‌بەوێنە...مەروە محەمەد..هاوسەر و خێزانەكەم وەك شاخێك بەردەوام لەپشتی منن

وێستگە ستایل-

وێستگە ستایل- چراخان ئاسۆ
 
مەروە یەكێكە لە خانمە هونەرمەندەكانی بواری دراما ، لە چەندین بەرهەمی دراما و شانۆدا وەك خانمە ئەكتەرێكی سەركەوتوو توانیویەتی ڕۆڵ ببینێت ،  لەڕێی دیمانەیەكی تایبەتەوە ئەم خانمە وەڵامی چەند پرسیارێكی وێستگە ستایلی دایەوە .


وێستگە ستایل- مەروە محەمەد كێیە ؟ هەموو كات لە ڕۆڵەكانتدا وەك خانمێكی هێواش و لەسەرخۆ دەردەكەوێت ، ئەمە چەند لە كەسایەتی تۆ نزیكە؟


- "مەروە محەمەد لەدایكبووی ساڵی 1983 م لە شاری  هەڵەبجە ، قۆناغەكانی خوێندنم لە سلێمانی تەواو كردوە دەرچووی پەیمانگای هونەرجوانەكانم لە سلێمانی ، بەڵێ كەسێكی لەسەر خۆم و زۆر درەنگ توڕە دەبم ئەوەش وایكردوە تەواوی ئەو ڕۆڵانەی دەیانبینم هێور و ئارام بێت "



وێستگە ستایل-ماوەیەكە لە كاری هونەری دوریت و بەرهەمی نوێت نیە ، هۆكاری ئەمە چییە؟
-"بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ئێستادا كاری هونەری زۆر كەمبۆتەوە ئەگەر نا من بەردەوام و تا دوا هەناسە ئارەزووی كاری هونەری دەكەم "

وێستگە ستایل- چی دەڵێیت لەسەر ڕۆڵی خانمان لە هونەری شانۆ و درامادا ؟ پێت وایە توانیوتانە سەركەوتوو بن و جێگەی دەستتان دیاربێت ؟

- "من دڵخۆشم بە بوونی ئافرەتان لە هونەری شانۆ و دراما كە ئافرەتی زۆر چالاك و بوێر هەیە كە توانیویانە ڕۆڵەكانیان پڕاوپڕ بەرجەستە بكەن و ئەكتەرە ئافرەتەكان جێگەی  ڕێز و دەستخۆشین   "



وێستگە ستایل- ئارەزوو دەكەیت لە چ جۆرە كارێكی هونەریدا زیاتر ڕۆڵ ببنیت ؟

-" ئارەزوو دەكەم لە هەموو كارێكی هونەریدا و بەپێی توانای خۆم بەشداربم و زیاتر من لە كاری درامادا بەشداری دەكەم "

وێستگە ستایل- هاوسەر و خێزانەكەت تا چەند پشتگیریت دەكەن بۆ كاری هونەری ؟

- "هاوسەر و خێزانەكەم وەك شاخێك بەردەوام لە پشتی منن و ئەگەر ئەوان نەبێت من ناتوانم بەردەوام بم ، خۆشم ئەوێن هەمیشە قەرزاریانم "


وێستگە ستایل- وەك هونەرمەندێك بۆ پرسی ڕیفراندۆم چی دەڵێیت ؟

-" من لەگەڵ سەربەخۆیی وڵاتەكەم ئەبم و هیوادارم ببینە خاوەنی وڵات و ئاڵا و سنوری خۆمان ئێمەش هیچمان لە وڵاتانی تر كەمتر نیە لەبەر ئەوە دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی "



وێستگە ستایل-ئارەزوو دەكەیت منداڵەكانت هەمان ڕێچكەی كاری تۆ بگرنەوە و كاری هونەری بكەن؟

- " لە وڵاتی ئێمە هونەرمەند بەدبەخت ترین چینە بۆیە حەزناكەم منداڵەكانم ببن بە هونەرمەند بەڵام لە كۆتایدا ئەوە ئارەزوو و ویستی ئەوان دیاری دەكات دەیانەوێت ببن بەچی و كوڕەكەم لە چەند كارێكیش لەگەڵمدا ڕۆڵی بینیوە "
-"لە كۆتایدا  زۆر سوپاس بۆ وێستگە ستایل بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە "


PM:05:44:17/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 21926 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌