‌سەیر و سەمەرەکانی مۆندیال (بەهۆی هەڕەشەی فڕاندنەوە بەشداری مۆندیالی نەکرد)

وێستگە سپۆرت-



(بەشی ٨)

یۆهان کرۆیڤ ئەستێرەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەشداریی مۆندیالی ١٩٧٨ی ئەرجەنتینی نەکرد، هەرچەندە ئەم ئەستێرەیە چوار ساڵ پێشتر گەیشتبووە یاری کۆتایی مۆندیالی ١٩٧٤ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی، ئەمەش بەهۆی سیاسەتەکانی "دیکتاتۆر"ی دەسەڵاتداری ئەوکاتی ئەرجەنتینی خورخی ڤیدیلا، کە دوو ساڵ پێش دەستپێکردنی مۆندیال سەرکردایەتی کودەتایەکی سەربازی کرد لە ئەرجەنتین و دەسەڵاتی گرتەدەست. ئەو کات خورخی تۆمەتباردەکرا بەدەستگیرکردنی نەیارەکانی و فڕاندنی منداڵەکانیان بۆ ئەوەی فشاریان بخاتە سەر.

هەرچەندە هەڵبژاردەی هۆلەندا بیری لەوەدەکردەوە کە سەرجەم هەڵبژاردەکە بەشداری مۆندیال نەکەن، بەڵام دواتر بەشدارییان کرد و تەنها یۆهان کرۆیڤ بڕیاری دا بەشداری نەکات و نەچێت بۆ ئەرجەنتین. لە دوای یاری پاڵاوتنەکاندا لەگەڵ بەلجیکا کە ٢ بە سفر هۆڵەندا یارییەکەی بردەوەو کرۆیڤ دوو گۆڵەکەی تۆمارکرد، کرۆیڤ وتی "بەشداری کاسی جیهانی ناکەم”.

هەرچەندە شاژنی هۆڵەندا ویستی قەناعەت بە کرۆیڤ بکات بەشداریی بکات بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجام بوو. دواتر یۆهان کرۆیڤ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا رایگەیاند کە هۆکاری بەشدارینەکردنەکەی لە مۆندیال بۆ رەتکردنەوەی ئەو سەرکوتکارییە کە لە ئەرجەنتین هەیە و هەروەها هەڕەشەی فڕاندن لەخۆی و خێزانەکەی کراوە لە لایەن لایەنگرانی حاکمی "دیکتاتۆر"ی ئەرجەنتین خورخی ڤیدیلا ئەگەر بچێتە ئەرجەنتین، ئەمەش بەهۆی لێدوان و هەڵوێستەکانی کرۆیڤەوە لەسەر دەسەڵاتی "دیکتاتۆریی" ئەرجەنیتن.

هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەشداریکرد و گەیشتە یاری کۆتایی و ڕوبەڕوی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوەوە. لە ئەنجامدا ئەرجەنتین بە ٣ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵیک یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی مۆندیال. بردنەوەیەک کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوەو ڕۆژنامە ئەوروپی و هۆڵەندییەکان بردنەوەی ئەرجەنتینیان بە موئامەرە وەسفکرد و مۆندیالی ١٩٧٨ یش زۆرترین کاردانەوەو جەدەلی لە مێژووی مۆندیالدا دروستکردو بە یەکێک لە مۆندیالە خراپەکان دادەنرێت لەڕووی رێکخستن و بەڕیوەچونەوە.

وێنە: یۆهان کرۆیڤ


ئاوات عەلی


PM:03:51:22/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 2193 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

گەلەری