون بگۆڕدرێت بە شێوەیەکی کاتیش بێت 

*لە سەر ئاستی دەوڵەت 

١-مەترسیەکانی نەخۆشی دەروونی و ئەو کەسانەی کە لە و رووداوانە رزگاریان دەبێت هیچی کەمتر نیە لە مەترسی دەروونی ئەو کەسانەی کە لە شەڕ و کۆمەڵکوژیەکان رزگاریان دەبێت ، یاخود لەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن و تێچویان دەبێت ، چونکە رەفتاری کۆمەڵایەتیان دەگۆڕێت لە گەڵ منداڵ و خێزان و نەزمی گشتی 
٢-چۆن شەقام و خانووە ڕوخاوەکان دوبارە بنیاد دەنرێتەوە دەبێت دەروونی ئەو کەسانەش دووبارە دروست بکرێتەوە و هاوکاری مادی و مەعنەویان بکرێت 

* لەسەر ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان 

١-پێویستە دور بکەوینەوە لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی توندو تیژی و پێش بینیکردنی بومەلەرزە و هەواڵی ناراست کە ترسی گشتی بڵاو بکاتەوە 
٢-میدیا دەبێت زیاتر وێنەی هاوکاری و پاڵپشتی و یارمەتیدانی خەڵکی گەورە بکات ، نەک نیشاندانی وێنەی قوربانی

ئا: هێمن عەبدولقادر  


PM:02:24:09/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 10089 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌