‌ئەلیگری لە ڕاهێنەرایەتی دوو یانەی بەهێزەوە نزیكە

وێستگە سپۆرت-

ماسیمیلیانۆ ئالێگری ئیتاڵی و ڕاهێنەری پێشووی یانەی یۆڤانتۆس ئامادەكاری بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ كاری ڕاهێنەرایەتی كردووە و چاوەڕوان دوو یانەی گەورەی ئەوروپا دەكات.

ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆڕتی ئیتاڵی ئاماژە بەوە دەكات، ئالێگری بۆ وەرگرتنی ئەركی ڕاهێنەرایەتی دوو یانەی ئەوروپا ئامادەیە.

نزیكترین ئەگەریش پەیوەندیكردنە بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە، ئەمەش پاش ئەوەی تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی و راهێنەری یانە پاریسییەكە لەگەڵ كلیلیان مباپێی هێرشبەری یانەكەی كەوتۆتە كێشەوە و پەیوەندییەكانیان ساردی تێكەوتووە، جگە لەوەش لیوناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان لە مامەڵەی تۆخێل ڕازی نییە و لە هەمانكاتیشدا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئالێگری هەیە، بەڵام گەیاندنی یانەكە بە چارەكی كۆتایی یانە پاڵەوانەكان بابەتی دوورخستنەوەی ئەو ڕاهێنەرە ئەڵمانییەی كەمێك لاواز كردووە.

لە دووەمین چاوەڕوانیشدا ئالێگری  ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی كردووە، سەرچاوەكە ئەوەی خستۆتە ڕوو، ئەگەر سۆڵشایەر لە گەیاندنی شەیتانە سوورەكان بە چامپیۆنسیلیگی وەرزی داهاتوو شكست بهێنێت، ئەوا ڕاهێنەرە نەرویجییەكە دووردەخرێتەوە و ئالێگری شوێنی دەگرێتەوە، ماوەیەكی زۆریشە ئالێگری بەردەوام سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزییەوە و ناوبراو نەیشاردۆتەوە خەونی ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە پرێمەرلیگ ڕاهێنەرایەتی بكات.


PM:12:02:26/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 7312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری