‌ئەو رەفتارانەی خانەکانی مێشکت دەکوژن

وێستگە ستایل-


مێشک ئەندامێکی زۆر هەستیاری لەشە و بە نزیکەیی هەموو ئەو کار و کردەوە و رەفتار و خووانەی لە ژیانماندا ئەنجامی دەدەین کاریگەری لەسەر مێشک جێدەهێڵێت چ بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ.
هەندێک کار و رەفتار لە ژیانماندا بە بێ ئەوەی هەست بکەین کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر مێشكمان جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی مێشکمان.

 ئەمەش وا دەکات کە ئاستی هۆشیاری و زیرەکی و بیرتیژی و تواناکانی مێشکمان کەم بکاتەوە، به‌پێی بڵاوكراوه‌كانی ماڵپه‌ری Everyday Health Tips گرنگە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت تواناکانی مێشکیان لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵنەوە، خۆیان لەم خووانە بپارێزن:

1-نەخواردنی نانی بەیانی
نەخواردنی نانی بەیانی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، کەمی شەکریش لە خوێندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆراک و وزەی پێویست نەگات بە مێشک، بەمەش بەشێک لە خانەکانی مێشک تووشی لە ناوچوون دەبن.

2-زۆر خواردن
زیادەڕۆیی کردن لە خواردندا دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەکانی ناو مێشک، ئەمەش وا دەکات توانا و ئاستی هۆشیاری مێشک کەمبێتەوە.


3-جگەرەکێشان
جگەرە کێشان بە تەنها زیان بە سییەکان ناگەیەنێت، بەلکو لە پاڵ بەشەکانی تری له‌شدا، زیان بە مێشک دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی پووکانەوەی مێشک و تووشبوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە (ئەلزەهایمەر).

4-شەکری زۆر
خواردنی بڕێکی زۆر لە شەکر دەبێتە هۆی لاوازکردنی توانای گەدە و ریخۆڵەکان بۆ هەرسکردن و هەڵمژینی پرۆتین و هەندێک خۆراکە جیاوازەکانی تر، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە گەشەی مێشک بە هۆی کەمبوونەوەی پرۆتین و ماددە جیاوازەکانی تر لە له‌شدا کە پێویستن بۆ گەشە.

5-پیسبوونی ژینگە
کێشی مێشک تەنها لە %2 ی کێشی له‌شه‌، لە کاتێکدا لە %20 ی ئۆکسجینی سییەکان بۆ مێشک تەرخان دەکرێت، ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە مێشک پێویستی بە زۆرترین بڕی ئۆکسجینە، بەڵام پیسبوونی ژینگە و بوونی دووکەڵی زۆر لە هەوادا دەبێتە هۆی ئەوەی کە برێکی کەم لە ئۆکسجینی پێویست بگات بە مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاكی مێشک.

بۆیە وا باشترە هەوڵبدەیت زیاتر سەردانی پارک و باخە گشتییەکان بکەیت لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە سەوزایی زۆری تێدایە.

6-کەم خەوتن
خەوتن یەکێکە لە پێداویستییەکانی مرۆڤێکی تەندروست و مرۆڤ پێویستی بە خەوە لە پێناو پشوودان بە له‌ش و هەروەها ڕێکخستنەوەی خانەکانی مێشک، بەڵام کەم خەوتن و دواخستنی خەو لە کاتی خۆیدا، دەبێتە هۆی خێراکردنی لە ناوچوونی خانەکانی مێشک.

7-خەوتن بە سەری داپۆشراوەوە
لە کاتی خەوتندا نابێت سەرمان دابپۆشین، چونکە داپۆشینی سەر لە کاتی خەودا دەبێتە هۆی زۆربوونی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کەمبوونەوەی رێژەی ئۆکسجین، ئەمەش وادەکات ئۆکسجینی کەمتر بگات بە مێشک.

8-کارکردن لە کاتی نەخۆشیدا
کارکردن و خوێندنەوە و تەرکیز کردن لەسەر کارێک لە کاتی هەبوونی نەخۆشیدا، رەنگە ببێتە هۆی زیاتر هیلاک کردنی مێشک و زیان گەیاندن پێی.

9-کەم بیرکردنەوە
مێشکی مرۆڤ هاوشێوەی ماسوولکەکانی له‌ش پێویستی بە بەکارهێنانە، ئەگەر نا تووشی پووکانەوە دەبێت و هێزی کەمدەبێتەوە، بۆیە گرنگە کە مرۆڤ بەردەوام ئەو کار و چالاکییانە ئەنجامبدات کە دەبنە هۆی بەکارهێنانی مێشک و راهێنانی.


PM:07:35:17/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 8595 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل