‌لیزا فەلەكەدین كاكەیی شانازیی بە میراتەكەی باوكیەوە دەكات

وێستگە ستایل-


ژن مەگەزین، ئاڤان فارس:

لیزا فەلەكەدین كاكەیی شانازیی بەو میراتە سیاسییەوە دەكات كە لەباوكیەوە بۆی ماوەتەوە و بەشێوەیەكی گشتیش پێیوایە "كاركردنی ژن لەنێو سیاسەتدا ئەگەر لەرێگەی میراتیشەوە بێت، ئەوە خاڵێكی ئیجابییە" و پێویست ناكات رەخنەی لێ بگیرێت.

لیزا، كچی سیاسەتمەداری كۆچكردوو فەلەكەدین كاكەییە، كە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا پۆستی باڵای هەبووە و سەردەمێكیش لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزیری رۆشنبیریی بووە.

"دوای كۆچی دوایی باوكم زیاتر كارم كرد و هاتمە پێشەوە.. باوكیشم هەر خۆی پاڵپشتی لە كاركردن و هاتنە پێشەوەی ژنان دەكرد لە بواری سیاسیدا" لیزا ئێستا نوێنەری پێكهاتەكانە لە مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، لیزا هەر لەمنداڵییەوە خولیای ئەوەی هەبووە لە كایەی سیاسیدا كاربكات، وەكچۆن لەناو خێزانێكی سیاسیدا گەورە بووە.
لیزا لە ئاوارەییدا لە دایكبووە و بەشێك لە ژیانیشی هەر لەوێ بەسەربردووە، وەك خۆی دەڵێت هەر ئەمە بووە كە وایكردووە وڵاتەكەی خۆی خۆشبوێت.

"پێكەوەژیان" ئەو خاڵەیە كە لیزا دەیەوێت لەرێگەیەوە خزمەت بكات، وەكچۆن بەرپرسیارێتییەكەشی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەر بۆ ئەو مەبەستەیە.
لیزا لەوبارەیەوە دەڵێت "كوردستان بەو فرە ئاین و پێكهاتەو مەزهەبیەوە جوانە، لانكەی دەنگ و رەنگی جیاوازە، ئێستا كوردستان بۆتە وێستگەیەكیش بۆ پێكەوەژیانی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، مافیان پارێزاوە".

ژنان میراتگری باوكیانن؟
بە تەماشاكردنێكی خێرای كایەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دەردەكەوێت ئەو ژنانەی لەو كایە گرنگەی كۆمەڵگەدا بەشدارن و پلە و پۆستی حزبی و حكومییان هەیە، ئەوانەن كە باوكیان بەرپرسی باڵای حزبە سیاسییەكان بوون.
هەندێك رەخنە لەوە دەگرن و پێیانوایە ئەو ژنانە، بە توانای راستەقینەی خۆیان نەگەیشتونەتە ئەو پۆستانە، بەڵكو پەیوەندیی بەو میراتە سیاسییەوە هەیە كە باوكیان بۆی بەجێیهێشتوون و هەر ئەوانیش پشتیان گرتوون و رێگەیان بۆ خۆشكردوون. بەڵام لیزا فەلەكەدین لەوبارەیەوە بۆچونێكی دیكەی هەیە.

لیزا بە ژن مەگەزینی وت "ئەگەر كاركردنی ژن بە میراتگیریش بێت و بۆمان مابێتەوە، بە خاڵێكی ئیجابی دەزانم، ئەو حاڵەتە لەنێو حزبەكانی دیكەشدا هەیە.. كاتێك كچی بەرپرسێك پلەو پۆست وەردەگرێت و لەلایەن خێزان و حزبەكەیەوە پشگیری دەكرێت، ئەمە مانای متمانەبەخشینە بەو ژنە، با بە روویەكی ئەرێنییەوە سەیری بكەین، من بۆ خۆم شانازی بەو میراتەوە دەكەم كە لە باوكمەوە بۆم ماوەتەوە". 
رەنگە وەڵامەكەی لیزا قەناعەت بەوانە نەكات كە رەخنەیان گرتووە، بەوپێیەی هێشتا ئەم كەلێنە وەڵام نەدراوەتەوە: ئەی ئەو ژنانەی توانا و وزەیەكی زۆریان هەیە، بەڵام پاڵپشت و رێگەخۆشكەرییان نییە بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە، ئەوان چی بكەن؟

لیزا فەلەكەدین لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت "هەر كە باس لە نەبوون و كەمی رێژەی ژن دەكرێت لە كایەی سیاسیدا، بۆچی هەر گلەیی لە پیاو دەكرێت، ئاخۆ ژن خودی خۆی پالپشتی هاوڕگەزەكەی خۆی كردووە؟ لەوەتەی پارتی سیاسی هەیە، ژن بەشدارە بۆچی كاریگەرییەكان بە كەمی هەستیان پێدەكرێت، كە باس لە نەبوونی ژن دەكرێت، بۆ هەر گلەیی لە پیاوە، بۆچی ژن دەبێت چاوەڕێی پیاو بكات، رێگەی بۆ خۆشبكات، ئەی ئەو ژنانەی لە رابردوودا پێگە و پۆستیان هەبووە؟"

لیزا وای دەبینێت، لە رابردوودا ژنی زۆر باش هەبوون، كە پێگەی زۆر باشیان هەبووە، بە ئیرادە و توانای خۆیان هاتونەتە پێشەوە "رەنگە هاتنەپێشەوەی ژن ئاسان نەبێت، چونكە بەربەستەكان تەنها ژن و پیاوانی نێو حزبەكان نین، بەڵكو كۆمەڵگە و دەوروبەریش رۆڵیان هەیە، بەربەستەكان بە رۆژێك و دوو رۆژ ناشكێنرێن، پێویستمان بە بەرنامەو پلانی درێژخایەن هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا رێژەی ژن لە ئۆرگان و ناوەندەكاندا زیادیكردووە، جاران ژن هەر لە پەرلەمان و هەندێك شوێنی حكومی دەبینران، بەڵام ئێستا لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە و لە زۆر شوێنی هەستیار و گرنگدا ژن بوونی هەیە". 

پارتی و پاڵپشتیكردنی ژن 

ئەگەرچی هەمیشە دەوترێت حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی جدییان نەناوە بۆ ئەوەی ژنان بگەنە ناوەندەكانی بڕیار، بەڵام لیزا لەو رووەوە رۆڵی حزبەكەی خۆی (پارتی دیموكراتی كرودستان) بەرز دەنرخێنێ، هەروەها دەشڵێت "خەتاكە هەمووی لە حزبەكەوە نییە، بەڵكو لەكوردستان ژنی بەتوانا و لێهاتوو لە بواری سیاسەتدا كەمە".

"ژن دەبێت بە كاركردن خۆی بسەلمێنێت، من هەموو كاتێك خۆم جیاناكەمەوە، زیاتر لایەنی مرۆڤبوون گرنگە، كەسایەتی بەهێز بۆ ژن گرنگە، ئینجا كار بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیار بكات، نەك تەنها شوێن پڕكردنەوە بەهۆی ژنبوون" لیزا وایوت. 

ژنان هاودەنگی یەكتر نین!
ئەو رەخنەیەی هەمیشە روبەڕوی ژنان خۆیان دەكرێنەوە، بریتییە لەوەی كە پاڵپشتی یەكتر نین و لە پرسە هەستیارەكاندا پشتگیریی لەیەكتر ناكەن، یاخود لەدۆخی دەربڕینی ناڕەزاییەكاندا هەرگیز هاودەنگ نەبوون.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پێیوایە هۆكاری ئەو كێشەیە "نەبوونی متمانەیە". ئەو دەڵێت "هۆكارەكە نەبوونی متمانەیە، كە خودی ژنەكە نیەتی، ئەو متمانەیە لە كەسێتی خۆی دروست نەبووە، بۆیە هەمان تێڕوانینی بۆ ئەوانەی بەرامبەریشی هەیە، بەهۆی زاڵبوونی كلتووری كۆنەوە، ئەوەندە بە ژن وتراوە كە تۆ ناتوانی! سەركەوتوو نابیت! بۆ ئیتر متمانەی لە دەستداوە، وەك خۆی سەیری هەموو ژنەكانی دیكەش دەكات، رایوایە پیاوەكە سەركەوتووترە و دەتوانێت كاری بۆ بكات". 

سەرباری ئەو دۆخە و نەبوونی ئەو باوەڕ و متمانەیە بە ژن، لیزا، سیستەمی (كۆتا) بۆ سەرخستنی ژن بۆ ناوەندی بڕیار، بە "غەدرێكی گەورە" وەسف دەكات بەرامبەر بە ژن "كۆتا غەدرێكی زۆر گەورەیە لە ژن دەكرێت، دەبێت ژنانی ئێمە خۆیان هەوڵبدەن و بەربەستەكان تێك بشكێنن".

لیزا پێیوایە نەبوونی ژن لەناوەندی بڕیار و لە نێو وەفدەكانی هەرێمی كوردستاندا، كاریگەریی خراپی هەبووە بۆ سەر تێڕوانینی "ئەوانی دیكە" لەبارەی كوردستانەوە.

لەوبارەیەوە لیزا نمونەیەك دێنێتەوە "رۆژانە دەبینین وەفد و شاندی زۆر لە وڵاتانی دونیا سەردانی هەرێم دەكەن، زۆر كات سەرۆكی وەفدەكە، ژنە، ئەگەر ژنیش نەبێت چەندین ژنی تێدایە، كە زۆربەیان لە ئاستی بەرپرسیارێتی بەرزدان، بەڵام كە وەفدی كوردستان دەچنە پێشوازییان، هیچ ژنیكیان لەگەڵ نییە، بێگومان ئەوان تێڕوانینیان لە بەرامبەر كوردستان دەگۆڕێت".

ژن و پرۆسەی ریفراندۆم
لە 25ی ئەیلولدا ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بۆچونی جیاوازیان هەیە، هەندێكیان لەگەڵ ریفراندۆمن و هەندێكیشیان رەتی دەكەنەوە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی پێیوایە دەنگ و سەدای ژن لە سەرخستنی ریفراندۆمدا "زۆر گرنگە" و بەبێ بوونی ژن پرۆسەكە لاسەنگ دەبێت.
وەكچۆن بەپێویستیشی دەزانێت رێژەی ژن لە لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا زیادبكرێت "گرنگیدان بە پرسی ژن، گرنگیدانە بە كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و پێشكەوتوو".

لیزا ئەوەشدەخاتەڕوو كە ئەركی ژنی كورد لە پرۆسەكەدا ئەركێكی گەورەیە، دەبێت بزانن بۆچی بەشدار دەبن و بۆچی بەشدار نابن.
"دەوڵەتی كوردستان، یان كوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە بەشداری ژنە، ئەو ماڵە دەبێت ژنی تێدا بێت، بە بێ هەبوونی ژن قبوڵ نییە و سەر ناگرێت" بۆچونی لیزا لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە.


PM:03:04:04/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 5883 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل