‌ پێش هاوسەرگیری ئەم ڕاستیانەت لەپێش چاوبێت

وێستگە ستایل-

ئەو كاتەی بڕیاری هاوسەرگیری دەدەیت ئەوە بیرت لای ئەوە هەبێت ئەرك و بەرپرسیارێتی دێتە سەر شانت لە خۆشی و ناخۆشی، لەبەر ئەوە پێویستە پێش وەخت چەند ڕاستییەك لەسەر هاوسەرگیری بزانیت و لەبەر چاوت بێت.

پێویستە چەند خاڵێک لە بەرچاو بگرین پێش ئەوەی لە دەرگای کەس بدەین و کەس لە دەرگامان بدات!

1-حەز و خولیا:
پرسیارکردن دەربارەی حەز و خولیاکانی یەکتر،  وەکو وەرزش كردن یا نەكردن،  سەیرکردنی دراما ، سەفەرکردن ، سەیران ، خوێندنەوەی کتێب ، بازاڕی کردن ، تێکەڵاوبوون لەگەڵ خزم وکەسی یەکتر، مۆدێل و مۆدێلکاری ، منداڵ……..هتد
دایک و باوک و منداڵ .

هەر لە یەکەم ڕۆژەوە قسەی دڵی خۆت بۆ هاوسەری داهاتوت بکەیت لەوەی کە دەتەوێت لەگەڵ دایک وباوکی هاوسەرەکەتدا لە چوارچێوەی ماڵێکدا بژین یاخود نا،  حەزدەکەیت ببین بە خاوەنی منداڵ؟  درەنگ یازوو؟  چەند منداڵ؟، حەز دەکەیت ناوی منداڵەکەمان بنێین چی؟

2-پارە و سامان :
گەر لە حاڵەتێکدا هەردووکمان موچە خۆر بووین و خاوەن ئیشی خۆمان بووین ، تا چەند حەزدەکەیت و پێت باشە پارەکانمان بەیەکەوە پاشەکەوت و خەرج بکەین ، یاخود هەرکەسە خاوەنی کیسە باغەڵی خۆی بێت، قسە لەم سەرەوە خۆشە!

3-کلتور و ئاین :
تاچ ڕادەیەک هۆگری بەها کلتوریی و ئاینییەکانی یاخود ڕەتیان دەکەیتەوە ، گەر مندڵێکمان بوو تاچ ڕادەیەک حەزدەکەیت ناوێك یاخود باگڕاوندێکی کلتوری یا ئاینی وەربگرێت و تێیدا گەورە ببێت وڕەنگدانەوەی  لە سەر داهاتوی هەبێت .

4-متمانە و غیرەکردن :
تاچ ڕادەیەک بەڵاتەوە ئاساییە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بۆنەیەک یاخود میوانییەکدا لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا تێکەڵاوی و هەستان و دانیشتن و بە دەمەوە پێکەنین یاخود سەردانیان بکەم و سەردانمان بکەن ، ئایا گەر هاوڕێیەکم بهێنمەوە ماڵەوە یاخود لە ماڵی هاوڕێکم بمێنمەوە ؟ چ تێڕوانینێک و کاردانەوەیەکت دەبێت؟ گەر ڕۆژێک درەنگ گەڕامەوە ماڵەوە چی؟

5-کێشە و دەمەقاڵی :
گەر هاتوو ڕۆژێک لە ڕۆژان دەمەقاڵێیەکی گەرمای هاوین و زیزبونێکی نێرگزی بەهار و خەزانێکی پایز یاخود ڕەشابایەکی زستان ڕویکردە ژیانمان،  چ کاردانەویەکت دەبێت و چۆن هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین، تاچ ڕادەیەک ڕێگە نادەین لە نێوان خۆمان دەرچێت و ماڵی باوانمان پێبزانێت؟

6-زمانی خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن:
تاچ ڕادەیەک حەز بەگیانی هاریکاری دەکەیت لە ئیش و کارەکانی ناوماڵ و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و کڕینی دیاری بۆ یەکتر لە بۆنە و جەژنەکان و کۆتایی مانگ و سەرەتای ساڵدا، قبوڵکردنی کەموکوڕی و لەنگییەکانی یەکتر و دەست خستنە ناودەستی یەکتر و شان دانەبەر مەشغەڵەتەکانی ژیانی هاوسەرگییری و دژوارییەکانی ژیان.

7-باری تەندروستی :
ئایا هیچ نەخۆشییەکی درێژ خایەن یاخود بۆماوەییت هەیە کەوا ڕێگری بکات لە بەردەوامیدان بەژیانێکی هاوسەرگیری خۆشبەخت و بەختەوەر، بۆ ئەوەی کۆمیدیاکەمان نەبێت بە تڕاژیدیا لە کۆتاییدا، یاری بە داهاتوو و چارەنوسی یەکترنەکەین لەسەر بنەمای درۆ و فێڵ لەیەکترکردن هەرلە سەرەتاوە ، بۆ ئەوەی منداڵەکانمانیش سەرگەردان و پەڕاگەندە نەبن.


PM:02:48:02/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 4394 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌