‌دەشە كەریم هۆکاری دوورخستنەوەی لە كەناڵی گەلی كوردستان ئاشکرادەکات

وێستگە ستایل-

دەشە كەریم، پێشكەشكاری كەناڵی گەلی كوردستان لە كەناڵەكەی دوور دەخرێتەوە و لەونارەیەوە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

دەشە كەریم لە ڕوونكردنەوەیەكدا  ئاشكرایدەكات كە بەهۆی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "چێژبڕكێ"ی كەناڵی كورد ماكس شۆ لەلایەن بەڕێوەبەری كەناڵی گەلی كوردستانەوە لە كارەكەی دوورخراوەتەوە.

دەشڵێت لە ئێستادا باوی شەڕە پەڕۆو شەڕی براكوژی و شارچێتی نەماوە و دەڵێت "نموونەی قسەكەم بەڕێزكاك (قوباد تاڵەبانی)یە كە سەردانی كەناڵی (نێت تی ڤی) كرد لە شاری هەولێر ڤیدیۆ و ڕەسمی لە ناو تەلەفیزیۆنەكە كردوو بڵاوی كردەوە كەواتە كۆتایی بەو بیرو ڕایە هاتووە كە سەربە حیزبێك بوویت بۆت نەبێت لە كەناڵی حیزب و شارێكی ترەوە دەركەویت وەك میوان".

دەقی ڕوونكردنەوەی دەشە كەریم:

سڵاو ئازیزان و خۆشەویستانی من ....بە پێویستم زانی هۆكاری دووركەوتنەوەم لە شاشەی گەلی كوردستان و بەرنامەی (ئێوارەی ئەمڕۆی گەلی كوردستان) باس بكەم بۆئەوەی بۆ ھەمووان ڕوون بێت چونكە زۆرم پرسیار لێئەكرێت بۆ لە شاشەی گەلی كوردستان دیارنیم ؟؟؟مافی خۆشیانە لەم ڕوونكردنەوەیە ئاگاداربن.

من دەشە كەریم لە بەرواری ١/٧/٢٠١٦ بەڵێننامەیەكم لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان واژۆ كرد كە بەڵێننامەكە بۆ (٣)مانگە ئەبێت دوای (٣)مانگ تازەبكرێتەوەبەڵام، هەتا (٩)مانگ دوای ئەوەش من لە كەناڵی ناوبراو بووم بەڵێننامەم نەبوە

لەسەرەتادا كە بەڵێن نامەم ھەبوو لە یەكێك لە خاڵەكان ئەوە بوو بۆم نییە لە كەناڵێكی ترەوە دەربكەوم بەڵام نەك وەك میوان بەڵكو وەك پێشكەشكار ئەوەش شتێكی ئاساییە ھەموو كەناڵێك ئەو مەرجەی ھەیە.

لەماوەی ڕابردوو لە كەناڵی (كوردماكس شۆو) بوومە میوان لە بەرنامەی( چێژبڕكێ)
بەبیانووی ئەوەی بەشداریی ئەو پرۆگرامەم كردووە وەك میوان لەو كەناڵە دەركەوتووم بەڕێوەبەری كەناڵی گەلی كوردستان (بورهانی حاجی عەلی)هەرهەمان ڕۆژی بەشداریكردنم بڕیاری ئەوەیدا كە كۆتا پرۆگرامم بێت لەو كەناڵەو چیتر بۆم نەبێت دەربكەوم لەو كەناڵە
لێرەدا ئەمەوێت چەند شتێك باس بكەم.

١-كەناڵی كوردماكس شۆو كەناڵێكی تەرفیهیە پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە.
٢-بەرنامەی (چێژبركێ) بەرنامەیەكە پێشبڕكێیە و كەیف بەخشە.
٣-لە كەناڵێكی ترەوە میوان بووە دەركەوتنەكەم نەك لێدوانی سیاسی بدەم.
٤-لە ئێستایا باوی شەڕە پەڕۆو شەڕی براكوژی و شارچێتی نەماوە نموونەی قسەكەم بەڕێز كاك (قوباد تاڵەبانی)یە كە سەردانی كەناڵی (نێت تی ڤی) كرد لە شاری هەولێر ڤیدیۆ و ڕەسمی لە ناو تەلەفیزیۆنەكە كردوو بڵاوی كردەوە كەواتە كۆتایی بەو بیرو ڕایە هاتووە كە سەربە حیزبێك بوویت بۆت نەبێت لە كەناڵی حیزب و شارێكی ترەوە دەركەویت وەك میوان.
٥-من لە دوای (٣)مانگی یەكەمەوە هیچ گرێبەستێكم نەمابوو لەكەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان كەواتە ھیچ خاڵێك نییە ڕێگریم لێ بكات و پابەندم بكات بە رەچاوكردنی گرێبەستێكەوە كە بوونی نییە

بەڕێوەبەری ناوبراو پێی وتم (یان تۆ لەم كەناڵە ئەبیت یان من، بەبۆنەی تۆوە (٥٠) كارمەند واز دەھهَنێت!!!) ئەم قسانە شیكردنەوەكەی بۆ خوێنەر دائەنێم .

بۆ ئەم بابەتەی من بەرپرسێكی سیاسی نزیكی ئەو كەناڵە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستانەوە هەیە ئاگاداركراوەتەوە كە بەڕێوەبەری ئەوكەناڵە ئاوا مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندنكارانی ناو كەناڵەكە ئەكات بەڵام ئەویش ھەڵوێستێكی ئەوتۆی نەبوو
تەنها لەڕێگەی سكرتێرەكەیەوە هەوڵێك دراوە، بەڵام بەڕێوەبەری كەناڵی گەلی كوردستان وتویەتی بڕیاری كۆتایمە.

لێرەوە ئەمەوێت ئەوە بڵێم ئامانجم لە مانەوەم لەو كەناڵە تەنها خزمەتكردنی خەڵك بووە لەهەرشوێنێك بم خزمەتی خۆم ئەكەم بە راستی و بە عەدالەت نەك بە گەندەڵی و بێ ئاگایی لەوەی چی ڕووئەیات لە دنیایا نەك هەمیشە بە عەقڵیەتێكی كۆن و بێ بایەخەوە بیر بكەینەوەو بڕیار بدەین.

من زۆر سوپاسی ئەو كەسانە ئەكەم كە لە سەرەتای دەركەوتنمەوە تا ئێستا پشتیان گرتووم هاوكارم بوون سوپاسی تایبەتم بۆ بینەرەكانم كە ئەم ماوەیە هەواڵی منیان پرسیوە لە هۆكاری دیار نەمانم لەسەر شاشە بەمافی ئەوانم زانی كە ئاگاداربن

من هەر بەردەوام ئەبم لە كاری ڕاگەیاندن لە هەرشوێنێك بێت و لەهەركاتێكا بێت چاوی هەموو بینەرەكانم ماچ ئەكەم.
خوشكتان: دەشە كەریم
 ٢٠/٨/٢٠١٧



PM:02:56:21/08/2017








ئه‌م بابه‌ته 109198 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل