‌بۆچی ڕیاڵ مەدرید یاریزانی نوێی گران ناکڕێت؟

وێستگە سپۆرت-


زۆرینەی هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید، چاوەڕوانی ئەوە لە یانەکەیان دەکەن کە گرێبەستی گەورە ئەنجامبدات، بە تایبەت دوای ئەوەی کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیان لێ رۆیشتووە.

بەشێک لە ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریاڵ مەدرید جارێ پلانی ئەوەی نیە کە لە چەند گواستنەوەیەکدا یاریزانی گران بکڕێت، هەرچەندە جامی سوپەری ئەوروپای بەم دوایە بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید لەدەستدا.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، هۆکاری ئەوەی کە ریاڵ مەدرید گرێبەستی گەورە ئەنجام نادات بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەیانەوێت بودجەیەک تەرخان بکەن و پێشکەشی یاریزانێکی نوێی بکەن، کە ئاماژەکان بۆ نەیمار دەچن، ئێستاش پارەکە ئامادەیە کە ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆیە.

هۆکاری ئەوەی کە ڕیاڵ مەدرید یاریزان ناکڕێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە یاسای یاری خاوێن دەترسن، چونکە پلانیان بۆ هێنانی نەیمار داناوە.

هەرچەندە ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند کە لە گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا یاریزانی گران ناکڕن، بەڵام پێرێزی سەرۆکی یانەکە خەونەکەی هەمیشە زیندووە بۆ کڕینی نەیمار.

وەکوو لە هەواڵەکەدا هاتووە، ڕیاڵ مەدرید پلانی داناوە کە لە گواستنەوەی داهاتوودا، هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی نەیمار بکڕن و خۆشیان لە یاسای یاری خاوێن بپارێزن.


یاسای یاری خاوێن دەڵێت: هەموو یانەیەک پێویستە لە ماوەی 3 ساڵ داهات و خەرجی یەکسان بکاتەوە،  واتا نابێ پارە خەرجکردن، لە پارەی دەست کەوتی زیاتر بێ.

بۆ نموونە یانەیەک لەو 3 ساڵە داهاتی 100 ملیۆن یۆرۆ بووە، نابێ بچێ 200 ملیۆن لە یاریزان کڕیندا خەرج بکات، چونکە 100 ملیۆن قەرزار دەبێتەوەو دواتر یانەکە توشی ئیفلاسی دەبێت.

سودێکی تری ئەم یاسایە ئەوەیە یانە گەورە و دەوڵەمەندەکان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆندی خەیاڵی بکەن .. وە مافی یانە بچووکەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەپارێزرێت.


PM:02:01:17/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 6654 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری