‌بە پێنج راهێنان چارەسەری ئازاری پێیەکان بکە لە ماوەی ١٥-٣٠ چرکە

وێستگە ستایل-


گەر هەست بە ئازار دەکەیت لە پێیەکانتدا لە کاتی هاتنە دەرەوە لە جێگادا یان هەستان لەسەر کورسی، ئەوا ئەگەری زۆر کە توشی هەڵئاوسان بووبیت لە یەکێک لە بەستەرەکانی بنی پێتدا.

چەندین رێنمایی و ئامۆژگاری و راهێنان هەن کە وەک چارەسەری سرووشتی رۆڵ دەبینن و دەتوانی بەکاریان بهێنیت بۆ چارەسەرکردن یان کەمکردنەوەی ئازارەکەت.

چەند ئامۆژگارییەک بۆ نەمانی ئازاری پێیەکان:

پشوو وەربگرە و خۆت لە بازدان، راکردن و زۆر بە پێوە وەستان بە دوور بگرە. ئەو پێڵاوانە لە پێ بکە کە بە تایبەت بۆ ئازاری پێیەکان دروستکراون.

هەڵئاوسان کەمبکەرەوە لە ڕێگەی دانانی چەند پارچە سەهۆڵێك بۆ سەر شوێنی ئازارەکە.

یەکێکی تر لە رێگاکان بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پێیەکان بریتییە لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک راهێنانی تایبەت لە ماڵەوە:

راهێنانی یەکەم: پێیەکان بخەرە سەر زەوی و پەنجەی پێیەکانت بەرەو رووی پاژنەی پێت بچمەمێنەرەوە بۆ ماوەی ١٥-٣٠ چرکە.

راهێنانی دووەم: رووبکەرە دیوارێک و دەستەکانت بەرەو دیوارەکە درێژ بکە. ئەو قاچەی تیایدا هەست بە ئازار ناکەیت رووی بکەرە قەراغی دیوارەکە، ئەو قاچەشت کە تیایدا هەست بە ئازار دەکەیت ببەرە دواوەی خۆت لەسەر زەویەکە. پاشان هێواش هێواش جەستەت بەرەو دیوارەکە بنوشتێنەرەوە و بە دەستەکانت خۆت بگرە هەتا ئەو کاتەی هەست بە کشانی پشتت دەکەیت. بۆ ماوەی ١٥-٣٠ چرکە بەم شێوەیە بمێنەرەوە و ٣ جار رۆژانە ئەم راهێنانە دووبارە بکەرەوە.

راهێنانی سێیەم: لەسەر زەوی دابنیشە. قاچەکانت لەبەردەمی خۆت دابنێ و خاولییەک بخەرە ژێر ئەو قاچەی تیایدا هەست بە ئازار دەکەیت. هەردوو سەری خاولییەکە بگرە و رایبکێشە بەرەو سەرەوە لە کاتێکدا بە قاچت فشار دەخەیتە سەر زەوییەکە. بۆ ماوەی ١٥-٣٠ چرکە قاچت بەمشێوەیە رابگرە.

راهێنانی چوارەم: لەسەر قاچەکانت بۆستە. دەستت بەرەو بنی پێت درێژ بکە و پشتت بنوشتێنەرەوە تا دەستت دەگاتە قاچت و هەست بە کشانی ماسوولکەکانی ران و قاچت دەکەیت. رۆژانە ئەم راهێنانە ٣ جار تاقی بکەرەوە.

را‌هێنانی پێنجەم: قوتویەکی خواردن یان شەربەت بە ساردی بخەرە ژێر پێتەوە و بە پێت یاری پێ بکە بۆ پێشەوە و دواوە. وا باشترە ئەم راهێنانە لە بەیانیاندا ئەنجام بدرێت.


PM:06:19:19/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 24105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌