‌بە پێنج چركە چارەسەری خەمۆكی بكە

وێستگە ستایل-

ڕەنگە سەیر بێت بەلاتەوە بەڵام لە ڕاستیدا دەبێت ئەوە بزانیت كە چارەسەرێك نیە لە دەرەوەی توانا و دەرونی خۆت خەمۆكی ناو ناخ و دڵت لاببات، ئێستا لەڕێی ئەم بابەتەوە دەتوانیت بزانیت بێ ئەوەی دەرمانی چارەسەر بەكاربهێنیت چۆن چارەسەری خەمۆكی دەكەیت.

ئەی کەوایە گرفتەکە لە کوێدایە و چۆن بەم ٥ چرکەیە چارەسەردەبێت؟ پیش هەموو شتێک دەبێت بزانیت کە هۆکاری ڕاستەوخۆی خەمۆکی ” لەدەست دانە” جا لەدەست دانی کەسێک بێت یان هەستێک یان شتێک وەکو لەدەست دانی خۆشەویست یاخود لەدەست دانی پێگە و دەسەڵات یان جۆرە ستایلێکی ژیان کە لێی ڕاهاتوویت یاخود ناز و بایەخدانێک کە ئیتر لەدەستت داوە…..هتد، هەموو ئەمانە وات لێدەکەن هەست بە نەبوونی متمانەبکەین و ئەمەش وادەکات کە مێشکت مادەی کیمیاوی وا دەربدات کە بییر لە کۆتایی هێنان بە هەموو شتێک بکەیتەوە.

با لێرە شتێکیش باس بکەین، زۆر جار لە پۆستی هاوڕێکانمان شتی خەمناک دەبینین و هەندێکیش هەن سەرجەم پۆستەکانیان هەر خەم و شینە و شەپۆرە .

هەندێک هەن لاف بە خەمناکییانەوە لێدەدەن و دەیانەوێت پێمان بڵێن ” ئەها ئێمە لە قوڵایی مەسەلەکان تێگەیشتووین و ژیرین بۆیە خەممان زۆرە” خۆ لەوانەشە ئەم ڕۆڵی مامە خەمەیە تۆزێک سەرنج ڕاکێش بێت بەڵام هیچ کەس تا کۆتایی تاقەتی لە هاوڕێیەتیکردنی کەسە خەمناکەکان نامێنێت بەهۆی ئەو هەموو وزە نەرێنییەی کە تێیاندایە، بۆیە ئازایەتی ئەوەیە کە دوای خەمناکی فێربیت هەستیتەوە و واز لە قسە زلەکانت بێنیت.

ئێستا دەتەوێت چاک ببیتەوە؟ من رێگەیەکی زۆر ئاسانت پێ دەڵێم، بەڵام تکایە باش ووردەبەوە:

وادانێ کە تۆ لە بازاریت و لەپرێک ڕێت دەکەوێتە کافێیەک یاخود مۆڵێک ( هەر شوێنێک کە بەخەیاڵت دادێت) لەناکاو چاوت بە (خۆت) دەکەوێت، بەڵام دەبێت هەست بکەیت ئەو (خۆت)ە کەسێکی بیانییە و تۆ نایناسیت،  بەکوردییەکەی وای دانێ کە تۆ کەسیکی تری و لەناکاو چاوت بەو کەسە دەکەوێت، ئێستا چۆن ئەم کەسە دەبینیت؟ ئایا  لە کەسێکی شێت و نەخۆش و بێ کەڵک دەچیت؟ یان لە کەسێکی هەستیار دەچێت کە دەتەوێت بیناسیت و یارمەتی بدەیت ؟

زۆربەی ئەوانەی کە وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە دەڵێن ” کەسێکە شایستەی ناسینە”  ئەمەش وێنەی تۆیە لە چاوی خەڵک! باوەڕدەکەیت یان نا بەڵام خەڵک بەو خراپییە تۆ نابینن کە خۆت خۆتی پێدەبینیت،هۆکاری ئەم خەمناکییەش جۆری بیرکردنەوەتە، تەنها لە ڕێگەی بیرکردنەوەت دەتوانیت هەموو شتێک بگۆڕێت، بۆیە لەبری ئەوەی بییر لە داهاتوو بکەیتەوە بیر لەو کەسەی ئێستا بکەرەوە کە چۆن چۆنییە و پێویستی بە چییە؟  گۆڕانکاری؟ یاخود هاوڕێی باش یان سەفەر و کارکردن؟ پێویستت بەچییە هەر ئێستا بیکە چونکە خەڵک بەم شێوەیە تۆ دەبینن کەوایە تۆش ئەو کەسە بە ، چونکە باوەڕدەکەیت یان نا تۆ وێنەی راستەقینەی خۆت نابینیت بەهۆی ئەو حاڵەتەی تێی کەوتوویت بەڵام خەڵک چونکە لەدەرەوەی تۆن وێنەکەت لێل نییە لای ئەوان و دەزانن کە ئەو بازنە ڕەشەی تۆ خۆت خستۆتە ناوی خەیاڵە وڕاستی نییە بۆیە بازنەکە بتەقێنە و وەرە دەرەوە، ببە ئەو کەسەی کە خۆت بینیت و چاوت پێی کەوت.


PM:05:44:22/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 13147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل