کام خۆراک تۆوی پیاوان زیاد دەکات
وێستگە ستایل-
کام خۆراک تۆوی پیاوان زیاد دەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
زۆرێک لە پیاوان بەدوای ڕێگەی سروشتیدا دەگەڕێن بۆ باشترکردنی توانای زاوزێ و
زیادکردنی ژمارەی تۆوەکانیان، توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکانیش دەریدەخەن کە
سیستمی خۆراکی ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبینێت لەم پرۆسەیەدا و دەکرێت
تەنها بە گۆڕانکاری لە ژەمەکاندا ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر بەدەست بهێنرێت.
کێشەی کەمبوونی تۆو یان لاوازی جوڵەی تۆو یەکێکە لەو گرفتە باوانەی کە ڕووبەڕووی
بەشێکی زۆری هاوسەران دەبێتەوە لە سەرەتای ژیانیاندا، ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی
بە کەمی هەندێک ڤیتامین و کانزا و دژە ئۆکسانەکانەوە هەیە کە پارێزگاری لە کوالێتی
خانەکان دەکەن.
خۆراکە دەریاییەکان بەتایبەت (سەدەف) بەهۆی دەوڵەمەندییان بە توخمە "زینک" یەکەمین
بژاردەن، چونکە زینک بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، هەروەها گوێز
کە بڕێکی زۆر ئۆمیگا ٣ی تێدایە یارمەتی زیادکردنی خوێن بۆ ئەندامی نێرینە و
باشترکردنی شێوەی تۆوەکان دەدات، جگە لەوەش شوکولاتەی تۆخ و سیر و سپێناخ بە
سەرچاوەی گرنگی تر دادەنرێن.
لە ڕووی زانستییەوە، تۆوی پیاو پێویستی بە ژینگەیەکی کەم ئۆکسان هەیە، چونکە ماددە
ژەهراوییەکان و سترێس دەبنە هۆی تێکشکانی دی ئێن ئەی (DNA) ناو تۆوەکە، بۆیە
خواردنی میوەکانی وەک هەنار و پرتەقاڵ کە ڤیتامین Cیان تێدایە، وەک قەڵغانێک
کار دەکەن.
پزیشکان ئامۆژگاری پیاوان دەکەن کە لەپاڵ ئەم خۆراکانەدا، لە خواردنی خێرا و چەوری
تێر دووربکەونەوە و وەرزش بکەن، چونکە کێشی زۆر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی
گەرمی گونەکان و تێکچوونی پرۆسەی دروستبوونی تۆو.
بۆیە ئەگەر دەتەوێت بە شێوەیەکی سروشتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەیت، پێویستە بایەخێکی
زۆر بەو خۆراکانە بدەیت کە دەوڵەمەندن بە ترشی فۆلیک و ڤیتامین E، چونکە ئەم دوو
پێکهاتەیە تەمەنی تۆو لە ناو جەستەی مێینەدا درێژتر دەکەن.
سەرچاوە: گۆڤاری تەندروستی "Healthline" نێودەوڵەتی.
PM:11:42:09/06/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه