‌لەم ڕەفتارانەی منداڵەكەت بێ دەنگ مەبە

وێستگە ستایل-

پەروەردەكردنی منداڵ واتە پەروەردەكردنی نەوەیەكی نوێ بۆ كۆمەڵگا، ئەو كاتەی منداڵەكەت فێری ڕەوشت و نەریتی جوان و بەرز دەكەیت ئەوە لەوە دڵنیابە نەوەیەكی دروست و پەسەندت بۆ كۆمەڵگەكەت دروست كردوە، دایكان و باوكان بەهیچ شێوەیەك نابێت بۆ ئەم ڕەفتارانەی منداڵەكانیان بێدەنگی هەڵبژێرن و پێویستە ڕاست كردنەوە بۆ هەڵەكانیان بكەن.

1- بێدەنگ بوون لەسەر ڕەفتاری خراپ :
منداڵەكەت ڕابهێنە ئەو كاتەی شتێكی خراپ و نەشیاو دەبینێت نەترسێت و بۆت باس بكات هەتا بە ئاگا بیت لەو شتانەی لە ڕۆژەكەیدا ڕویداوە ، بێدەنگ بوونی منداڵ ئەو كاتەی كارێكی نەشیاو دەبینێت ئاماژەیە بۆ ترسنۆكی منداڵەكەت و ڕاهاتن لەسەر ئەوەی لەسەر حەق نەكاتەوە . 

2- شەڕی نێوان منداڵەكان :
ئەگەر دوو منداڵ یان زیاترت هەیە ئەوە هیچ جیاوازی مەكە لە نێوانیان خۆشەویستی بە یەكێكیان مەدە و ئەوی تریان پشت گوێ بخەیت ، بۆ ئەوەی ڕقیان لە تۆ و لە یەكتر نەبێتەوە ،خۆشەویستی بە هەمویان بدە و هاوسەنگی بپارێزە .

3- دزی:
ئاگاداربە ئەوكاتەی منداڵەكەت بڕێك پارە هەڵدەگرێت شەڕی پێ مەفرۆشە و دەنگت بەسەریدا بەرز مەكەرەوە ، چونكە ئەو مانای دزی نازانێت ، ئەوەندەی دەتوانیت تێی بگەیەنە كە هەڵگرتنی پارە بێ ڕەزامەندی تۆ و باوكی كارێكی نەشیاوە لە ڕووی دینی و ئەخلاقیەوە .

4- توڕەیی لە دەربرٍیندا :
منداڵەكەت فێر بكە بەشێوەیەكی جوان و بە ڕێزەوە هەستەكانی خۆی دەرببڕێت و ئارام و هێور بێت و وشەی نەشیاو نە بەرامبەر خۆت نە كەسی دیكە بەكارنەهێنێت .

5- ڕاستگۆی و دەست پاكی :
هەموو كات ئەوە بۆ منداڵەكەت باس بكە چەندە پێویستە دەست پاك و ئەمانەت پارێز بێت و ئەم بابەتەی بە هێوری و ئارامی تێ بگەیەنە ، ئەگەر منداڵەكەت لەسەر درۆكردن هەر بەردەوام بوو ئەوە ڕای پسپۆڕی دەرونی و كۆمەڵایەتی وەربگرە بۆ چارەسەری كێشەكە.

6- ڕەوشتی بەرز : 
هەرگیز تەواوی پەستانی خۆت مەخەرە سەر منداڵەكەت بۆ ئەوەی %100 ڕەوشت بەرز بێت ، لە كاتێكدا هیچ مرۆڤێك هەموو شتەكانی تەواو نیە و كەموكوڕی هەر دەبێت ، بەڵام باشتر وایە ببیتە باشترین سەرمەشق بۆ ڕەوشتی منداڵەكەت و فێری ڕەوشتی جوانی بكە .


PM:03:56:04/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 7419 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل