‌خۆشەویستی چۆن روودەدات لە مێشکدا؟

وێستگە ستایل-


خۆشەویستی چۆن روودەدات؟ بۆچی دەکەوینە داوی خۆشەویستییەوە؟ ئایا کاریگەری خۆشەویستی چییە لەسەر ماددە کیمییاوییەکان و هۆرمۆنەکانی ناو مێشکمان؟ بۆچی کۆنتڕۆڵی خۆمان لەدەست دەدەین؟

بەشی پێشەوەی مێشک ناسراو بە (Frontal lobe) کە بەرپرسیارە لە هەڵسەنگاندن  و دادوەریکردن، لە کاتی پەیوەندی خۆشەویستیدا لە کاردەکەوێت.


زانایان بە تیشکی ئامێری (MRI) مێشکی ئەو کەسانەیان سکان کردووە کە لە پەیوەندی خۆشەویستیدان و بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانە لە کاتی بینینی وێنەی دڵدارەکەیان، بەشی پێشەوەی مێشکیان تا رادەیەکی زۆر لە کاردەکەوێت، ئەمەش وا دەکات لەو کاتەدا توانای هەلسەنگاندن و رەخنەگرتن بۆ رووداوەکانی دەورووبەر لە دەست بدەن و چیتر شتەکانی دەوروبەر وەک خۆی نەبینن.

توێژینەوەکانی مێشک ئەوەشیان سەلماندووە کە ئەو بەشەی مێشک (amygdala) کە بەرپرسیارە لە (هەستکردن بە ترس و بیرکردنەوەی نێگەتیڤ) لە کاتی خۆشەویستیدا لە کاردەکەوێت، هەر لە بەر ئەمەشە ئەو کەسانەی لە خۆشەویستیدان کەمتر گوێ بە دەرئەنجامی کارەکانیان دەدەن و زیاتر هەست بە گەشبینیی دەکەن بەرامبەر بە داهاتووی خۆشەویستییەکەیان.


رەنگە ئێمە وا بزانین کە خۆشەویستی بەدەست خۆمانە و ئێمە خۆمان هاوبەشی ژیانمان بۆ خۆمان هەڵدەبژێرین، بەڵام بە پێی راپۆرتێکی سایتی (youramazingbrain)  لە رووی زانستییەوە ئەمە راست نییە و خۆشەویستی داوێکە مێشکمان بۆ ئێمەی داناوە و ئێمەی تێدەکەوێت لە پێناو مانەوە و بەردەوام بوونی ڕەگەزی مرۆڤایەتی.

دەرووناسان ئەوەیان سەلماندووە کە مرۆڤێک تەنها ٩٠ چرکە بۆ ٤ خولەکی دەوێتە تا ببێتە جێی سەرنجی کەسێکی تر، ئەم ماوەیەش پشت دەبەستێت بە:

 %55 پەیوەندی بە زمانی جەستەو و رەفتاری جەستەوە هەیە
 %33 پەیوەندەی بە تۆن و خێرایی قسەکردنەوە هەیە
 %7 پەیوەندی بەو قسانەوە هەیە کە دەیکەن


سێ قۆنا‌غەکەی خۆشەویستی:
هێلین فیشەر کە زانایەکی ئەمریکییە خۆشەویستی دەکات بە سێ قۆناغی جیاوازەوە، کە هەر یەکێک لەو قۆناغانە دەکەوێتە ژێر کاریگەری هۆرمۆن و ماددەی کیمیاویی جیاوازەوە، کە ئەوانیش بریتین لە :

1-حەز (Lust)
ئەمە یەکەمین قۆناغی خۆشەویستییە کە لە کەسێکدا روودەدات، ئەم قۆناغە بە هۆی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و ئیسترۆجینەوە روودەدات لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ.


2-سەرنج راکێشان (Attraction)
ئەمە ئەو قۆناغەیە کە تیایدا مرۆڤ بە تەواوەتی دەکەوێتە داوی خۆشەویستییەوە و ناتوانێت چیتر بیر لە هیچ شتێکی تر بکاتەوە جگە لە خۆشەویستی.


ئەم قۆناغە بە هۆی سێ ماددەی کیمیاوییەوە (Neurotrasmitter) روودەدات لە میشکدا کە ئەوانیش بریتین لە (دۆپامین و ئەدریناڵین و سیرۆتۆنین)

ئەدریناڵین: کاتێک سەرەتا دەکەویتە داوی خۆشەویستی کەسێکەوە، تووشی فشارێکی دەروونی زۆر دەبیت، ئەم فشارەش رێژەی هۆرمۆنی ئەدریناڵین و کۆرتیزۆلی خوێن زیاد دەکات، ئەمەش وادەکات لە کاتی بینینی خۆشەویستەکەت دڵت خێراتر لێبدات و ئارەق بکەیتەوە و ناو دەمت وشک ببێت.

دۆپامین: دۆپامین یەکێکە لە گەیەنەرەدەمارییەکان (Neurotrsmitter) و هەمان کاریگەری کۆکاینی هەیە لەسەر مێشک.  

 توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە مێشکی ئەو کەسانەی لە خۆشەویستیدان رێژەیەکی زۆر دۆپامینی تێدایە، ئەم رێژە زۆرەی دۆپامینیش دەبێتە هۆی دروستکردنی (هەستی ئارەزوو).

زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم رێژە زۆرەی دۆپامین وا لە ٢ خۆشەویست دەکات کە وزەیان زۆرتر بێت و کەمتر پێویستیان بە خەو و خۆراک بێت، لە هەمانکاتدا وایان لێ دەکات کە زۆر بە تەرکیزەوە بیر لە بچوکترین ئەو شتانە بکەنەوە کە لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکەیاندا روودەدات.

سیرۆتۆنین: ئەمیش یەکێکی ترە لە گەیەنەرە دەمارییەکانی مێشک و وات لێ دەکات کە بەردەوام  بە بێ ویستی خۆت، خۆشەویستەکەت خۆی بخزێنێتە نێو بیرکردنەوە و ئەندێشەکانتەوە.

3-پێکەوەگریدان (Attachment)
 ئەمە کۆتا قۆناغە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوو خۆشەویست ژیانی هاوسەرگیری و خێزان پێکبهێنن،
زانایان پێیان وایە کە دوو هۆرمۆن بە ناوی (ئۆکسیتۆسین و ڤاسۆپرێسین) بەرپرسیارن لەم قۆناغە.


ئۆکسیتۆسین: ئۆکسیتۆسین هۆرمۆنێکی زۆر بەهیزە و زیاتر لە کاتی پەیوەندی جەستەییدا دەردەدرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دوو کەس زیاتر بۆندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا درووستببێت لە دوای پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری و دروستکردنی ژیانێکی درێژخایەن بەیەکەوە.

شایەنی باسە کە ئەم هۆرمۆنە هەمان هۆرمۆنە کە وا دەکات پەیوەندی نێوان دایک و منداڵ دروستببێت.

 لە توێژینەوەیەکدا زانایان ئەم هۆرمۆنەیان لە جەستەی چەند مشک و مەڕێکی دووگیاندا نەهیشت و بۆیان دەرکەوت کە هیچکام لەو ئاژەڵانە هیچ جۆرە سۆزێکیان بۆ وەچەکانیان نەبوو.

ڤاسۆپرێسین:  ئەم هۆرمۆنەش بە شێوەیەکی گشتی هەمان کاریگەرییەکانی ئۆکسیتۆسینی هەیە لەسەر خۆشەویستی و زیاتر لە کاتی پەیوەندی جەستەییدا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت.


PM:07:43:13/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 19576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌