‌پاڵەوانی عێراق، بۆ وێستگە سپۆرت دەدوێت

وێستگە سپۆرت-


لە یارییەکانی پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق بۆ یاری شەترەنج، سان تەهای یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، توانی پلەی یەکەم بەدەستبێنێت و بە جام و میدالیایی پاڵەوانێتییەکەوە گەڕایەوە بۆ شآری سلێمانی.

بە سەرپەرشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و یەکێتی ناوەندی شەترەنجی عێراق، پالەوانێتیەکی چەند ڕۆژەی شەتڕەنج بۆ یانەکانی عێراق لە هۆتێل ئینتەر لە شاری بەغداد ئەنجامدرا.

پاڵەوانێتییەکە بەبەشداری ٤٩ یاریزان لە سەرجەم شارەکانی عێراق بۆ تەمەنە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، کە سان تەها توانی لە ئاستی تەمەن ٢٠ ساڵدا پلەی یەکەم بەدەستبێنێت.

یاریزانەکەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، توانی لە کۆی ٩ یاری کە ئەنجامیدا، حەوت خاڵ و نیو بەدەستبێنێت، بەوەش بۆ جاری شەشەم بووە پاڵەوانی عێراق و بە جام و میدالیاوە گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی.

بەهۆی ئەوەی کە ئەو یاریزانە پلەی یەکەمی عێراقی بەدەستهێنا، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، بەشداری لە دوو پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەب لە وڵاتی تونس و ئاسیا بکات.


 

لەلێدوانێکیدا بۆ (وێستگە سپۆرت)،سان تەها ڕایگەیاند، دڵخۆشە بەوەی توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەستبێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانیشە بەوەی کە لە کوردستان و بەتایبەت شآری سلێمانی، گرنگی بە یاری شەتڕەنج نەدراوە، چونکە ئەو ئێستا کە یاری بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەکات، تاکە یانەیە لەو شارەدا کە بەشی شەترەنجی تێدا بێت.

وتیشی، لەبەر قەیرانی دارایی، یاری شەترەنج بە تەواوی لە کوردستان پەکی کەوتووە.

سان لە لێدوانەکەیدا، سوپاسی (ئەسعەد ئیسماعیل)ی سەرۆکی بەشی شەترەنجی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی کرد، کە هاوکاری بووەو گرنگی تەواوی بەو یارییەداوە لە یانەکەدا.


 

یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەو پاڵەوانێتییەدا کە بەچوار یاریزان بەشداربوون، وەکوو یانەش توانیان پلەی یەکەم بەدەستبێنن.

سان دەڵێت: لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ویستوییەتی واز لە یاریکردن بهێنێت، چونکە پێی وایە هەرچەندە پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت و دەبێتە پاڵەوان، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بۆ یاری شەتڕەنج لە کوردستان بەدی ناکات، ئەوەش ساردی دەکاتەوە.

سان سوپاسی ( هیوا عەبدوڵا)ی مامۆستای کردووە کە وەکوو مامۆستایەکی " یۆگا" هاوکاری بووە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە یارییەکەی.


 

سان تەها، هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەستی بە یاری شەترەنج کردووەو لەناو خێزانێکدا بووە کە باوک و براو خوشکی خولیایی ئەو یارییە بوون و دەستکەوتیان هەبووە، ئەوە جگە لەوەی کە باوکی ڕاهێنەرو ناوبژیوانی یاری شەتڕەنج بووەو تاکوو ئێستاش ڕاهێنەرە.


 


PM:10:11:03/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 6498 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌